مەترسیەکانی شێوانی ناوبانگی هەرێمی كوردستان

ئەبوبەکر کاروانی

نووسەر و کاردی یەکگرتوی ئیسلامی
  17/08/2020  |    751 جار خوێندراوەتەوە

ناوبانگ لەسەر ئاستی تاكەكەسی‌و خێزان ‌و رێكخراو‌و حیزب‌و قەوارە‌و كۆمەڵگە‌و دەوڵەت‌و تەنانەت ناوچەی فەرهەنگی‌و ژیاریش بایەخێكی گەورەی هەیە. مەبەست لە (ناوبانگ) جۆری زرنگانەوەی ناوی تۆیە لە گوێ‌ی كەسانی دی‌و دەوروبەر‌و پەیوەندیدار‌و چاودێردا، ئەوەی لە بارەتەوە دەبیسترێت‌و بڵاو دەبێتەوە، وێنەی تۆ‌و ئەو باری سەرنجەی دەربارەت لەلایەن كەسان ‌و ناوەندگەلێكی ترەوە لێت وەردەگیرێت. ناوبانگ كە لێرەدا مەبەستمان ناوبانگی چاكە، چونكە ناوبانگی خراپیشمان هەیە، مەسەلەیەكی یەكجار هەستیار‌و ناسك‌و بایەخدارە، شتێكی لاوەكی‌و كەم بایەخ نیە، تا بە هەند نەگیرێت‌و خەمی نەخورێت‌و لە بیریدا نەبین. (ناوبانگ) بەشێكە لە جەوهەر‌و خودی هەر بوونێ‌، بەتایبەت لە ئاستە كۆمەڵایەتی‌و سیاسی و ئابوری ئەخلاقیەكەدا. زڕان‌و نەمانی ناوبانگ لە زۆركاتدا یەكسانە بە مردنی مەعنەوی ئەو كەس‌و دەزگا‌و قەوارەیە. كەواتە بۆ ئەوەی هەبیت ، بونەكەت رێزلێگیراو بێت‌و كاریگەر‌و سەنجڕاكێش بێت، دەبێت لە خەمی ناوبانگی خۆتدا بیت، هەندێ‌ لە توێژەر‌و مێژوونوسان باس لەوە دەكەن تەنانەت ئیمپراتۆریەت‌و زلهێزەكانیش هەركاتێك ناوبانگیان لەكەدار بوو، توانای سەرنجڕاكێشانی ئەوانی دیان بۆ خۆیان نەما، ناچار دەبن بۆ درێژە بە ژیان‌و مانەوەیان پەنا بەرنە بەر هێزی ڕووت، ئەوەش وادەكات وردە وردە بەرەو پوكانەوە بچن‌و خۆریان بەرەو ئاوابوون بڕوات.

ناوبانگیش هەروەك ( بنیامین فرانكلین) دەڵێت : لە ماوەیەكی دوور ‌و درێژ‌و بەكەڵەكە بوونی چەندین كار‌و رەفتاری چاك دێتە دی‌و بەدەست دێت. كەچی وریا نەبین زۆر بە ئاسانی لەدەست دەچێت. كەچی سەرەڕای ئەم بایەخە گەورەی (ناوبانگ) بۆ مانەوە‌و بەهێزی‌و سەنجڕاكێشی كەس‌و دامەزراوە ‌و قەوارەكان، هەرێمی كوردستان وەك قەوارەیەكی دەستووری‌و مۆدێل‌و ئەزموونێكی حوكمڕانی ناوبانگی رۆژ بەرۆژ بەرەو خراپتر دەچێت. ئەمەش وادەكات بایەخی لەبیركردنەوەی كەس‌و دەوڵەت‌و رێكخراوە پەیوەندیدارەكان بە دۆخی عێراق‌و خۆرۆهەڵاتی ناوەڕاست‌و دۆستەكانی‌و ناوەندەكانی توێژینەوە‌و دروستكردنی بڕیار كەمتر بێتەوە، لەكاتێكدا بەشێ‌ لە سەرچاوەی ڕەوایەتی ‌و بوون‌و مانەوەی هەرێم هەر لەدوای نەوەدەكانەوە لەسەر جیاوازبوون‌و رێزگرتن لە كۆمەڵێ‌ بەهاو ناوبانگ دامەزرابوو. وە هەرێم دەیان قاتی دەوڵەتێك پێویستی بە ناوبانگ‌و هێزی ئەخلاقی هەیە، لەبەر ئەوەی كە لاوازی ئەخلاقی‌و نەمان یان لاوازبوونی ناوبانگ ، ململانێ‌ و هاوكێشەكان بەتەواوی دەخاتە چوارچێوەی هاوسەنگی هێزەوە، لەو كاتەشدا هەرێم دەدۆڕێت بە حوكمی ئەوەی خاوەن ئەو هێزە نیەکە لە ململانێیەكی لەو جۆرەدا پێویستە.

ئەو هۆكارانەی ناوبانگی هەرێمیشیان لە ئێستا شێواندووە‌و مەترسیان بۆ سەر دواڕۆژی دروست كردووە جۆراوجۆرن، لەوانەش:

1)​ناكۆكیەكی ناشیرینی نێوخۆیی بەتایبەتیش لە نێوان یەكێتی‌و پارتی، كە وای كردووە گەلی هەرێمەكە تا ڕادەیەكی زۆر سیمای گەل بوون بدۆڕێنێ‌‌و وەك كۆمەڵێ‌ خێڵی پەرش‌و بڵاو دەربكەون.

2)​گەندەڵی‌و دەوڵەمەندبوونی ناڕەوا‌و خراپ بەكارهێنانی دەسەڵات كە پرسیار دەخاتە سەر ئینتیما‌و هۆشیاری ‌وهەست بە لێپرسراوێتی سیاسی كۆی نوخبەی حوكمڕان‌و حیزبی‌و سیاسی.

3)​خراپی دۆخی ئابوری‌و ناتوانایی لە دانی مووچەی فەرمانبەران، بەمەش وێنەی ئۆردوگایەكی پەنابەران وەردەگرێت‌و كەم سەلیقەیی ئابوری‌و ئیداری‌و زانستی لە وڵاتەكە‌و دەسەڵاتدارەكانیش دەردەخات.

ئەوەی جێگەی نیگەرانی‌و كارەسات ‌وپەژارەشە ، بایەخی قەوارەی هەرێم‌و ناوبانگەكەی لای بەشێكی بەرچاوی خودی گەلی هەرێمەكە ش كەم بۆتەوە؟! .

نائومێدی باڵی بەسەر بیركردنەوەی زۆرێكدا كێشاوە . مەودای نێوان حیزبە حوكمڕانەكان ‌و قەوارەی دەستووری هەرێم زۆر بچووك بۆتەوە. چاوەڕوانیەكانی خەڵك لە سۆنگەی هۆكارەكانی پێشەوە بۆ ئاستێكی نزم‌و ئازاردەر دابەزیوە ‌وهاتۆتە خوارەوە.

بە كورتی گەر لەڕابردوودا بەهۆی هەندێ‌ دۆخی بابەتی دەوروبەر‌و توندوتیژی‌و شەڕی ناوخۆی عێراقەوە، هەرێم توانیبێتی هەندێ‌ ناوبانگ كۆبكاتەوە لە ئێستادا بەهۆی قەیران ‌و لاوازییە بونیادییەكان ‌و دەسەوسانی نوخبەی حوكمڕان لە چارەسەركردنیان زۆربەی لەدەست دراوە.

تەنها لە هەندێ‌ ڕوەوە رەنگە لێرە‌و لەوێ‌ جێگەی سەرنج بێت‌و هەندێ‌ ناوبانگی بۆ هێشتبێتەوە، كە زۆربەی ئەو بوارانەش رەنگدانەوەی واقیعی مێژوویی‌و فەرهەنگی خەڵكە نەك دەسەڵاتدارەكان، لەوانەش:

-​لەخۆگرتنی ئاوارەكان.

-​پێكەوە ژیانی ئاینی‌و نەتەوەیی‌و مەزهەبی.

-​سەقامگیریەكی ئەمنی.

ئەوەی مایەی بیرلێكردنەوەشە، لەكاتێكدا چەندین دەوڵەت‌و دەزگای هەواڵگری لە رابردوودا كاریان لەسەر ناشیرینكردنی ناوبانگی هەرێم كردووە، كەسیان نەیانتوانیوە نیوەی خۆمان لە شێواندنی ناوبانگەكەدا رۆڵیان هەبێت. بەمەش ئەو ئایەتە قورئانیەمان بە مانا سیاسیەكەی بە سەردا دەچەسپێت کە لە وەسفی جولەكەكانی مەدینەدا دەفەرموێت : [یُخْڕبُونَ بُیُوتَهُم بِأَیْدِیهِمْ] بە دەستی خۆیان ماڵی خۆیان وێران دەكەن.

ئێستا پرسیارە گەوەرەكە ئەوەیە ، چۆن ئەو ناوبانگەی شێوانمان سەرلەنوێ‌ چاكی بكەینەوە؟ كە تەنها لەڕێ‌ی گۆڕان ‌و چاكسازی ریشەیی‌و دووبارە بیناكردنەوەی مۆدێلی حوكمڕانی‌و ئەو عەقڵیەتە دەبێت كە (30) ساڵە نوقمی گەمە بچوكەكانیەتی واش دەزانێت بۆ ئایندەی نەتەوەیەك هەوڵا دەدا : [ ۆهُمْ ێحْسَبُونَ أَنَّهُمْ یُحْسِنُونَ صُنْعًا ] .. لەكاتێكدا بە كردەوە سەلما چاكساز نەبوون ‌و تا ئێستا نیشتمان ئەو بڵندییەیە ئێمە بۆ سەیركردنی ڕووداوەكان ‌و تێگەیشتن لێیان ‌و پلانڕێژی نوخبەی دەسەڵاتدار‌و سیاسی ئێمە پێ‌ی نەگەیشتووە. پێ‌ ناچێ‌ بەم جۆرەش پێ‌ی بگات.
زیاتر