ئەمریكا هیچ پلانێكی بۆ داهاتووی كورد نییە، تەنها دەیەوێت سود لەپێشمەرگە وەرگرێت
29/03/2026
|
622 جار خوێندراوەتەوە
پێدەچێت ئەمریكا هەوڵی كۆنترۆڵكردنی چەند ناوچەیەكی زۆر دیاریكراوی لەخاكی ئێران بدات وەك بەشێك لەپلانی بەركەنارخستنی رژێمی ئێران.
بەپێی ئەو زانیاریانەی لەمیدیاكانی ئەمریكا بڵاودەكرێنەوەو ئەو پێشبینیانەی لێرەوە دەكرێن، قۆناغی دووەمی پەلاماری ئەمریكا بۆسەر ئێران رەنگە لەسەرەتای مانگی نیسان دەستپێبكات كە بریتیە لەهەوڵی كۆنترۆڵكردنی چەند شوێنێكی هەستیار لەرووی سەربازیی و ئابورییەوە. ئەوانیش بریتیە لە دورگەی خارك؛ كە ئێران 90% بۆ 95%ی نەوتی خۆی لەوێوە هەناردە دەكات. گەرووی هورمز؛ كە ناوچەیەكی هەرە ستراتیژییە بۆ ئێران و لەوێوە رێگری لە هەناردەی نەوتی كەنداوی فارس دەكات، هاوكات ناوچەی كرماشان و بەشێكی ئیلام كە ژمارەیەكی زۆری موشەك و چەكی ستراتیژیی ئێرانی لەناو شاخ و ناو تۆنێلەكان لێیەو لەوێوە ئاراستەی ئیسرائیل و هێزەكانی ئەمریكا لەناوچەكەو وڵاتانی كەنداو دەكات.
بەپێی هەواڵی میدیاكانی ئەمریكا، نزیكەی 10 هەزار سەربازی ئەمریكا نزیكبوونەتەوە لەكەنداو و لەوێوە ئامادەی هێرشی سەر دوورگەی خارك دەكرێن. هەروەك ئەمریكا هەوڵدەدات لەڕێی راپەڕینی جەماوەریی و پێشمەرگەی كوردو پێكهاتەی دیكەی ئێران كە نەیاری رژێمی ئێرانن و داوای مافی نەتەوەیی خۆیان دەكەن، چەند ناوچەیەك لەبەری رۆژئاوای ئێران بەتایبەتیش كرماشان و ئیلام كۆنترۆڵ بكەن رەنگە بەمزوانە جموجۆڵ لەسەر زەوی دەستپێبكات. سەبارەت بە دورگەی هورمز ئەمریكا رێگریی و گرفتی زۆری لەبەردەمدایە، رەنگە ئاسان نەبێت.
بەپێی ئەو پێشبینیەی پیششتریش باسمانكردووە، رەنگە چەند رۆژی داهاتوو شەڕ گەرمتر ببێت، ئاستی پەلاماردانی ناوچە جیاوازەكان لەلایەن ئێرانەوە زیاتر ببن، ئینجا بۆسەر هەرێمی كوردستان بێت یان بەشێك لەوڵاتانی كەنداو.
ئێران ئاگاداری پلانی ئەمریكایەو دەیەوێت دەستپێشخەریی بكات بۆیە دەبینین دوێنێ ژمارەی پەلاماردانەكان بۆسەر وڵاتانی عەرەبی لەكەنداو و سەر هەرێمی كوردستان زۆر زیاتر ببوو! تەنانەت پەلاماری كۆشكێكی نێچیرڤان بارزانیان دا لەشاری دهۆك! لەكاتێكدا هەرێم هیچ پەیوەندی بەو شەڕەوە نییەو هەموولایەنەكان دووپاتیدەكەنەوە نایانەوێ ببنە بەشێك لەو ململانێیە.
ئەمریكا مەبەستیەتی ئێران لەرووی ئابوریی و سەربازییەوە لاوازبكات، وەك هەنگاوی یەكەم و شادەماری ئابورییەكەی و چەند ناوچەیەكی ستراتیژیی لەرووی سەربازییەوە كۆنترۆڵ بكات ، ئەگینا هیچ پلانێكی بۆ گەلانی ئێران بەتایبەتیش كورد نییە، بەڵام دەیەوێت لەم شەڕەدا سود لەتوانای كورد وەربگرێت.
ئەمرۆو دوێنێ لەشاری لەندەنی بریتانیا كۆنگرەیەك بۆ كۆكردنەوەو گفتوگۆی گەلانی ئێران بەڕێوەچوو، جگە لەفارس، كوردو بلوچ و عەرەب چەندین كەسایەتی سەربەخۆ تێیدا بەشداربوون. ئەم كۆنگرەیە لەلایەن هیچ وڵاتێكەوە رێكنەخرابوو، بەڵام ناڕاستەوخۆ ئەمریكاو بریتانیاو چەند وڵاتێكی دیكە بەشداربوون. بێئەوەی هیچ نەخشەڕێیەك بۆ گۆڕینی رژێمی ئێران رابگەینرێت تەنها گفتوگۆو راگۆڕینەوەو دەردەدڵیكردنی گەلانی ئێرانە لەبارەی دۆخی ئێستاو داهاتووی وڵاتەكەیان. ئەمە لەكاتێكدا لەگۆڕینی رژێمی بەعس لەعیراق بەر لە23 ساڵ، ئەمریكاو بریتانیاو هاوپەیمانان چەند كۆنگرەیەكی پێشوەختەیان رێكخست لەبریتانیاو كوردستان بۆ دانانی نەخشەڕێ و بنەمای كاركردنی بەیەكەوەیی گەلانی عیراق، پێشوەختە لایەنە سەرەكییەكانی كوردو شیعەو سوننە رێككەوتن لەسەر سیمای عیراقی نوێ كە بریتی بوو لەعیراقێكی فیدراڵی دیموكراتی فرەیی دەستوریی.
|