کاتژمێر 10 ی بەیانی مستەفا کازمی سەرۆک وەزیرانی عیراق ، بۆیەکەمینجار سەردانی هەرێمی کوردستانی کرد و گەشتەهەولێر.
بڕیارە هەریەک لەپارێزگاکانی سلێمانی و دهۆکیش بەسەر بکاتەوە و سەردانی خاڵەسنووریەکانی برایم خەلیل و باشماخ بکات. وەک چۆن لەماوەی ڕابردوو خاڵەسنوریەکانی پارێزگاکانی ناوەڕاست و باشوری بەشێوەیەکی مەیدانی بەسەرکردەوە و داهاتەکانیانی ڕێکخستەوە و بەمەش ڕۆژانە چەندین ملیۆن دۆلاری بۆ داهاتی دەوڵەت گەڕاندەوە و لەچنگی میلیشیا گەندەڵەکانی دەرهێنا.
ئەوەی جێگەی سەرنجە لەنێوان کاتژمێر 8 بۆ 9 ی بەیانی کازمی هۆڵەکانی تاقیکردنەوەی خوێندکارانی لەخوێندنەگەی مەنسور و ئامادەیی کچانی بەغداد بەسەرکردوەتەوە و لەنزیکەوە لەڕەوشی خۆپارێزی هۆڵەکان و تەندروستی خوێندکاران و چۆنیەتی بەڕێوەچونی تاقیکردنەوەکان کۆڵیوەتەوە.
لەیەک ڕۆژدا، کازمی لەپەروەردە بۆ چارەسەری کێشەی سیاسی و دارایی و دەستوری، لەنێوان بەغداد و هەولێر و سلێمانی و دهۆک، دەیەوێت پەیامێکی جیاواز بداتە ناوخۆی عیراق و جیهانی دەرەوە.
بەهیچ شێوەیەک لەگەڵ بەپاڵەوانکردنی هیچ کەسێک نیم، بەڵام ئەم هەنگاوانە جێگەی بەهەند وەرگرتن و دەبێت پەلەنەکەین لەسەر کازمی بۆ بڕیاردانی کۆتایی، چونکە زۆرمان دی و ئەوە دەرنەچون.
کازمی لەم جوڵانەی دەیەوێت بڵێ، کە دەوڵەت و خەڵک لەپشتی لاپتۆپی کۆمپیوتەرەکەت بەڕێوە نابرێ، دەبێت لەناخی خوارەوەی ئازارەکانی میللەتەکەت بژیت، جا ئەگەر ئەو ئازارە لەناو هۆڵێکی تاقیکردنەوەی خوێندکاران یان ، خاڵێکی گومرکی بێت لەوپەڕی سنووری وڵات.