قوباد تاڵەبانی لەگەڵ وەبەرهێنەران و بازرگانانی سلێمانی کۆبووەوە

  20   خولەک پێش ئێستا  | 
دۆسیە:  کوردستان
 تۆڕی هەواڵی ژیان
لە پەراوێزی دیداری لوتکەی سلێمانی ٢٠٢٦، قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکوەزیران لەگەڵ ژمارەیەکی بەرچاو لە وەبەرهێنەران و بازرگانانی پارێزگای سلێمانی کۆبووەوە.

لە کۆبوونەوەکەدا کە رۆژی پێنجشەممە (17/9/2026) بەڕێوەچوو، پاش گوێگرتن لە راوبۆچوونی ئامادەبوونی کۆبوونەوەکە، دەستخۆشی لێکردن کە لە ماوەی ساڵانی رابردوودا وەبەرهێنەران و بازرگانان شانبەشانی هەنگاوەکانی حکومەت رۆڵی گرنگیان هەبووە لە بووژانەوە و گەشەپێدانی ئابووریی هەرێمی کوردستان و پارێزگای سلێمانی. بەڵێنیشی پێدان بە هەموو تواناوە هاوکاریان دەبێت لە چارەسەرکردنی کێشە و گرفتەکانی بەردەمیاندا.

جێگری سەرۆکوەزیران ئاماژەی بەوەشدا ئامانجیانە هەموو کەرتەکان بە شێوەیەکی هاوسەنگ گەشە بکەن و پێویستە هاوکات لەگەڵ گەشەپێدانی ئابووری لە بوارەکانی کلتووری و زانستی و رۆشنبیریشدا وڵاتەکەمان گەشە بکات. هانی وەبەرهێنەرانی دا لەم بوارانەشدا وەبەرهێنان بکەن.

سەبارەت بە سیستمی بانکی لە هەرێمی کوردستان، جێگری سەرۆکوەزیران رایگەیاند لەماوەکانی رابردوودا هەندێک هەوڵ دراوە و پلانیش هەیە بۆ ئەوەی سیستمێکی بانکی پێشکەوتوو بونیاد بنێین کە جێی متمانەی هاووڵاتییان بێت.
لە بەشێکی دیکەی کۆبوونەوەکەدا قوباد تاڵەبانی بە پێویستی زانی وەبەرهێنەران و بازرگانان تەنها گرنگی بە بازاڕەکانی پارێزگای سلێمانی و ناوچەکانی دیکەی هەرێمی کوردستان نەدەن، بەڵکوو چاویان لە بازاڕەکانی ناوەڕاست و باشووری عێراقیش بێت.


ڕیکلام