لە میسر دڵە زیندوهکەی عهرەب، سەرچاوەكان دوپاتی دەكەنەوە ژمارەیەك لە ناودارەكانی سیاسی وئەدەبی و هونەری ئەم وڵاتە، بە رچەڵەك كوردن ، رهنگه ههر بهم هۆیهشهوه بێت پەیوەندی نێوان بزوتنەوەی رزگاری خوازی کوردستان و میسر، بەهێز بووە تا ئەو رادەیەی کە یەکەم رۆژنامەی کوردی (کوردستان) لە میسر چاپ و بڵاو كراوەتەوە و یەکەم رادیۆی کوردی لەوێ پهخش کرا و یەکەم دەسەڵاتی باڵای دەوڵەت هەرلەوێ پێشوازی لە سەرکردایەتی سیاسی کوردستان کردووە.
لە ئایاری ساڵی (١٩٩٧)لە سەر بانگهێشتی حکومەتی میسر، وەفدێکی باڵای یەکێتی، بە سەرۆکایەتی هەڤاڵ مام جەلال و بەئەندامێتی ھەریەک لە(دکتور فواد معصوم. عدنان موفتی. مصطفی سید قادر و بەندە)سەردانی قاهیرەی کرد، سهردانهکه چەند رۆژێکی خایاند، بێجگە لە کۆبونەوە فەڕمی و باڵاکان، بە حوکمی قورسایی مەسەلەی کوردستان و ناو و ناوبانکی هەڤال مامجەلال، زۆر لە دەزگاکانی دەوڵەت و کەسایەتیە ناودارەکانی ئەو وڵاتە وەفدەکەیان بینی، لە وانە، شێخی ئەزهەر و محمد حسنین هەیكەل و ئەحمد حمروش و نبیل زکی و دکتۆر رفعت سعید و زکریا محیدین و چهند کهسایهتیهکی تریش وەکو ئەحمەد حەبوبی و بابەکر پشدەری کە ئەوکات سەرۆكی رێكخراوی كاری عەرەبی بوو سەردانی مامجەلال و وەفدەکەی كرد. هەر لەو سەردانەدا، بریاری كردنەوەی مەكتەبی پەیوەندیهكانی یەكێتی لە قاهیرە درا و كاك عدنان موفتی دەستنیشانكرا و بوو بە یەكەم نوێنهری باڵای یەكێتی لە قاهیرە، كە بە حەق، خەیر الاختیار بوو، دواتریش جێدەستی دیاربوو لەماوەی نوێنەرایەتیدا لەئەوێ.
هەیكەل، نیوەرۆخوانێکی بۆ مام و وەفدەكە سازکرد لە ماڵی خویان لە دەرەوەی قاهیرە، باخ و ماڵەکەی زۆر جوان دانسقە بوو، خۆشیی زۆر بە ئەتەکێت و بەبایەخ و میواندۆست بوو، بە قسە و باس وشیکردەوەکانی مامجەلال دانیشتنەکە زۆر گەرموگوڕ بوو، میوانداریهکەش شاهانە بوو، چەند سەعاتێکی خایاند، مام زیاتر قسەی ئەکرد ئەویش تێبینیهکانی خوی ئەنووسی ، دواجار مام وتی: پێمان خۆشە ئێمهش گوێ لە ئامۆژگاریەکانی تۆ بگرین، ههیکەل لە وڵامدا وتی: ئەستەغفوروڵا خۆت سەیدولعارفینیت، بەڵام ئەتوانم چەند تێبینییەک بخەمەروو :-
١ -پەیوەندی بزوتنەوەی سیاسی کوردستان لە گەڵ بزوتنەوەی سیاسی عەرەبی باشە و جەنابتان رۆڵی باشتان لەم مەسەلەیە بینیوە، پێویستە بەردەوام گەشە و پەرەیپێبدەن.
٢ -پەیوەندیتان لە گەڵ ئێران جائز و پەسندە، بههۆی سنوری هاوبەشی دورو درێژی نێوانتان، بەڵام ئەبێت تورکیا لە یاد نەکەن، پێویستان بە تورکیا ئەبێت بۆ مسۆگرکردنی پشتیوانی ئهوروپا، چونکە تورکیا لە لێواری ئهوروپایە و هەوڵئەدا بچێتە ناو یەکێتی ئهوروپاوە(ئەمە بۆ تورکیای ئەوکاتەبوو.
٣ -لەم کاتەدا کە خەریکی روخاندنی (رژێمی صدام )ن زۆر باسی سیستەمی دیموکراسی مەکەن بۆ عیراق، لە بەر ئەوەی دەوروبەرتان قبوڵیان نییە و لێیئەترسن و دژایە تیتان ئەکەن و له ژێرهوه کاری لەدژ دەکەن و ناهێڵن سەربكەوێ، چونکە خۆیان دیموکراسی نیین،زۆر زەحمەتیشە لەم هەلومەرجەدا دەوڵەتێکی دیموکراسی لە جەنگەڵستانێکی وەها دروست ببێت.
٤ -کارێکی باش ئهکهن بایهخ بە پتهوکردنی پەیوەندیهکانتان لەگەڵ میسر وەکو حکومەت و دامودهزگای رۆشنبیری و میدیایی و ئایینی ئەدەن بۆ دروستکردنی رای گشتی عەرەبی بۆ مەسەلەی کورد.
بۆچونەکانی هەیكەل لەو رۆژگارەدا زیاتر بۆ ئاستی دەرەوە بوو، وەفدەکە و بەتایبەتی هەڤاڵ مام جلال بۆچونەکانی ههیکهل-یان بەرز نرخاند و بە بایهخەوە وەرگیرا، لەدوای تەواوبونی میوانداریەکە مام دیاریهکی تایبەتی پێشکەش کرد کە لە خوێندنەوەی کتێبی (مدافع ایات اللە) بۆی دەرکەوتبوو.
ئێستا دوای (٢٣)ساڵ و گۆرانکاری زۆر لە کوردستان و عیراق و ناوچەکە و دونیا ھاتۆتە ئاراوە بەڵام ئاخۆ ئامۆژگاریەکانی ئهو نووسهرو رۆژنامهنوسه ناوداره بۆ ئهمرۆی کوردستان و سەرکردایەتیە سیاسیهکهی ئێستاش ناشێن٠٠٠!؟