دادگای تەمیز ئیشوكارەكانی وەستاوە

سەرتیپ جەوهەر

رۆژنامەنووس
  29/11/2020  |    910 جار خوێندراوەتەوە

لەتبونی دادگای تەمیزو ئەنجومەنی دادوەریی، سەرەتا دوو ئیدارەیی هەرێمە
درێژكردنەوەی تەمەنی خانەنشینی دوو دادوەر لەسەر فەرمایشتی حزب، ناڕەزایی گەیاندۆتە لوتكە
سەرۆكی ئەنجومەنی دادوەریی بەئاشكرا قانون پێشێل دەكات
لەدادبینیدا، جیاوازیی گەورە لەنێوان كەیسی هەولێرو سلێمانی دەكرێت
ئەنجومەنی دادوەریی بەتەواوی بارگاویی بووە بە هەڵسوكەوتی حزبیی

خراپ بەكارهێنانی دەسەڵات و دەستێوەردانی حزب، دادگاكانی وێرانكردوەو پێدەچێت دوا دامەزراوەی سەرەكی حكومڕانیی كە كەمێك ئومێدی سەقامگیریی و پاراستنی قانونی لێدەكرا، ئەویش بەرەو داڕمانی تەواوەتی بچێت و ئیدی كۆی حكومڕانی لەكوردستان بێبەها بێت.

دوای پەككەوتنی حكومەت و پەرلەمان، ئەمجارە دادگاو دامەزراوەی دادوەریی لەكوردستان لەبەردەم قەیرانێكی جددیدایەو بەشێك لەدادوەرانی دادگای تەمیز لەكوردستان ماوەی زیاتر لە 20 رۆژە بەهۆی پێشێلكردنی ئاشكرای قانون و دەستێوەردانی حزب لەكارەكانیان، ئەندامێتی خۆیان لەكاركردن هەڵپەساردووە. بەهۆی ئەو ناڕەزایەتیەوە، ئیشوكارەكانی دادگای تەمیز لەكوردستان نیمچە پەككەوتووە. بەپێی زانیارییەكان ئەگەر ئەو هەڵپەساردن یان مانگرتنەی دادوەرانی باڵای كوردستان بەردەوام بێت، ئەوا لێكەوتەكەی بەئاراستەی دوولەتبونی دادگای تەمیزو دامەزراوەی دادوەریی لەكوردستان دەڕوات كە ئەویش سەرەتایەكی زۆر مەترسیدارە بۆ گەڕانەوە بۆ دوو ئیدارەیی كوردستان.

دەتوانین بڵێن ناڕەزایی دادوەرانی كوردستان لەشێوەی ئیدارەدانی دادگای تەمیزو بڕیارەكانی ئەنجومەنی دادوەریی دەمێكە هەیە، بەڵام درێژكردنەوەی تەمەنی خانەنشینی دوو دادوەر (عەلی عەوڵلا) جێگری سەرۆكی ئەنجومەنی دادوەریی و (عەبدوڵلا شەرەفانی) ئەندامی ئەنجومەنەكە لەسەر فەرمایشت و دەستێوەردانی پارتی دیموكراتی كوردستان (وەك دەڵێن) توڕەیی و ناڕەزایی دادوەرانی گەیاندە لوتكە.
لەهەموو وڵاتێك و حكومڕانییەك، دادگاكان راگری قانون و بنەمای دادگەرین، بۆیە بەگەندەڵبوونی ئەو دەسەڵاتە، شتێك نامێنێتەوە بەناوی دەسەڵاتێكی دروست و حكومڕانییەكی لەسەرخۆ و سەقامگیر. ئەوەی ئێستا روودەدات، كۆتاییهێنانە بەدامەزراوە دەستورییەكانی هەرێم و گەڕانەوەیە بۆ خاڵی سفر یان چوارگۆشەی یەكەم.

ئەو بریارە ناقانونییەی ئەنجومەنی دادوەریی بەئیمزای سەرۆكی ئەنجومەنەكە ناڕەزایی توندی پەرلەمانی كوردستان و دەستەی نەزاهەو یەكێتیی دادوەرانی لێكەوتەوە. بڕیارەكەی ئەنجومەنی دادوەریی كە بەئیمزای سەرۆكی دامەزراوەكەبوو، چونكە لەژێر فەرمایشیتی حزب بوو، نەوەستێنراو بەردەوامیان پێدرا. هەریەكە لە پەرلەمان و دەستەی نەزاهەو یەكێتیی دادوەران، بەنوسراوی رەسمیی ناڕەزایی خۆیان و پێشێلكردنی قانونیان لەلایەن ئەنجومەنی دادوەریی دەربڕی.

ئەوەی زانراوە، دادوەران زۆر ناڕازین لەجیاوازیكردن لەنێوان كەیسێك بۆ كەیسێكی دیكە كە دێتە دادگای تەمیز. بەجۆرێك بەهۆی دەستێوەردانی حزب، بەشێك لە كەیسەكان بەتایبەت ئەوانەی پەیوەندیدارن بە سلێمانی بەچاویلكەی حزبیی تەماشا دەكرێن و دادبینی دەكرێت. هەروەك جار هەبووە بەدەر لەهەموو بنەماكانی قانون دادوەرانی (سلێمانی) لەدادبینی دورخراونەتەوە یان دەستەی گشتیی دادبینی پێكهێنراوە بەژمارەیەكی كەمی دادوەر بەدەر لەقانون، ئەمەش لەپێناو دروستكردنی زۆرینەیەكی حزبیی بۆ بڕیاردان. یان دادوەر هەبووە لەمۆڵەتی رەسمیی بووە كەچی وەك ئەندامی دەستەی گشتیی دادبینی تۆماركردووە بۆ تێپەڕاندنی بڕیاردان بەپێی بەرژەوەندی حزبیی یان شەخسی.

ئێستا ئەو دادوەرانەی سلێمانیی و هاوبیرانیان، كارەكانیان هەڵپەساردووەو داوای كۆتاییهێنان بەو بارودۆخەی ناو ئەنجومەنی دادوەریی و دادگای تەمیز دەكەن. بەقسەی خۆیان، دادگای تەمیزو ئەنجومەنی دادوەریی بەتەواوی بارگاویی بووە بەهەڵسوكەوتی حزبیی و كەڵكی دادبینی و بڕیاردانی لەسەرخۆو قانونیی نەماوە.

زیاتر