سۆرانی  |  بادینی  |  English      

رێکنەكەون خراپتر دەبێت

سەرتیپ جەوهەر

رۆژنامەنووس
  01/11/2020  |    6694 جار خوێندراوەتەوە
هەوڵێكی دیكەی كۆبونەوەیەكی پارتی و یەكێتیی بێ ئەنجام بوو

لە 17ی مانگی رابردوو، هەوڵێكی نوێ لەلایەن چەند كەسێكی یەكێتیی و پارتی بەدیاریكراوی (قوباد تاڵەبانیی و مەسرور بارزانیی) هەبوو بۆ راگرتنی شەڕی راگەیاندن و هاوكات زەمینەخۆشكردن بۆ گفتوگۆو دیدارێك لەنێوان بڕیاربەدەستانی یەكێتیی و پارتیی. واتە دیدارێك لەنێوان هاوسەرۆكانی یەكێتی و قوباد تاڵەبانیی لەیەكێتی نیشتیمانیی كوردستان لەلایەك و بڕیاربەدەستانی پارتی (نێچیرڤان و مەسرور)ی ئامۆزای وەك پارتی لەلایەكی دیكە.

ئێستا رایەڵەی بەهێزی پەیوەندی نێوان یەكێتیی و پارتی، لەڕێگای ئۆرگانیی و رەسمیی نییە، بەڵكو پەیوەندی تایبەتی هەریەكە لە (قوباد تاڵەبانی و بافڵ تاڵەبانیی) لەگەڵ خانەوادەی بارزانیی و نێچیرڤان بارزانییە لەناو پارتی. واتە رایەڵەی رەسمیی بۆ پەیوەندی نێوان هەردوولا لاوازەو پەیوەندییەكی ئەوتۆ نییە.

لەماوەی رابردوو مەكتەبی سیاسی یەكێتی نامەیەكی دیاریكراوی بۆ پارتی سەبارەت بەگرفت و كێشە چارەسەرنەكراوەكان و خواستی یەكێتیی بۆ بەردەوامبوون لەم حكومڕانییە ناردبوو. وڵامی پارتی بۆ یەكێتی لەم چەند رۆژەی رابردوو (بەپێی زانیاریی) گەرموگوڕو ئەرێنی نییە. وڵامێكی ساردەو شتێكی نوێی تێدانییە. لە وڵامی بەرپرسێكی رادیكاڵی پارتی دەچێت لەسەر شاشەی تەلفزیۆن یان لەكۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیی. واتە كەمێك بێمنەتی پێوەدیارەو هەمان وڵامی پێشوویانە بۆ چارەسەری كێشە چارەسەرنەكراوەكان، تەنانەت هەبوونی ڤیتۆشیان دوپاتكردۆتەوە لەسەر كاندیدێكی یەكێتیی بۆ وەرگرتنی دەستەی ناوچەدابڕێنراوەكانی كوردستان.

ئەو وڵامەی پارتی بۆ یەكێتیی، هاندەر نییە بۆ سەركەوتنی هەوڵی دیداری لوتكەی یەكێتیی و پارتی. من نازانم ئەو هەوڵانە سەركەوتوو دەبێت یان نا بۆ رێكخستنی ئەو دیدارە، بەڵام ئەوەی روونە، كوردستان روو لەتونێلێكی تاریك و تروكەو دەرەنجامەكانی بەردەوامبوونی دۆخی ئێستا، ئەوەندەی دیكە خەڵكی هەژارو موچەخۆرانی كوردستان رەجاربڕاو بارگرانتر دەكات.

هەوڵی دیداری نێوان هەردولا لەكاتێكدایە كە كوردستان بەدۆخێكی ئێجگار خراپدا تێدەپەڕێت. باری ئابوریی و ژیانی خەڵك لەخراپ بەرەو خراپتر دەچێت. دامەزراوەكانی حكومڕانی هیچ قیمەتێكیان نەماوە. دابەشبونێكی روون هەیە لەناو حكومەت و تێگەیشتنێكی پۆلیسی هەیە بۆ حكومڕانی. دامودەزگاكانی ئاسایش بەتەواوی بوونەتە دامودەزگای حزبیی و هەڵدەكوتنە سەر ماڵان و رۆژنامەنوس و چالاكوانان دەستگیر دەكەن. پەرلەمان كە پێویست بوو نوێنەرایەتی خەڵك بكات بەڵام هیچ بەهایەكی نەماوەو جگە لەلێدوانی چەند پەرلەمانتارێك كە زیاتر موزایەدەی سیاسی پێوەدیارە هیچی دیكە نەماوە. لەسەرووی هەموو ئەمانەوە، ئەو گرژیی و ئاڵۆزییە چاوەڕوانكراوانەی بادینان لەنێوان پارتی و پەكەكە گەیشتۆتە بەر دەرگاو لەوانەیە ئەوەندەی دیكە باری دەروونی خەڵك ئاڵۆز بكات.

ئەوەی زۆر گرنگە، هەردولا (پارتی و یەكێتیی) لەوە تێبگەن كە بەبێ‌ یەكتر مومكین نییە حكومڕانیی. پارتی لەوە بگات بەردەوامبوون بەم ریتمەی ئێستا لەحكومڕانی، دۆخی ناوخۆی خۆی و گوزەرانی خەڵكیش خراپتر دەكات. ئەم تێگەیشتنە بۆ یەكێتیش راستە. دەبێت یەكێتی لەوە بگات بەدۆخی نە دەسەڵات و نەئۆپۆزسیۆن ناتوانێت بەردەوام بێت. یان دەبێ‌ دەسەڵات بێت و بەرنامەی خۆی بەروونی بخاتە روو، یان نابێت قاچێكی لەحكومەت بێت و دیفاع لەحكومەت بكات، قاچێكی دیكەشی لەدەرەوەو ئۆپۆزسیۆن بێت.

ئەوەی گرنگە، ژیان بژێوی خەڵكی هەژارو كەم دەرامەتە، كە بەهۆی خراپی حكومڕانیی و سیاسەتی چەوتی چەند ساڵەی حكومڕانان و دۆخی ناوخۆی پارتی و یەكێتیی ناخۆش و ئاڵۆز بووە. ئەو لەویەت بۆ هاوڵاتیانی كوردستان، دابینكردنی ئاسایش و گوزەرانێكی شایستەو موچەی بەردەوامە. ئەوەی هەیە دەرهاویشتەی ململانێی سیاسیە كە هاوڵاتیان بەشێك نین تێیدا، بەڵكو خواستی حزبیی و شەخسیی كوردستانی دوچاری ئەم دۆخەی ئێستا كردووە.
زیاتر