گرفتی سەرەکیی ئەم حکومەتەی ئێستا پتر لەوەی قەیرانی دارایی بێت، قەیرانی متمانەی سیاسییە لە نێوان لایەنە پێکهێنەرەکان و، بەتایبەتیش لەنێوان پارتی و یەکێتی.
*
کیشەکانی نێوان ئەم دوو حزبە لە ماوەی دووساڵی رابردوودا، بەقەدەر هەموو رابردوویان کەڵەکە بووە، چونکە هەر هەوڵی پینەو پەڕۆکردنیان داون.
*
جەوھەری ئەسڵیی ئەم قەیرانە ئەوەیە کە پارتی پێیوابێت دەتوانێ هەمان مامەڵەی شاسوار عەبدولواحید لەگەڵ هاوسەرۆکێکی یەکێتی بکات و ئاوتی بکات و، لەبەرامبەر ئەوشدا هاوسەرۆک هەوڵ بدات سەرۆک وەزیرانی زۆرینە لە کورسیی دەسەڵات بێنێتە خوار.
*
باقییەکەی دیکە هەمووی شیعارە و لەو دوو جوملەیەی سەرەوە وەرپێچراوە.
*
کێشەکە نە لەپەرلەمانە و نەلەسەر جادە. بۆیە چارەش لەوێ نییە. فەرقی دەسەڵات و تواناکانی هاوڵاتییەکی ئاسایی و ئەندام پەرلەمانێک نییە. خۆ ئەوەی هەشیەتی بەهۆی ئەندامیەتیی پەرلەمانەوە نییە. بۆیە ئەو دامەزراوە ناتوانێ کێشەکان چارەسەر بکات. جاددەش هەر پێی تێبنێی سوور دەبێ. راپەڕینێک سوپا، دەزگاکانی ئاسایش و پۆلیسی لەگەڵدا نەبێت، یان لانیکەم بێلایەن نەبن نە لە کوردستان و نە لە هیچ شوێنێکی رۆژھەڵاتی ناوەڕاست سەر ناگرێت.
*
خەڵک برسییە، بەڵام لە برسییەتی خراپتر نائومێدییە. ئەوەی خەریکە هەموو ئومێد و هیواکان لەناو دەبات، پارتی و یەکێتی و دەسەڵات نییە، بگرە ململانێی ناو دەسەڵاتە کە خەڵک وەکو کەرەستەی ئەو ئاگرە دەکەنە سوتماک. ئەوان قەت لەخەڵک بەمانا راستەقینەکەی ناترسێن، چونکە خەڵکیان وا دابەشکردووە کە دەزانن چۆن بەرزەفتیشی بکەن
*
رێککەوتننامەی واشنتۆن ئاوی بە ئاگرێکدا کرد کە جەرگی ھەزارانی سوتاند. رێککەوتنێکی دیکەی لەو چەشنە پێویستە تا چیدیکە خەڵک باجی بێدەستنوێژیی هاوپەیمانیەتییەکان نەدات.
*
دانیشتنێکی هاوسەرۆک و سەرۆک وەزیران و رێککەوتنێکی راستگۆیانەیان، پتر لە نیوەی کێشەکانی ئەمڕۆی کوردستان چارە دەکات. ئەو کاتە با ئەوەندە خەڵکەیش کە بۆ قوتی ژیانیان دێنە سەرجادە ببن بە موڵکی ئۆپۆزیسیۆن!