بەعس موچەكەی مامۆستا ئەحمەدی زیندانی كرد بەشەش بەشەوە، پێنج بەشی بۆ منداڵەكانی خەرجكرد... ئەی موچەكەی مامۆستا بەدەل بەرواری چی لێكراووە..؟؟
مامۆستایەكی بە ئەزمون، سەرو ریش ماشو برنجی، روخۆش و وورە بەرز، زبان شیرین و بە ویقار و خۆشەویست، ئەو لە پێناو ئازادی و پاراستنی شكۆی تاكی كورد هەر لەسەرەتاوە چووە رێكخستنە نهێنیەكان و رێزەكانی شۆڕشەوە، بەهۆی كاریگەری كەسێتیەوە، هەرزوو هێزە ئەمنیەكان كەوتنە سۆراغی، ئیخباریكراو لە بەهاری 1989 لەلایەن هێزە ئەمنیەكانی بەعسەوە دەستگیركرا.
ئەو (مامۆستا ئەحمەدی زیندانی)ە، مامۆستا ئەحمەد كە لە قوتابخانەی (مەولانا خالید)ی سلێمانی مامۆستا بوو، لە ژوورە ئینفیرادیەكانی ئەمنە سورەكەی سلێمانی زیندانی دەكرێت.
مامۆستا ئەحمەدی زیندانی لەگەڵ ئەوەی ماوەی نزیكەی (دووساڵ) لە ژووری تاكەكەسی (ئینفیرادی) زیندانی بووە، هەموو جۆرەكانی ئەشكەنجەی لەسەر تاقیكراوەتەوە، ئەوەی ئەمنەكانی بەعس بەخەیاڵیاندا هاتبوو، لە كارەبا لێدان، هەڵواسین، لەژێر پێدان، كێبڵ، سەرماو گەرماو ئاوی ساردوو دەست و قاچ شكاندن، مامۆستا ئەحمەدی زیندانی نەك هەر ئیعترافی نەكرد، بەڵكو بەردەوام ووردەی دەدایە بەر هاوزیندانیەكانی، بەتایبەتیش ئەو گەنجانەی تازە دەستگیردەكران و لەبەردەمی زیندانیە تاكەكەسیەكاندا دەبەسترانەوەو دوای ئەشكەنجەدان فڕی دەدرانە بەردەم ژوورە تاكەكەسیەكان.
یەكێك لە زیندانیەكانی هاوڕێی مامۆستا ئەحمەدی زییندانی وتی، مامۆستا ئەحمەد لەبەر ئەوەی لەهەموومان تەمەنی زیاتر و خاوەنی كەسایەتیەكی بەرزو بە وورەبوو، هەمیشە ئامۆژگاری دەكردین و گوێمان لێدەگرت و ئەزمونی ژیانی بۆ دەگێراینەوە.
بە پێی ئەو راپۆرتانەی كە لەبەر دەستی ئەمنەكاندا بوو مامۆستا ئەحمەدی زیندانی كارەكتەرێكی كاریگەربووە لەناو رێكخستنە نهێنیەكانی سلێمانیدا، بۆیە هەموو هەوڵێكی ئەمینەكان بۆ ئەوە بوو ئیعتراف بە مامۆستا ئەحمەد بكەن، دوایین ئەشكەنجەو هەوڵ بۆ ئیعتراف پێكردنی، دەرمانێكی دەدەنێ نیوە بێهۆشی دەكەن، بۆ ئەوەی دان بنێت بە زانیارییەكانی رێكخستنەكانی سلێمانیدا، بەڵام ئەو بە بێهۆشیش ئیعتراف ناكات ( ڤیدیۆی ئەشكەنجەدانەكەی دوای راپەڕین و رزگاركردنی ئەمنەسورەكە كەوتە دەست پێشمەرگەوبڵاوكرایەوە، كە لەسەر كورسیەك دایانناوەو كراسێكی سپی لەبەردایەو ئەشكەنجەی دەدەن).
هاوڕێیەكی مامۆستا ئەحمەد لە زیندان گێرایەوە، كە مامۆستا ئەحمەد چەندین جار پێی وتین( ئێمە ئازاد ناكرێین، بەڵكۆ رزگار دەكرێن)، بەڵام هەفتەیەك پێش راپەڕینەكەی بەهاری 1991 مامۆستا ئەحمەدی زیندانی و هاوڕیەكی رەوانەی دادگای شۆڕش ( مەحكەمەی سەورە)ی بەغداد كران و لەوێ حوكمی زیندانی هەتاهەتاییان بۆ دەركرا، بەڵام هەموو هاوڕێكانی لە ئەمنە سورەكە لە رۆژی 8/3/1991 رزگاركران، جگە لە مامۆستا ئەحمەدی زیندانی و كەمال قەرەداغی هاوڕێی، لەدوای راپەڕین مامۆستا ئەحمەد و هاوڕێكەی لە 24/12/1991 لە پرۆسەیەكی دیل بەدیلدا ئازادكران و تا ئێستاش لە ژیان بەڕیدەكات و ئەشكەنجەو زیندانی و ئەمنەسورەكە لە فلاشباكیدا لێدەدرێتەوە.
مامۆستا ئەحمەد بە درێژایی ئەو دوو ساڵەی كە لە زینداندا بوو، حكومەتی بەعس موچەكەی نەبڕی، بە پێی بڕیارێكی پێشتری تایبەتی سەدام، ئەو كەسەی دەستگیر دەكرێت، هەر خۆی بەرپرسیارەو خێزانەكەی بەرپرس نین، بۆیە موچەكەی مامۆستا ئەحمەدی زیندانی دەكەن بە شەش بەشەوە، چوار منداڵ و خێزانی و خۆی (6) كەس، پێنج بەشی موچەكەی دەدەنە خێزانەكەی و یەك بەشی كەلەبری مامۆستا ئەحمەد خۆیەتی لە موچەكەی دەبڕن.
دوای (30) ساڵ لەو بەروارەو لە كوردستانی ئازادا، ئەو كوردستانەی سەدانی وەك مامۆستا ئەحمەدی زیندانی ئەشكەنجەدراون ئیعترافیان نەكردو و لەسێدارەدران، مامۆستا ( بەدەل بەرواری) دەستگیر دەكرێت.
مامۆستا بەدەل بەرواری مامۆستای قوتابخانەی ( بەهدینانی بنەڕەتی)یە لە دهۆك، یەكێكەلەو مامۆستا چاونەترس و بوێرو خۆشەویستانەی بادینان، ئەو هەمیشە وەك بەرگریكارێكی مافەكانی مامۆستایان لەسەر شەقام بوو،لە هەموو خۆپیشاندانەكانی مامۆستایان رێكخەرو سەرپەرشتیكەر بووە، ماوەی زیاتر لە شەش مانگە لەگەڵ ژمارەیەك لە هاوڕێكانی لە زینداندایە، تاكە تاوانی مامۆستا بەدەل بەرواری داواكردنی موچەی مامۆستایانە لەكاتی خۆییدا و ناڕەزایی لە لێبڕینی موچە بوو، ئەو ئێستا لە زیندانە لە هەولێر و چاوەڕوانی یەكلاكردنەوەی دۆسیەكەیەتی، كە لە 16ی مانگ بەشێك لە هاوڕێكانی بە شەش ساڵ زیندانی سزا دران.
بە پێی راگەیەنراوی كەسوكاری سزادراوانی بادینان، مامۆستا بەدەل بەرواری و هاوڕێكانی لە زیندان ئەشكەنجە دراون و هەرەِشەی ژن و منداڵیان لێكراوە بۆ ئەوەی ئیعتراف بكەن، كە ئەمە لە زیندانەكانی بەعسدا بەرامبەر بە پێشمەرگەو شۆڕشگێران بەكاردەهێنرا، لەگەڵ ئەوەشدا هەڕەشەی بڵاوكردنەوەی ڤیدیۆی دانپێدانانیان كراوە.
مامۆستا بەدەل بەرواری كە پیشەی مامۆستابوو، موچەكەی لە كۆی ( ملیۆنێك) دینار لە ئێستادا تەنیا (400 هەزار) دینار دەدرێت بە خانەوادەكەی و ئەوەی دێكەی دەبڕدرێت. واتا خانەوادەكەی دوو جار سزادراون، جارێك سەرۆكی خێزانەكەیان زیندانی كراوەو جارێكیش سەرچاوەی ژیانی ئابوریان بڕدراوە.
ئێمە ئێستا لەبەردەم دوو ئەزمونی زیندانیداین، ئەزمونێك كە مامۆستا ئەحمەدی زیندانیەو لە پێناو ئازادی و پاراستنی شكۆی تاكی كورد ماوەی دوو ساڵ لە زیندان ئەشكەنجەدراو قوربانیدا، ئەزمونی دووەم مامۆستا بەدەل بەرواریە كە لە كوردستانی دوای بەعسدا، ماوەی زیاتر لە شەش مانگە لە زیندانەو ئەشكەنجە دەدرێت.
ئەوەی هاوشێوەیە لە نێوان كەیسەكەی مامۆستا ئەحمەدی زیندانی و مامۆستا بەدەل بەرواریدایە، ستەم و زوڵمەكان هاشێوەن، ئەمیان بەدەستی دەسەڵاتی كوردی و ئەویان بەدەستی دەسەڵاتی بەعس.
مامۆستا ئەحمەدی زیندانی لە ئەمنە سورەكە لە ژووری ئینفیرادیدا بووەو هەموو جۆرەكانی ئەشكەنجەی لەبەرامبەر تاقیكراوەتەوە تەنیا لە پێناو ئیعترافكردندا.
مامۆستا بەدەل بەرواری و هاوڕێكانی كراواونەتە ژووری ئینفیرادی و بە وتەی كەسوكارەكەی ئەشكەنجەدراون و هەڕەشەی ژن و منداڵیان لێكراوە تەنیا لە پێناو ئیعتراكردندا.
مامۆستا ئەحمەدی زیندانی لە شەش بەش بەشێكی موچەكەی دەبڕدرێت و بەشی خێزانەكەی لە موچەكەی مامۆستا ئەحمەد دەدرێتە خانەوادەكەی.
مامۆستا بەدەل بەرواری زۆرینەی موچەكەی دەبڕدرێت و كەمترینی دەدرێتە خانەوادەكەی .
مامۆستا ئەحمەدی زیندانی لەژێر ئەشكەنجەدا وێنەی دەگیرێت بۆ ئەوەی ئیعتراف بكات، بەڵام ڤیدیۆكەی بڵاونەكرایەوە تا راپەڕین لە زینداندا دەست پێشمەرگە كەوت و وەكو شانازی و قارەمانی زیندان بڵاوكرایەوە.
بە وتەی كەسوكارەكەیان دەسەڵات ھەرەشەی بڵاوكردنەوەی ڤیدیوی دانپێدانانی مامۆستا بەدەل بەرواری و هاوڕێكانی دەكات، دەیەوێت وەك سیخوڕو تاوانبار بیاناسێنیت.
مامۆستا ئەحمەدی زیندانی لە پێناو ئازادی و شكۆی مرۆڤی كورد خەباتی كردووەو قوربانی داوە ئەشكەنجە دراوەو خەونی رزگاری و ئازادی كوردستان بووە، بەڵام ئێستا ئەوانەی لەسەر پشتی ئەشكەنجە دراوی مامۆستا ئەحمەدی زندانی دەسەڵاتیان قۆرخكردووە ئازادی دەخنكێنن و ئازادی خوازان دەخەنە زیندانەوەو ڤیدیۆیان دەگرن و ئەشكەنجەیان دەدەن.