ئازاری كۆرۆنام چەشت

  08/10/2020  |    2902 جار خوێندراوەتەوە
تا ئەوپەڕی ئازار، ئازاری كۆرۆنام چەشت، ئازارێك كە هەموو سنورەكانی ئازاری تێپەڕاند، ئازاری هەموو تەمەنم كۆبكەیتەوە ناگانە ئازاری شەوێكی كۆرۆنا.

من نازانم چۆن پێتان بڵێم خۆتان بپارێزن، چونكە من زۆر خۆم دەپاراست، بەڵام ئەگەر ئەو ئازارەی من چەشتم، ئێوە یەك كاتژمێری ببینن، نەك ماسكی دەم، بەڵكو ماسك بۆ دەست و قاچ و سەریشتان دادەنێن.

شەوان تا سەعات دوو سێ لە تاو ئازار نەدەخەوتم، چاوم دەنوقاند و فێلم لەخۆم دەكرد كە خەوتووم، لە كاتژمیر پێنجی بەیانی جاوەڕوانی باوكی ئازارەكانم دەكرد، كە هیچ حەب و دەرمان و دەوایەك هەتوانی نەدەكرد.

من نە كێشەی سیەكان و نە دابەزینی ئۆكسجینم هەبوو، بەڵام لەرزو تاو ئازاری بەردەوامی جەستەو ئازاری ٢٤ كاتژمێری سەرم وێرانی كردم، بەبەردەوامی لەناو ئازاردابووم ئازارێك كە هیچ دەوایەك نەیدەشكاند.

هێرشی لەرزوتاو ئازار بەدوایدا جەستەی دادەهەزاندم، بەڵام دۆخی پڕ ئازارم تێپەڕاند، دۆخێك كە هەندێك جار تەمەنای مردنم دەكرد.

من لەناوئازاردا شەڕی ئیرادەم دەكرد، ئیرادەیەك كە دەبێت سەركەوم، خاڵی بەهێز لەسەر كەوتن بەسەر كۆرۆنادا، نە ترسانە لە كۆرۆنا، ترس لە كۆرۆنا خاڵی بەهێزی سەركەوتنی كۆرۆنایە بەسەر مرۆڤدا.

مامەڵەكردن لەگەڵ كۆرۆنا زۆر قورسە پشودرێژی و ئیرادەی دەوێت، بەڵام زۆر كەس بەهۆی بە هەڵە مامەڵەكردن یاخود كەمتەرخەمی لەگەڵ كۆرۆنا گیان لەدەستدەدات.

كۆرۆنا دەرمانی چارەسەری نیە، بەڵام هەنگاوی چارەسەری هەیە، هونەری چۆنیەتی مامەڵەكردن لەگەڵ كۆرۆنا بەشێكە لە چاسەر، مامەڵەكردن لە هەموو قۆناغەكانی رۆژانەی كۆرۆنا، چۆن نان دەخۆیت و چی دەخۆیت؟ چۆن دەرمان دەخۆیت و چی دەخۆیت و لە چی كاتێكدا دەیخۆیت؟ چۆن وورەت بەرز دەكەیتەوەو بەسەریدا زاڵ دەبیت لەرووی دەروونیەوە؟ چۆن بەبەردەوامی رێنمایی وەردەگریت و چاودێری خۆت دەكەیت؟ چۆن بیر لەوسەری كۆرۆنا دەكەیتەوەو كە دەبێت پێی بگەیت..؟؟هەموو ئەوانە كاریگەری لەسەر سەركەوتن هەیە بەسەر كۆرۆنادا.

كۆرۆناو نیشانەو ئازارەكانی لە كەسێكەوە بۆ كەسێكی تر زۆر جیاوازە، بەڵام زۆرینەی تایبەتمەندییەكانی نزیكن لەیەكەوە.. هەڵەكردن لە هەر قۆناغ و رۆژێكی كۆرۆنا كاریگەری راستەوخۆ لەسەر ژیانت درووست دەكات.

بەهیوام ئەو ئازارەی من چەشتم كەس نەیچێژێت.
زیاتر