سەگە رەشەكەی دایكم

  12/07/2020  |    1137 جار خوێندراوەتەوە
بەخێوكردن و راگرتنی سەگ لە نێوان كلتوری شارو گونددا زۆر جیاوازە، ئەگەر لە شاردا بەخێوكردنی سەگ بۆ جوانی و هاودەنگی بێت، ئەوا لە گوندەكاندا وەزیفەی سەگ پاسەوانی ماڵ و ئاژەڵ و ئاوەدانی گوند و گوندنشینەكانە.

یەكێك لە تایبەتمەندییەكانی سەگ "وەفا"یە بۆ خاوەنەكەی، ئەم تایبەتمەندییەی سەگ زۆر جار وەكو نمونەیەكی جوانی باڵای ئاژەڵان لە كۆمەڵگەدا دەهێنرێتەوە.

پێش پرۆسەی ئەنفال و لە گوندەكەی خۆمان (بێدەر)، سەگێكی بچوكی رەشمان هەبوو، لەدوای وەفاتی باوكم (1977) ئەو سەگە وەك پاسەوانێكی سەرسەختی ماڵەكەمان ناسرابوو، هیچ كەس نەدەوێرا، روبكاتە ماڵمان لە ترسی سەگە رەش هەتا مۆڵەتی كەسێكمانی وەرنەگرتایە، هەرگیز ماڵەوەی جێناهێشت، تەنها لەو كاتانەدا نەبێت كە دایكم دەچوو بۆ ئاوهێنان لە كانی، لەگەڵی دەڕۆیشتو لەگەڵی دەگەڕایەوە، لەبەر ئەوەی ئێمە منداڵ بووین حسابی بۆ ناكردین، تەنانەت نان و خواردنی لەدەستی ئێمە وەرنەدەگرت، دەبوایە یان دایكم یان كاكم نانیان پێبدایە، ئەو بەردەوام لەبەردەرگاو سەربانی خانووەكەمان بوو.

هەر كات سەگە رەش بەشەو دەوەڕی یەكسەر دەیان وت شتێك هەیە، لەبەر ئەوەی ئەو سەگە لە خۆڕا ناوەڕی، شەوێكی هاوینی 1986 سەگە رەش زۆر وەڕی لەبەر ماندویەتی لەبەر ئەوەی خەڵكی گوند بەردەوام كاریان دەكرد، كەس گوێی پێنەدا ئەو شەوە جاش هاتنە سەر گوندەكەمان و فرسەتیان هێناو چونە سەر ماڵی خزمێكمان و دوو كەسیان بە فیشەك و رومانە لە خەودا برینداركرد بەناوی ( محەمەد و ئەحمەد) دوای شەڕو بەرگریەكی زۆری خەڵكی گوندەكە جاشەكان رایانكردوو.

پێش پرۆسەی ئەنفال 1987، (پرۆسەی ئەنفال شوبات بۆ ئەیلولی 1988ی خایاند) گوندەكان هەموو كرانە " ناوچەی قەدەغەكراو" ئەوەی لە گوندەكان ببینرایە هێلی كۆپتەر دەگەیشتنە سەری تەقەیان لێدەكرد، تەنانەت هێلی كۆپتەر تەقەی لە شوان و جوتیاریش دەكرد، دۆخەكە گەیشتبووە ئاستێك خەڵكی گوندەكان نەیاندەتوانی بەرۆژ كاربكەن، شەوان كاریان دەكرد و بەرۆژ خۆیان دەشاردەوە، تەنانەت لە سەر شوێنی كشتوكاڵ و كاركردنیشدا حەشارگە كە پێیان دەوت "كونە تەیارە" درووست دەكراو هەركات كۆپتەر دەردەكەوت خۆیان دەشاردەوە، بەردەوام سێ كۆپتەر پرۆسەی كێوماڵیان دەكرد یەكیان (حەماڵ) بوو كە بە بەرزیەكی زۆرەوە چاودێری دەكرد و دوانیان (حەربی) بچوك كە زۆر نزمدەبوونەوە ئەوان شەڕیان دەكرد.

مانگی حوزەیرانی 1987 پێش پرۆسەی ئەنفال نزیكی سەعات 12ی نیوەڕۆ سێ هێلی كۆپتەر گەیشتنە سەر گوندەكەمان، ماڵی ئێمە بەجیا لەو بەری گوندەكەبوو، پشتمان گردێك بوو، تراكتۆرەكەمان لە نێوان ماڵەوەو گردەكەدا شاردبووەوە لەبەر ئەوەی شەو كاری دەكرد و رۆژ ئەمان شاردەوە، لە پشتی ماڵەوە دوو كونە تەیارەمان درووست كردبوو هێلی كۆپتەرەكان گەیشتنە سەر ماڵی ئێمە زۆر نزیك بوونەوە، من و دایكم خۆمان گەیاندە كونەتەیارەكەی نزیك تراكتۆرەكە، رەسوڵی برام و عەتیەی خوشكم گەیشتنە كونەتەیارەكەی سەرەوە، هێلی كۆپتەرە حەماڵەكە لەبەرزیەوە چاودێری دەكرد، دوو هیڵی كۆپتەرە حەربیەكە دەستیان كرد بە تەقەكردن لە ماڵمان و تراكتۆرەكە كە بە خەیمە شاردرابوەوە، هێرەشەكەیان هێندە زۆر بوو تەپ و تۆزو دوكەڵێكی زۆری درووست كرد وایان زانی تراكتۆرەكەیان سوتاندووە، ماوەیەك تەقەكردن وەستا، كە زانیایان نەیان سوتاندووە، جارێكی تر گەڕانەوە، دایكم جارجار سەری دەبردە دەرەوە دەگەڕایەوە منی بەخۆیەوە دەنوساندوو دوعای دەكرد، بەڵام ناترسا هێندەی نەهامەتی و شەڕو دەردەسەری بینی بوو كە سەرم هەڵدەبڕی سەیرم دەكرد ئەیوت هیچ نیە ئێستا دەڕۆن لەبەر خۆشیەوە دوعای دەكرد (دایكم ئەو كات تەمەنی 37 ساڵ بوو 10 ساڵ بوو باوكم وەفاتی كردبوو) ئەوكاتەی باوكم وەفاتی كرد براگەورەكەم تەمەنی نەگەیشتبووە 10 ساڵ و دایكم جامانەیەكی كردبووە سەری بۆ ئەوەی بزانرێت ماڵەكە پیاویان لەماڵە.

دەنگی هێرش و تەقەی دۆشكەی دوو هیڵی كۆپتەرە شەڕكەرەكەو و دەنگی وەڕینی سەگە رەشەكەمان تێكەڵ بوون، سەگە رەشەكە لەسەربانەكەمانەوە بەردەوام بە هێلی كۆپتەرەكان دەوەڕی، پاش ماوەیەك نە دەنگی تەقە ماو نە دەنگی سەگە رەشەكە، هێلی كۆپتەرەكان رۆیشتن، دایكم چووە دەرەوەو بانگی رەسوڵی برام و عەتیەی خوشكمی كرد وتی ماون، ئەوان لە كونەتەیارەكەی سەرەوە هاتنە دەرەوە، زانیمان سەر سەلامەتەو كەسمان بەرنەكەوتووین، كە چوینە دەرەوە سەیری تراكتۆرەكەمان كرد كردبوویان بە بێژن، وێرانیان كردبوو، دوو داری گەورە لەناو حەوشەكەمان بوو، چوینە حەوشەكەوە لە ژێر دارەكاندا شەگە رەشەكەمان بینی فیشەكێكی دۆشكە بەر سكی كەوتبوو لەسەربان هاتبووە خوارەوە بۆ ژێر دارەكان چونكە بەردەوام لەژێر ئەو دارانەدا دەخەوت، بینیمان بەشێك لە ریخۆڵەی هاتبووە دەرەوە، بە حەزینیەكی زۆرەوە سەیری دەكردین، سەیری داكم كرد فرمێسكی لە چاوی دەهاتە خوارەوە، چونكە 10 ساڵ بوو هۆگری سەگە رەش بووین، دایكم هەمیشە دەیوت "سەگە رەش ئاوەدانی ماڵە" ، كاتێك خەڵكی گوندەكە هاتن بە دەممانەوەو ئێمە چوینە دەرەوە سەیری تراكتۆرەكەمان كرد دوایی گەڕاینەوە سەگەرەشەكە ئەوێی جیهێشتبوو، چوبوە دەرەوەو دواتر دۆزیمانەوە لە دووری ماڵەوە لە ناو چەمەكە تەواو ببو، لە دوای ئەو رووداوەوە هەستمان بە چۆڵەوانیەك دەكرد، ئەو سەگە هەم پاسەوان و هەم ئاوەدانی ماڵ بوو.

گوندنشینەكان رۆژگاری رەشیان بەڕی دەكرد بەدەست تۆپ و تەیارەو بۆردوومانی بەردەوامی بەعسەوە، تا گەیشتینە ئەنفال، 3/5/1988 پرۆسەی ئەنفالی گوندەكەمان دەستی پێكرد، بەعس هێزی زۆری كۆكردبوەوەو پێشمەرگە لەو گوندەكەماندا زۆرتر بووبون چونكە ئەنفالی ناوچەكانی گەرمیان و قەرەداغ و دۆڵی جافایەتی تەواوبووبو، پێیان وتین هەموو ناوچەكان تەواو بوون ئێرەش تەواو دەبێت خۆتان بگەیەننە ناو شار، دایكم لە ئێوارەوە ئێمەی ئامادەكرد و رەوانەی شاری كردین و خۆی مایەوە، بەڵام وتی "بەعس ئامانی نیە" بۆیە بە رێگەی سەرەكیدا مەڕۆن ئێمە ئێوارە بەپێی بەڕێكەوتین بە شاخ و هەردا بەیانیەكەی بەسەلامەتی گەیشتینە شار، ئەوانەی بەشەقامدا رۆیشتن هەموویان كەوتنە دەستی جاشەكان و ئەنفالكران، بەڵام ئێمە لە دەستی سەرباز و جاش رزگارمان بوو.

گەیشتینە شار بەڵام كام شار ( من و عەزیز و رەسوڵ) بەجیا هەر رۆژەی لەماڵی مام و پوورمان بە ترس و لەرزەوە بەرێدەكرد دایكم لە شوێنی تر براگەورەكانم نەماندەزانی لە كوێن، ترس و رەشبگیری و بەعس و پێیان دەوتین (ئێوە ئحساتان) نیە، نەماندەزانی چۆن ئەو رۆژانەمان تێپەڕاند، دۆخەكە بۆ ئێمە وەك خەون بوو، چونكە منداڵ بووین و دركمان بە زۆر شت ناكرد، تەنها دەمانزانی هاتوینەتە شارەوە، دوای 10 رۆژ لەگەڵ دایكم و براكانم یەكمان بینیەوە هەر رۆژەی لەماڵێك، هیچمان بۆ دەرنەچوو، لە گوندەكەمان خاوەنی هەموو شتێك بووین ( لە مەڕو ماڵات و كشتوكاڵ و ژیانێكی پڕ لە كامەرانی و هەبوو) تەنها خۆمان و ئەو جلەی لەبەرمان بوو هیچیتر، دایكم وتی وا نابێت دەبێت خانویەك یان كەلاوەیەك بگرین، زۆر گەڕاین دواجار كەلاوەیەكمان دۆزیەوە تەنها سەقفی تێكرابوو بلوك بوو دەرگاو پەنجەرەی نەبوو ناوی پڕی لە لەتە بلۆك و چەو لمم بوو، سەیرمان دەكرد دایكم وتی پێی رازین، هەرچۆنێك بێت بۆ ئەوەی خۆمان كۆبكەینەوە، پیاوێكی ئەسمەر رەنگ هاتوو وتی چی دەكەن لەم كەلاوەیەدا ئەوە هی ئێمەیە، وتمان دەمانەوێت لێرە بژین، ئەو كەسێكی هۆشیار بوو، دەیزانی بە رەنگی دەموچاوماندا لە ئەنفال جێماوین، وتی" ئەم كەلاوەیە بۆ ئاژەڵیش نابێت تیادا بژی چۆن بەكەڵكی ئێوە دێت" وتمان هەرچۆنێك بێت ئێمە پێی رازین وتی زۆر باشە ئەو ناوەتان كەمێك بۆ پاك دەكەمەوەو ئاوتان بۆ دێنم زۆر لەفز شیرین بوو زۆر بەدەمانەوە هات، ئەو ناوی ( خەتاب عوسمان سابیر)بوو كە چوینە كەلاوەكەوەو هەندێك كەلو پەلمان پەیداكردوو تا ئاستێك ئیستقرارمان كرد، رۆژانە كاك ( خەتاب) دەهات سەری لێدەداین و ئەیویت چیتان پێویستە بۆتان بكەم، (خەتاب) دواتر ناوی خۆی گۆڕی ئێستا نوسەرو رۆشنبیرێكی دیارەو ناوی (كامیار سابیر)ەو لە ئوسترالیا دەژی، هەندێك هەڵوێستی مەردانە هەیە لەرۆژی سەختدا هەرگیز بیرت ناچێت بەتایبەت لە رۆژگاری رەشی ئەنفالدا كە كەس نەیدەوێرا بتگرێتە خۆی، ئەو هەڵوێستەی ( كامیار سابیر)م هەمیشە لە هەست و شعوردایە. لەوێوە جارێكی تر خۆمان كۆكردەوەو ووردە ووردە رۆژكاری رەشی ئەنفالمان تێپەڕاندو جارێكی تر دەستمان كردەوە بە ژیانكرد.

لەدوای راپەڕینەوە بۆیەكەم جار بە تامەزرۆیەكی زۆرەوە سەردانی گوندە كاولكراوەكەمان كرد، جار جار بۆ دەغڵ و دان و كشتوكاڵ و هەندێك جاریش بۆ سەردانی دەچوینەوە گوند، هەمیشە كونە تەیارەو سەگە رەشەكە و هێلی كۆپتەرو شەڕو نەهامەتی پێش ئەنفال و یادگارییە تاڵ و شیرینەكانی گوند لە كۆنەستماندا بوو، خەوی سەر سەربان و بژاردنی ئەستێرەكان و چاوشاركێی شەوانی ناو گوندو دەنگی كارو بەرخ و خوڕەی كانی و ئاوەدانی ئێوارانی گوند، هەرگیز لە خەون و خەیاڵ و كۆنەستمان دەرناچن، جار جار سەرمان لە گوندەكەمان دەدا بەڵام لەوێ نەدەژیاین تا لە رۆژێكی هاویندا درووست لە 12/7/1996 بە روداوێكی تراكتۆر لەناو گوندەكەمان دایكم گیانی سپاردوو ماڵئاوایی لە 45 ساڵ لە نەهامەتی و دەردەسەری و رۆژگاری رەشی ئەنفال و تۆپباران كرد، ئەمڕۆ 12/7/2020 درووست 24 ساڵ بەسەر ئەو رۆژەدا تێپەڕ دەبێت، باوكم نەبینیوە، بەڵام پێم وایە بێ دایكی ئازارێكی درێژخایەنەو هەرگیز سارێژ نابێت، دەوترێت " ئەوەی دایكی ھەیە و ھەموو بەیانی و ئێوارەیەك دەیبینێت، بۆی نییە باسی بێتاقەتی و ئازار و ناخۆشی ژیان بكات".

ئەمە بەشێكە لە ئازار و نەهامەتی ئەو رۆژگارەی بەناوی ژیانەوە تێمان پەڕاندووە، دڵنیام تۆش كە ئەم رووداوانە دەخوێنیتەوە لە زاویەیەكی ترەوە بە هەمان پەیژەی ئازار و نەهامەتی و سەختی رۆژگاردا تێپەڕیوی، بەڵام هەمیشە ئازار و نەهامەتی، مرۆڤ بەهێز دەكات و بەرگری (مەناعە)ی بۆ پەیدا دەكات، لەگەڵ ئەوەشدا هەموو هەڵپەی ئەوەمانە بگەین بە خۆشیەكانی ژیان، كاتێك پێی دەگەین ئەوكات دەزانین خۆشیەكان ئەوەبوون كە رابوردن، نەكە ئەوەی چاوەڕێین پێی بگەین.

زیاتر