نەوتی رۆژئاوا، دەفرۆشرێتە دیمەشق و كەسانێك لەناو پارتی و لایەنی دیكە

سەرتیپ جەوهەر

رۆژنامەنووس
  30/07/2020  |    2537 جار خوێندراوەتەوە

خاكی رەش

یەكێك لەوانەی لەپرسی نەوت نزیك بوو لە رۆژئاوای كوردستان بینیم. پیاوێكی شارەزاو ئاگاداربوو، حەزینەدەكرد خەڵك بزانێت ئێمە یەكترمان بینیوە قسەی بۆمن كردووە.

هەركە پێدەنێیتە ناو خاكی رۆژئاوای كوردستان لە سێمالكاوە، دیمەنی هاتوچۆی تانكەری نەوت و ئامێرەكانی دەرهێنانی نەوت لەسەر سنورەوە دەبینی تا دەگاتە رۆژئاوای رمێلان. بێگومان نەوت تەنها لە رمێلان نییە، بەڵكو لەچەند ناوچەیەكی جیاواز هەیە. ئیدارەی رۆژئاوای كوردستان بەتوانا ساكارو تەكنیكی كۆن بەشێك لەو نەوتە دەردەهێنێت، بەشێكی دەفرۆشێت و بەشەكەی دیكەشی بۆ مەبەستی جیاواز بەكاردێت، بۆنمونە بەكارهێنانی بۆ كارگەی قیرو بەرهەمهێنانی كارەباو هاوكات بەشێكیشی دەپاڵێون دەیكەن بەسوتەمەنی جیاواز.

بەپێی ئەو لێكۆڵینەوەو زانیارییانەی بەردەستن، بەتایبەت دوایین زانیاریی كە لەلایەن ماڵپەڕی (ئۆیڵ پرایس) بڵاوكراوەتەوەو تایبەتمەند وزەو بەنەوت بارەگای لە بریتانیایە، دەڵێت یەدەگی نەوتی سوریا بە دوو ملیارو 500 ملیۆن بەرمیل مەزندە دەكرێت، لەو بڕە لانیكەم لە 75% دەكەوێتە سنوری شاری دێرزۆر! واتە لانیكەم كۆی نەوتی سوریا لەسەروو لە 90% ئەو بڕە نەوتەی دۆزراوەتەوە دەكەوێتە سنوری رۆژهەڵاتی فورات.

ئەو ناوچانەی كە نەوتی لێیە لەسنوری رۆژهەڵاتی فورات بەشارە كوردستانییەكانیشەوە، بریتین لە كێڵگەكانی تەنەك و عومەر لە درێرزۆر، ژمارەیەك كێلگەو بیری جیاواز لە رمێلان، لەسنوری شاری حەسەكە، چەند بیرێكیش لەسنوری پارێزگای رەققە هەیە. بەشێوەیەكی گشتیی ئەو نەوتەی لەسوریا هەیە دەگاتە لە 0.16% بۆ 0.18% رێژەی یەدەگی نەوت لەجیهان. ئەوەی دەمێنێتەوە باسی بكەین و بزانین چەند لەو نەوتە دەردەهێنرێت و سودی لێدەبینرێت.

تائێستا ئەو ژمارانەی بەردەستن سەبارەی بەدەرهێنانی نەوت چ لەسەردەمی بوونی ئیدارەی رژێمی سوریا لەو ناوچانەو چ ئێستا بەتەواوی روون نییە. بەپێی ئەو ژمارانەی بەردەستن پێش رووداوەكانی 2011 رێژەی بەرهەمهێنانی نەوت لەسوریا لەرۆژێكدا گەیشتۆتە 400 هەزار بەرمیل لەرۆژێكدا. لەو رێژەیە 250 هەزار بۆ پێویستی ناوخۆ بەكارهێنراوە و ئەویدیكەی فرۆشراوە. هەندێ‌ سەرچاوە دوپاتیدەكەنەوە لەو رێژەیە زۆر زیاتر بەرهەمهاتووەو بەرهەمهێنان گەیشتۆتە سەرو یەك ملیۆن بەرمیل لەرۆژێكدا، بەڵام رژێم بەجیا فرۆشتویەتی و تەنها 400 هەزار بەرمیلی لەداهات كردووەو راگەیاندووە، ئەویدیكە بۆ مەبەستی تایبەتی حزبی بەعسی عەرەبی لە سوریا فرۆشراوە.

سەبارەت بەرێژەی بەرهەمی نەوت لەرۆژهەڵاتی فورات، لەئێستادا رێژەی بەرهەم یان ژمارەیەكی رەسمیی بەردەست نییە. میدیاكانی سوریاو جیهان ژمارەی جیاواز لەوبارەیەوە بڵاودەكەنەوە، بەڵام وردو پشتڕاستكراوەو رەسمیی نییە.

بەپێی هەندێ سەرچاوە ئەو رێژەیەی ئێستا بەرهەمدەهێنرێت 100 بەرمیل زیاترە، پێگەی (ئۆیڵ پڕایس) لەراپۆرتیكی كۆتایی ساڵی 2019 دەڵێت رۆژانە دەیان هەزار بەرمیل لە كێلگە جیاوازەكانی نەوت لەرۆژهەڵاتی فورات لەلایەن رێڤەبەری خۆسەر دەردەهێنرێت.

ئەو نەوتەی لە رۆژهەڵاتی فورات یان رۆژئاوای كوردستان دەردەهێنرێت رێژەی هەرە گەورەی لەناوچەكانی دێرەزۆر بەرهەمدەهێنرێت، ئەویدیكە لە رمێلان سەدان بیری نەوتی لێیە، لەگەڵ حەسەكەو چەند شوێنێكی دیكە بەرهەمدەهێنرێت. ئەو قەبارەیەی بەرهەمدەهێنرێت زۆر نییە بەراورد بەبونی رێژەی یەدەگی نەوت لەسوریا، بەڵام توانای بەرهەمهێنانی نەوت لەلایەن رێڤەبەری خۆسەر سنوردارەو لەئێستادا توانای بەرەوپێشبردنی نەوتیان نییە.

سەرباری كەمی بەرهەم لەئێستادا، بەڵام یەكێك بەپێی لێدوانی شارەزایەك بۆ پێگەی تایبەتمەند (گلۆباڵ دیفیلوبمێنت GDC) رێڤەبەری خۆسەر دەتوانێت ئەو رێژەیە پەرەپێبدات بۆ 400 هەزار بەرمیل لەرۆژێكدا! ئەمەش بەڵگەیە كە ئەو ژمارانەی پێشتر لەلایەن وەزارەتی نەوتی سوریا بڵاوكراونەتەوە راست نین.

سەبارەت بەو نەوتەی بەرهەمدەهێنرێت، بەپێی زانیاریی پشتڕاستكراوە لەچەند سەرچاوەیەكەوە كە ئەوكاتە دەستمكەوت، بەشێكی بۆ ناوخۆ لەرۆژئاوای كوردستان بەكاردەهێنرێت و ئەویدیكە لەڕێگەی جیاوازەوە دەفرۆشرێت. لەوانەیە بەشی هەرە گەورەی دەفرۆشرێتە رژێمی سوریا، بەشێكی دەفرۆشرێتە سەرچاوەیەك لەپارتی دیموكراتی كوردستان لەباشوری كوردسان، بەشێكی كەمیشی لەڕێگەی جیاوازەوە دەفرۆشرا بەو گروپە چەكدارانەی كە ناویان لەخۆناوە ئۆپۆزسیۆن لەسوریاو لەدەوروبەری شاری حەلەب بونیان هەبوو.

سەرچاوەكە رونیكردەوە لەرۆژئاوای كوردستان كەسێك بەناوی (عەلی شێر) سەروكاری فرۆشتنی نەوت لەرۆژهەڵاتی فورات یان لەلای رێڤەبەری خۆسەر دەكات و ئەو پیاوە نەوت دەفرۆشێتە لایەنە جیاوازەكان. هەروەك ئەوبەشە زۆرەی نەوت كە رەوانەی ناوچەكانی رژێمی سوریا دەكرێت لەڕێی تانكەرەوەیەو رۆژانە دەگوێزنەوە. ئەو نەوتە لەلایەن بازرگانێكی نزیك رژێمی سوریا كە لەدیمەشق دادەنیشێت بەناوی (بەڕا قاترچی) دەكڕدرێتەوەو گرێبەستی بۆكراوەو تەنها دەفرۆشرێتە ئەو بازرگانە.

دیار نییە ئەو نەوتە بەچەند دەفرۆشرێت و مانگانە رێڤەبەری خۆسەر چەندی دەستدەكەوێت، بەڵام بەپێی سەرچاوەكان ئەوكاتە كە نەوت لەسەروو 60 دۆلار بوو لەبازاڕی جیهانیی، مانگانە بەڕا قاترچی لەنێوان 50 بۆ 60 ملیۆن دۆلار نەوتی لەرۆژئاوای كوردستان دەكڕیەوە.

سەبارەت بەو نەوتەی بەقاچاخ رەوانەی باشوری كوردستانیش دەكرێت، بەپێی سەرچاوەی ناڕەسمیی كە ئەوكاتە ئاشكرایكرد و رونیكردەوە كە مانگانە بای سەروو 10 ملیۆن دۆلارێك دەفرۆشرێتە سەرچاوەیەكی تایبەت لەپارتی دیموكراتی كوردستان و بەرمیلی بە 30 دۆلارێك دەیكڕێتەوە. لەوبارەیەوە ناوی چەند لێپرسراوێك دەهێنرێت، بەڵام لەبەرئەوەی زانیارییەكان رەسمیی نین بۆیە ئاماژە پێكردنیان زەحمەتە.

بەپێی راپۆرتی پێگەی ئۆیڵ پرایس-یش كە لەكۆتایی 2019 بڵاوكراوەتەوە مانگانە هێزەكانی سوریای دیموكرات بای 10 ملیۆن دۆلار نەوت دەفرۆشن و هەر بەرمیلێكیش بە 30 دۆلار.

لەبارەی بڕی ئەو نەوتەی دەفرۆشرێتە سوپای ئازاد، زانیارییەكی ئەوتۆ بەردەست نییە تەنها ئەوە نەبێت بەپێی سەرچاوەكە ئەو نەوتە بۆیە دەفرۆشرا ئەو هێزانە، تاوەكو لەهەندێ ناوچە پەلاماری هێزە كوردییەكان نەدەن بەتایبەت لەنزیك حەلەب.

عەلی شێر پیاوێكی ناسراوە لەرۆژئاوای كوردستان، وەك ئاشتی هەورامیی باشوری كوردستان ئاگاداری وردەكاری نەوتی رۆژهەڵاتی فوراتە. بەپێی سەرچاوەكان ماڵێكی لە ناوچەی جەرەمانەی دیمەشقەو ئێستا بووە بەدەوڵەمەندێكی گەورە. سەرچاوەیەك لەدیمەشق پێی وتم لەئاهەنگێكی تایبەت كاتژمێرەكەی دەستی پێشانداوە كە بە 150 هەزار دۆلار كڕیویەتی.

وەك باشوری كوردستان پرسی نەوت لەرۆژئاوای كوردستان تەمومژێكی زۆری لەسەرە، دیار نییە چەند بەرهەمدەهێنرێت و چۆن دەفرۆشرێت و پارەكەیشی چی بەسەردێت. ئەوەی روونە داهاتەكەی بۆ رێڤەبەری خۆسەرە كە لەژێر هەژموونی پارتی یەكێتی دیموكرات (پەیەدە)یە.

لەگەڵ ئەوەی رۆژئاوای كوردستان لەژێر بارودۆخێكی نالەباری ئابوریی و شەڕدایە، بەڵام خەڵك هەیە گلەیی دەكات لەوەی مانگانە پارەیەكی زۆری نەوت دێتە دەست كەچی ئاوەدانییەكی ئەوتۆ بەرۆژئاوای كوردستانەوە دیار نییە.

لەرۆژئاوای كوردستان یان بەری رۆژهەڵاتی فورات تەنها نەوت نییە، بەڵكو سامانێكی سروشتی زۆر گرنگترو بەڕێژەو قەبارەیەكی زۆر گەورەتر هەیە ئەویش گازی سروشتییە.

لەبارەی بوونی گازەوە، هێشتا روون نییە قەبارەكە چەندە، مەزندە دەكرێت یەدەگی گاز بگاتە 250 ملیار مەتر سێجا. دەستەی جیۆلۆجی ئەمریكا بە 700 ملیار مەتر سێجا مەزندەی دەكات، بەڵام بەپێی دوایین لێكۆڵینەوەو پێشبینی ناوەندی فێرێڵ بۆ توێژینەوە لەبەرلینی پایتەختی ئەڵمانیا رێژەی گازی سروشتی سوریا دەگاتە 28 تریلیۆن مەتر سێجا، زۆربەی دەكەوێتە رۆژهەڵاتی دێرەزۆرو تەریب لەگەڵ سنوری عیراق، هەروەك رێژەیەكی ئێجگار گەورەی نەوت لەدیوی عیراق دۆزراوەتەوەو دەكەوێتە ناوچە سوننە نشینەكان. ئەگەر ئەو توێژینەوەی ناوەندی فێرێڵ وەكوخۆی دەربچێت ئەوا سوریا بازێكی گەورە دەدات لەپرسی وزەو دەبێتە وڵاتی سێیەم لەسەر ئاستی جیهان.

هێشتا روون نییە بەتەواوی ئەو گازەی دەكەوێتە سنوری قەڵەمڕەوی رێڤەبەری خۆسەر چەندە، بەڵام ململانێی نێودەوڵەتی بەتایبەت لەنێوان ئەمریكاو روسیاو پێداگری توركیا بۆ شەریك بوون لەسامانی سروشتی ناوچە، ئاماژەن بۆ بوونی قەبارەیەكی ئێجگار گەورەی گازی سروشتی لەناوچەكە. پێشبینی دەكرێت لەچەند ساڵی داهاتوو ئەگەر ناوچەكە بەرەو ئارامیی بڕوات، دەیان كۆمپانیای گەورەی جیهانیی رووبكەنە رۆژئاوای كوردستان بۆ دەرهێنانی گازی سروشتیی.

لە 2011 رۆژانە نزیكەی 30 ملیۆن پێ سێجا گاز لەسوریا بەرهەمدەهێنرا، ئێستا روون نییە چەندن، بەڵام نزیكەی لە 50% بەرهەمی گازی سروشتیی ئێستا دەكەوێتە سنوری رۆژهەڵاتی فورات بەتایبەت لەناوچەكانی حەسەكەو درێرەزۆر بەرهەمدەهێنرێت و بۆ پێویستی ناوخۆ بەكاردەهێنرێت.

لەماوەی چەند ساڵی دوایی، ژمارەیەك لێكۆڵینەوەی ئابوریی نوێ هەن كە باس لەدروستبونی ململانێیەكی توندی نوێی نێوان وڵاتانی زلهێز دەكەن لەسەر گازی سروشتیی لەعیراق و سوریا. ئەوەی پەیوەندی بەسوریاوە هەیە توركیا زۆر لێی نیگەرانەو ترسێكی زۆری هەیە كە ببێتەهۆی زیاتر گەشەكردنی رێڤەبەری خۆسەرو بەهۆی ئەو سامانە سروشتییەوە ئەمریكا گرنگی زیاتر بەناوچەكە بدات و ببێتەهۆی بوژانەوەو بەهێزكردنی ئابوری رێڤەبەری خۆسەر لەرۆژهەڵاتی فورات كە توركیا قەڵەمڕەوی كورد هەژماری دەكات و پێی وایە كاریگەری لەسەر بوون و گەشەی كورد لەباكوری كوردستان دەبێت.

لەعیراقیش پێشبینی دەكرێت قەبارەیەكی ئێجگار گەورەی گاز لەسنوری پارێزگای ئەنبارو باشوری موسڵ لەناوچەی سوننە نشینەكان هەبێت كە زۆرینەی سوننەن، هەروەك رێژەیەكی ئێجگار زۆری گازی سروشتی لەناوچەكانی هەرێمی كوردستان بەتایبەت گەرمیان هەبێت كە ئێستا چەند كۆمپانیایەك كاری لێدەكەن.

لەو چەند چەند ساڵەی دوایی، لەمیدیاكان باس لەپلانێكی گشتگیر دەكرا لەرۆژهەڵاتی ناوەڕاست بۆ گوێزانەوەی گازی سروشتی كوردستان بۆ هێڵی نابۆكۆ لەدەریای قەزوین لەوێوە بۆ ئەوروپا كە درێژیەكەی 330 كیلۆمەترە.

زیاتر