دەقی دوو ڕێککەوتنی نێوان حکومەتی هەرێم و پەکەکە

رێبین فەتاح

ڕۆژنامەنووس
  03/11/2020  |    2568 جار خوێندراوەتەوە

پاش پێکهێنانی حکوومەتی هەرێم، دوو ڕێککەوتن لەنێوان حکوومەتی هەرێم و پارتی کرێکارانی کوردستان/پەکەکە لە ساڵانی ١٩٩٢ و ١٩٩٣ ئیمزا کرا. ئەوە یەکەمین ڕێککەوتنی ئیمزاکراوی نێوان حکوومەتی هەرێم و پەکەکەیە، کە لێرە وەک سەرچاوەیەکی مێژوویی دەقی هەردوو ڕێککەوتنەکە دەخەمە ڕوو، بەهیوای ئەوەی سوودی بۆ توێژەران، شرۆڤەکاران و میدیاکاران هەبێت .

ڕێککەوتنی یەکەم؛

لە ٢٩ی تشرینی یەکەمی ١٩٩٢ لە بارەگای ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان، هەریەک لە فواد مەعسووم سەرۆکی حکوومەتی هەرێم و ڕۆژ نوری شاوەیس جێگری سەرۆکی حکوومەت، لەگەڵ شاندی پەکەکە کە پێکهاتبوون لە عوسمان ئۆجەلان و کەنعان سمۆ ئیمزا کرا. ڕێککەوتنەکە ڕاگەیاندنی پابەندێتی ئەنداماکانی پەکەکەیە لە هەرێمی کوردستان بە بڕیارێکی پێشووی پەرلەمان و حکوومەتی هەرێم لە ٥ی تشرینی یەکەمی ١٩٩٢دا لەسەر ئەوەی؛

یەکەم؛ پ. ک. ک پەیمان دەدا ڕێزی یاسای هەرێمی کوردستانی عێراق دەگرێت و هەموو ئەندام و کەسەکانی تا لەسەر خاکی هەرێم بن ئیلتزامی پێوە دەکەن. هەر لەم ڕوانگەیەوە؛

١ -خاکی کوردستانی عێراق بۆ کاری سەربازی بەکارناهێنن .

٢ -ئەو ئەندام و کەسانەی سەر بە حزبن و دەیانەوێ لە کوردستانی عێراق بمێننەوە دەگوازرێنەوە بۆ ئەو شوێنانەی حکوومەتی هەرێم دوور لە هێڵی سنووری تورکیا دەستنیشانی دەکات .

٣ - ئەمانە سەربەست دەبن لە هاتوچۆکردن بە ئاگاداری وەزارەتی ناوخۆ و بەگوێرەی ئەو پسوولانەی بۆیان دەکرێت .

٤ - ڕاگرتنی هێرشی ئیعلامی دژی حکوومەتی هەرێم و بەرەی کوردستانی .

دووەم؛

١ -ئەو کەسانەی ئەیانەوێ لە کوردستانی عێراق بمێننەوە و خۆیان خەڵکی کوردستانی تورکیان، حکوومەتی هەرێم پاراستنیان دەستبەر دەکات .

٢ - کەسانی (پ. ک. ک) سامانیان لە هەرێم دەپارێزرێت .

٣ - ئەو کەسانە بۆیان هەیە بە ئازادی چالاکی سیاسی لە هەرێم بنوێنن .

٤ - دەسەڵاتی هەرێم چارەسەری تەندرووستی بۆ بریندار و نەخۆشەکان دەستبەر دەکات .

ئیمزا؛

-فواد مەعسووم/سەرۆکی ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستانی عێراق

ڕۆژ شاوێس/جێگری سەرۆکی ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستانی عێراق .

-عوسمان ئۆجەلان ئەندامی وەفد .

-کەنعان سمۆ ئەندامی وەفد لە چاوپێکەوتنەکان .

ڕێککەوتنی دووەم؛

لە ڕۆژی ٢٧ی نیسانی ١٩٩٣ و لە بارەی سەرۆکایەتی ئەنجوومەنی وەزیران کۆبوونەوە لەگەڵ هاوڕێ (فەرهاد ئۆجەلان) کۆتایی پێهات، بە ئامادەبوونی وەزیری ناوخۆ بەڕێز یونس ڕۆژبەیانی و جێگری وەزیری ناوخۆ بەڕێز ئەحمەد شەریف و بەڕێوەبەری گشتی ئاسایش بەڕێز کەریم سنجاری، ئەمەی خوارەوە بڕیار درا؛

١ -دەبێ (پ. ک. ک) سەرجەم بەندەکانی ئەو ڕێکەوتننامە مۆرکراوەی ٣٠/١٠/١٩٩٢ی نێوان خۆی و حکوومەتی هەرێم جێبەجێ بکات .

٢ - بە هیچ شێوەیەک لە شێوەکان نابێت هێزەکانی لە ناوچەکانی سنووری بهێڵێ و هێزەکانیان دەست بدەنە کاری سەربازی و هێرش بردنە سەر حکوومەتی تورکیا لە خاکی کوردستانی عێراقەوە .

٣ - چارەسەری گیروگرفتەکانی (پ. ک. ک).

٤ - پەیوەندی (پ. ک. ک) لەگەڵ بەڕێوەبەرایەتی گشتی ئاسایش دەبێت دەربارەی وەزعیان لە ناوچەی (زەلی) و هاتوچۆیان لە شارەکاندا .

ئیمزا؛

-کۆسرەت ڕەسوڵ سەرۆکی ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان

-د. ناسح غەفوور جێگری سەرۆکی ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان .

-فەرهاد ئۆجەلان.


زیاتر