ڕاتەکاندن و ڕەتکردنەوە

هەڵمەت عەلی

رۆژنامەنوس
  30/01/2021  |    8224 جار خوێندراوەتەوە

بەرماڵ ئامڕازێکی سیمبولیکی مرۆڤی ئیماندارە، سەدان ساڵە کەرەستە و پێداویستی ڕێزی نوێژخوێنانە لە حزوری خالقدا، هەرچەند بەکارهێنانی ئەم پارچە قوماشە داهێنراوێکە بۆ ڕەخساندنی کەش و ژینگەیەکی لەبارتر بۆ پەرستش، بەڵام لەهەمانکاتدا مەغزای قوڵتر دەدات بەدەستەوە، له دیارترینیان ڕێزگرتنە لە سنوری خود کە تا پانتایی سوجدە بردنێکی تەواو درێژ دەبێتەوە .

مێژووی بەکارهێنانی بەرماڵ کە بە عەرەبی پێی دەوترێ "سجادة صلاة" دەگەڕێتەوە بۆ سەردەمی پێغەمبەری ئیسلام "د.خ"، دەوترێ زۆرکات پێغەمبەر لەکاتی نوێژکردندا پارچەیەک حەسیری بەکارهێناوە بۆ نوێژکردن، تەنانەت له زمانی عائیشە خێزانی پێغەمبەرەوە هاتووە؛ کە پێغەمبەری ئیسلام بەرماڵێکی تایبەتی هەبووە لەماڵەوە و لەکاتی نوێژکردندا ڕایخستووە. بەڵام بەکارهێنانی بەرماڵ مەرجی خۆی هەیەو دەبێت موسڵمان پەیڕەوی لێ بکات، نابێت زەخرەفە و وێنەی سەرنجبەری تێدابێ کە ئیشکالییەت بۆ پەیوەندی نوێژخوێن بە خودای خۆیەوە دروستبکات .

ئەگەر سەدان ساڵ بێ بەرماڵ خەسڵەتێکی دیاری فەریزەی نوێژ و نوژخوێنان بێ و، لە ئەدەبیاتی دینیدا پێگە و حزورێکی ڕۆحی هەبێ، ئەوا ئەمڕۆ وەزیفەکەی (ئەگەر بۆ چرەساتێکیش بێ) تاڕادەیەکی زۆر گۆڕا، چونکە وەک دەزانین هەمیشە بەرماڵ نەرم و ئارام مامەڵەی لەگەڵ دەکرێ، هێمن ڕادەخرێ و لەسەرخۆ کۆدەکرێتەوە، بەڵام ئەمڕۆ لە ڕێگەی ڕاتەکاندنێکی توندەوە پەیامگەلێکی جیاوازتری دا، جیاواز لە نوێژ، ڕۆڵێکی دیکەی گێڕا .

ئەمڕۆ، ئەم نوێژخوێنە لەڕێگەی ئەو بەرماڵەوە پێی وتین؛ چۆن بەرماڵ کەرەستە و ئامڕازێکە بۆ پەرستش، لەهەمانکاتدا مینبەری وتاردانیش ئامڕازێکە بۆ هەمان مەبەست، پێی وتین؛ تێکەڵکردنی پەیامی خودا و خواست و ویستە شەخسی و حیزبییەکان لادانە لە جەوهەری دین، توند ڕاتەکاندنی بەرماڵی دەستی گوزارشت بو لە ڕەتکردنەوەی ئەو مەیلە دزێوەی سێ دەیەیە تەواوی کایەکانی کۆمەڵگە بە حیزبی و شەخسی دەکات .

ئەمڕۆ بەرماڵی دەستی ئەم نوێژخوێنە بوە ڕۆژەڤ، تەنانەت لە سۆشیال میدیادا نرخی لەسەر دادەنرێ، ئەوەش بەرجەستەکاری توڕەیی خەڵکە لەو سیستمەی  ٣٠ْ ساڵە نایەڵێ کایەکانی کۆمەڵگە ڕۆڵی ڕاستەقینەی خۆیان ببینن، توڕەییە لەو بەناو مەلاو مامۆستاو پزیشک و ئەندازیار و چین توێژانەی تر، کە خۆراکپێدەری دەسەڵاتدارانن.

زیاتر