گرنگ: کورستانی باشوریش ناوچەیەکی بومەلەرزەییە...

لوقمان حەوێز

گەردونناس و ئەندامی کۆمەڵەی گەردونناسی تەکساس
  21/02/2023  |    1050 جار خوێندراوەتەوە
تێبینی: ئەم نوسینەم بۆ دروستکردنی دڵەڕاوکێ و ترس نیە، تەنیا بۆ بەخشینی زانیاریە لەئێستادا و بۆ ئامادەسازیشە لەمەودای دور...

هەروەکو لە نەخشەکەدا دەیبینن هێڵی بەیەک گەیشتنی پلێتی تەکتۆنی عەرەبی و پلیتی تەکتۆنی ئێرانی لەناو جەرگەی کوردستانی باشور و بەشێکی ڕۆژهەڵات وباکوریشە، بۆیە بەداخەوە کوردستانی باشوریش وەکو کوردستانی باکور و ڕۆژهەڵات و بەشێکی کوردستانی ڕۆژئاواش ناوچەیەکی بومەلەرزەییە (زیلزالیە)، هێڵە پەمەییەکە هێڵی بەیەک گەیشتنی هەردوو پلێتی تەکتۆنەکانە لە ژێر زەوی، زانیاریەکانی ئەو هێڵەی سەر نەخشەکەش هی دامەزراوەی ڕووپێوی جیۆلۆجی ئەمەریکیە و جێگەی متمانەیە...
ئەمە مانای ئەوە نیە کە خوا نەخواستا بەم زووانە بومەلەرزەیەکی بەهێز ڕوودەدات یان ڕووبدات لە کوردستانی باشور، بەڵام ئەو ئەگەرە لەئارادایە و زوو یان درەنگ چەندەها ساڵی تر بێت یان دەیەها ساڵی تریش بێت ئەگەری ڕوودانی بومەلەرزەیەکی بەهێز لەنزیک ئەو هێڵە بەتایبەتی لە دیوی باکور و خۆرهەڵاتی هێڵی بەیەک گەیشتنەکە زۆر بەهێزە و لەئارادایە، بۆیە پێوستمان بە ئامادەسازی هەیە بەتایبەتی لە ڕووی بیناسازی و لایەنی کەم قایمترکردنی ئەو خانوو و باڵەخانانەی کە لەمەودوا دروست دەکرێن، هەروەها پێویستمان بە بەهێزکردنی تیمەکانی فریاگوزاریە لەڕووی مرۆیی و ئامێر و کەل و پەلیشەوە...

خانووەکان و باڵەخانەکان چۆن دروست بکرێن باشە..؟
من خۆم ئەندازیاریشم، بۆیە دەزانم دانانی بلۆکی کۆنکریتی قورس لەسەر یەکتر تا بەرزی سێ مەتر و زیاتریش بەبێ حیسابکردن بۆ هێزەکانی بڕین shear.force کە لەتەنیشتەوە دێن هەڵەیەکی گەورەیە لە ڕووی ئەندازیاریەوە، بێ گومان ئەوانەی ئەندازیارن دەزانن من دەڵیم چی، بۆ نمونە لە ئەمەریکا قەدەغەیە هەتا پەرژینی باڵەخانەکانیش بەم شێوەیە دروست بکرێن، لێرە دەبێت و پێویستە شیشی ئاسن بە ستونی لە بناغەی دیوارەکەوە تاوەکو سەرەوە بخرێتە نێو بلۆکە کۆنکریتیەکان بۆ ئەوەی لەکاتی بوونی هێزێکی بڕین ئەو دیوارە بە ئاسانی دانەڕمێت هەتا لە دروستکردنی پەرژینەکان چ جای دیواری نێو باڵەخانەکان...
لەکاتی ڕوودانی بومەرزە چی ڕوودەدات..؟ 
لەو کاتەدا کت و پڕ ئەرز دەجوڵێت و دەلەرێتەوە بە خێراییەکی زۆر بۆ ئەملا و ئەولا، بۆیە بناغەی خانووەکان دەجوڵێن و دەهەژێن، بە پێی یاسای یەکەمی نیوتن ناوەڕاست و سەرەوەی باڵەخانەکان یەکسەر ناجوڵێن و دواتر دەجوڵێن واتە ئەو جۆرە هێزە دروست دەبێت و ئەگەر هێزەکە زۆر بێت و بەرەنگاریش لەنێو دیوارەکان نەبێت ئەوا لێکترازان دروست دەبێت و دیوارەکە و خانوەکەش دەڕوخێت...
بۆیە بۆ بەرەنگاریبوونەوەی بومەلەزرەی بەهێز پێوستە لەمەودوا خانووەکان بە شێوەیەکی تر دروست بکرێن بۆ نمونە لە ڕێگەی دانانی پایەی ئاسنین یان کۆنکریتی، دیوارەکانیش ناوبڕی سوک و کەم کێش بن، هەروەها لەو دۆخەشدا ئەرزیەکانی نهۆمەکانی سەرەوە تەنکتر بن لە 8 بۆ 10 سانتیمەتر زیاتر نەبن و تەنیا شیشی BRC و قالبی چینکۆ بەکاربهێنرێت تیایدا...
لە دروستکردنی باڵەخانە بەرزەکانیش حیسابێکی زیاتر بۆ shear.force و هێزی torque بکرێت لە پایەکاندا بەشێوەیەک بەرەنگاری هێزی بومەلەرزە ببنەوە و سلاپی نهۆمەکانیش تا بکرێت تەنکتر بن و ئەوانیش بە شیشی BRC و بوونی قالبی چینکۆ دروست بکرێن...
بێ گومان ئەم بابەتە زۆر هەڵدەگرێت بۆیە پێویستی بە باسکردنی زیاترە، ئەمەی سەرەوە تەنیا هەندێک زانیار کەم و کورتە پێشنیارێکی من بوو...
زیاتر