'لەبری بیرەوەری'م خوێندەوە

  18/09/2020  |    1271 جار خوێندراوەتەوە

چەند ڕۆژێک لەمەوپێش کتێبی "لەبری بیرەوەری"، نوسینی: کاک مەلا بەختیار، بە پی دی ئێف بەدەست گەیشت وخوێندمەوە .

یەک: بەپێچەوانەی ئیدیعاکانی سەرەتای کتێبەکەوە، کە باس لە گێڕانەوەی ڕوداوەکان دەکات بە شێوەیەکی بێلایەنانە، ئەم کتێبە تا بینەقاقای نوقمی بەشەخسیکردن و نابابەتی بوونە .

دو: کاتێک مرۆڤ کتێبی "لەبری بیرەوەری" دەخوێنێتەوە، هەستناکات سیاسییەک نووسیویەتی کە کارەکتەرێکی بەشداری ئەو قۆناغەو هەمو ڕوداوەکانێتی و پشکی شێری خراپەکاریەکانی ئەوکات و ئێستاشی لەئەستۆیە. سەراپای ئەم کتێبە ریکلامێکی بێتام و بێمانایە، ئارایشتێکی ڕەق و تەق و پیشاندانی نوسەرەکەیەتی وەک پیاو چاکێک لەناو دونیایەکی پڕ لەتاوان و توندوتیژی. هەمو ئەمەش لەسەر حسابی بەشەیتانکردن و بەدڕندە پیشاندانی نەیارەکانی .

سێ: نوسەر بەدورودرێژی باس لە کاریگەری باری سایکۆلۆژیی کەس و ڕقی شەخسی دەکات لەسەر ڕوداوەکان و ڕەفتاری فیگەرە دیارەکانی خەباتی شاخ بە دیاردەیەکی ناتەندروستی دەزانێت. بەڵام تەوای کتێبەکە ئەو ڕاستییە نیشاندەدەن: مەلا بەختیار خۆی دێڕێکی لە دەرەوەی ئەم سایکۆلۆژیا ناتەندروستەدا نەنووسیوە و لەپاڵ نارسیزمدا، ڕق لەوانیتر و بە ناپاک ناوبردنیان، پرنسیپێکی تری زاڵی ناو کتێبەکەیە .

چوار: ئایا ڕەوایە زۆربەی زۆری یان ھەمو تاوانەکان و ھەڵەکان و شکستەکانی چەندین ساڵی شۆڕش بخەیتە ئەستۆی یەک کەس و کەمترین لۆمەی کەسی یەکەم و سەرکردایەتی حیزب بکەیت؟ باشە ئەوانەی لە شاخبوون ھەموویان کۆیلەی ئەو تاکەکەسە بوون؟ فیگەری بێئیرادە و نەفام بوون؟ داشی دامەبوون و ئەو تاکەکەسە ھەمویانی جوڵاندوە؟ یان کەسانێکن بەرپرسن لەوەی لەو مێژووەدا چی ڕوویداوە .

پێنج: بەکام پێوەر و میتۆدی مێژویی و زانستی، نوسەری ئەم کتێبە، ھیچ ھەڵەو کەموکوڕیەکی نەبوە لە نزیکەی ٤٠ ساڵی ژیانی سیاسیدا؟ بەواتایەکی تر، نوسەر بۆیەکجاریش، ڕەخنەی لەخۆی نەگرتوەو باسی لەکەموکورتیەکانی خۆی نەکردوە. ئەم ھەڵە زەقە و ھەمەلایەنە، تەنھا یەکشت تەفسیریی دەکات: نارسیزمێکی ناتەدروست .

شەش: دوای ڕاپەڕین و یەکگرتنەوەی ئاڵای شۆڕش و یەکێتی نیشتمانی، نوسەر چەندین بەرپرسیاریەتی باڵای ھەبوە لەناو یەکێتی و زۆرجاریش (ئەم نەوەیە شاھیدن)، مەلا بەختیار یەکێک بوە لە داڕێژەرانی سیاسەتە ھەڵەکانی یەکێتی. بەڵام بەیەک وشەش ناڵێت: بەشێکبوم لەکێشە نەوەک چارەسەرو لەخراپی دۆخی یەکێتی و دۆخی حکومڕانی ئەم ھەرێمە، پشکم بەردەکەوێت. ھەموومان مژدە و وادە سەیرەکانی مەلا بەختیارمان بیرماوە، کە ھیچیان نەک نەھاتنە دی، بەڵکو پێچەوانەکانیان ڕاستدەرچون. لە هیچ شوێنێکدا باس لە بەرپرسیارێتی خۆی لەخراپی دۆخی حیزبەکەی ناکات و هیچ پشکێکیشی لە وێرانەیی حکومڕانی ئەم ھەرێمە بەرناکەوێت .

حەوت: کۆتایی کتێبەکەی تەرخانە بۆ باسکردن لە دروستبونی بزوتنەوەی گۆڕان. لەمەشدا کەمترین یاخود ھیچ لۆمەی یەکێتی و خودی خۆی ناکات کە چ ڕۆڵێکی خراپ و نامەدەنی و دژە یاسایان بینی لەململانێ لەگەڵ گۆڕان. (نانبڕاوکردن، تەزویری ھەڵبژارن، دەمانچە تەوزیعکردن، گرتن و لێدان و ھەوڵی تیرۆرکردن و ھەڕەشەکردن، ڕاپۆرتی پلینیۆمی یەکێتی ٢٠١٣، دەستێوەردانی حیزب لە خوێندنگاو زانکۆو دامەزراوەکانی حکومەت و وەرزش لەڕێگای مەکتەبی ڕێکخراوە دیموکراتیەکان........ھتد). لە ھەمووشی خۆشتر، مەلا بەختیار و ھاوڕاکانی ڕایان وابوو بزوتنەوەی گۆڕان لە ٣ کورسی زیاتر ناھێنێت، کەچی بوو بەو بزوتنەوە گەورەیە لە ساڵی ٢٠٠٩داو ٢٥ کورسی پەرلەمانی بەدەستھێنا .

ھەشت: بەدڵنیاییەوە سیاسەتی کاردانەوەو ڕقی شەخسی، نابابەتی بون، خۆ بەفریشتە زان و ڕاکردن لەتەحەمولکردنی بەشێک لە بەرپرسیاریەتی کێشەکانی شاخ و شار و ھەڵواسینی ھەموو کێشەکان بە تاکە کەسێکدا، زیاتر بەرەو کەش و ھەوای کتێبێکی وەک ئەلف لەیلە وە لەیلەمان دەبات، نەک کتێبێک ڕێزی لانی ھەرە کەمی بابەتی بونی تێدابێت .

نۆ: وەک ھەمیشە کاک بەختیار لەو کتێبەدا باسی کۆمەڵێک فەیلەسوف و نووسەری جیھانی دەکات، کە تەنھا بێئاگایی لە نووسینەکانی ئەو نووسەرانە و سایکۆلۆژیای خۆ بە ڕۆشنبیر و تیوریستزان، دەیانھێنێتە ناو کتێبێکی یاداوەرییەوە کە گوایە باس لە ڕووداوەکانی سەردەمی خەباتی چەکداریی دەکات .

دە: کتێبی "لەبری بیرەوەری" ناتوانێت ببێت بە سەرچاوەیەک بۆ خوێندنەوەیەکی بابەتیی بۆ ئاڵۆزترین قۆناغی مێژووی سیاسیی هەرێمی کوردستان، بەڵکو گەواهی لە خودئەڤینییەکی مەترسییداری سیاسەتمەدارێک ئەدات کە لەناو ئەو هەموو شکست و توندوتیژییەی ناو جەنگەڵستانی سیاسەتی کوردیی، بەتاق و تەنها وەک فریشتەو شۆڕەسواری ڕوداوەکان بە پاکیی ماوەتەوە .


زیاتر