کۆتایی بەم گیرفان بڕینە بھێنن

سەرکۆ گەڵاڵی

ئەندامی پەرلەمانی کوردستان
  03/05/2021  |    1073 جار خوێندراوەتەوە

بەو ئامارانە بن كە وەزارەتی سامانە سروشتیەكان خۆی بڵاوی دەكاتەوە ، کە  ٤٣٠ ھەزار بەرمیل نەوت ڕۆژانە دەفرۆشرێیت لە ڕێگایی تورکیاوە حكومەتی هەرێم مانگانە بایی زیاتر لە ٦٧٠ ملیۆن دۆلار  واتا (٩٩١)ملیار دینار نەوتی فرۆشتووە، كۆی موچەی موچەخۆرانی هەرێمیش بە بێ لێبڕین ٨٩٥ ملیار دینارە .

باسی ئەوەش ناكەم داهاتی ناوخۆ مانگانە سەرو ٣٥٠ ملیار دینارە جگە لە پارەی هاوپەیمانان كە٢٧ملیار دینارە، هەروەها داهاتی ئەو نەوتەی بە كۆمپانیا ناوخۆیەكان دەفرۆشرێت نزیكەی ٤٤ ملیار دینارە .

باسی ئەوەش ناکەم مانگانە نزیکەی ١٠٠ ھەزار بەرمیل نەوت بەتەنکەر ئەفرۆشن لەڕێی تورکیاوە ئەو نەوتە قورسەی ناکرێتە بۆری .

ئەم ژمارانە پێمان دەڵێن كۆی گشتی داهاتی مانگانەی هەرێم لە زاری خۆیانەوە یەك تریلۆن و چوارسەدو دوانزەملیار دینارە، كۆی گشتی مووچە بێ لێبڕین ٨٩٥ ملیار دینارە بێ جێبەجێکردنی یاسای چاکسازی!!، بەڕاست خێرە لێبڕینی مووچە بەردەوامە؟

خوا بەرداری نیە حكومەت بەردەوامی بدات بە لێبڕینی موچە و دەست ببات بۆ قوتی فەرمانبەران لە كاتێكدا دەتوانێت هەموو مانگێك بە زیادەوە موچە دابەش بكات نەك لێیان ببڕێت .

خۆ ئەگەر بیانوی حكومەت ئەوەیە مانگانە پارەی حەقدەستی كۆمپانیاكان و کرێ بۆری نەوت و قەرزی توركیا   (٥٤٦) ملیار دیناردەبات کە گومانی زۆر لەم خەرجی نەوتەشدا ھەیە !! چەند ساڵە دەڵاڵەکانی نەوت و کۆمپانیا زەبەلاحەکانی بواری نەوتی نزیک لەو حیزبەی دەستی گرتوە بەسەر مەلەفی نەوتی بوون بە مۆرانە بەسەر قوتی خەڵکی کوردستانەوە .

كۆی گشتی داهاتی نەوتی و نانەوتی و ھاوکاری ھاوپەیمانان بریتیە یەك تریلۆن و چوارسەدو دوانزە ملیارە  ئەگەر پارەی حەقدەستی كۆمپانیاكان و کرێ بۆری و قەرزی توركیا ٥٤٦ ملیار دینار دەربکەین

ئەوەی دەمێنێتەوە٨٦٦ ملیار دینارە بۆ مووچەی موچە خۆران  خەرج بکەن لەسەدا (٢)دووی مووچە كەم دەهێنێت نەك لەسەدا ٢١ .

لەكۆتایدا هەموو ئەم ژمارانە پێمان دەلێن ئەو لێبڕینە زۆرو زەوەندا ناحەقیەكی گەورەیەو دەرحەق بەو خەڵكە ڕەش و ڕووتە دەكرێت، بۆیە ئیتر بەسە كاتی ئەوەیە لێبڕینی مووچە كۆتای بێت، ئەگەر كۆتایی نەیەت دڵنیابن لەمەو دوا هەڵوێستی جدیمان دەبێت و ئەم ناحەقیە قبول ناكەین .

سەرکۆ ئازاد گەڵاڵی

ئەندامی لیژنەی دارایی


زیاتر