راگەیەندراوێک لە سەنتەری میترۆوە لەبارەی دەستگیرکردنی وریا عەبدولخالق

  1     کاتژمێر پێش ئێستا  | 
دۆسیە:  کوردستان
 تۆڕی هەواڵی ژیان
سەنتەری میترۆ لەبارەی دەستگیرکردنی ڕۆژنامەنووس وریا عەبدولخالق ڕاگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە، و دەڵێت، "پرسیار لە دادوەری دەستپاكی دادگای سلێمانی دەكەین: ئەمە كەیسە بۆ دادگای دەستپاكییە؟ مۆبایلی رۆژنامەنووس كە، دەیان تایبەتمەندی كەسی تێدایە، بۆ لە رۆژنامەنووسی وەردەگرن؟ كە وەرتانگرت بۆ نایگەڕێننەوە؟"

سەنتەری میترۆ رایگەیاند، "وریا عەبدولخالق، رۆژنامەنووس و ئەندامی چالاكی گروپی (را)یە لە قەزای چەمچەماڵ، پەیامنێری میدیای بوارە، لە پاش لافاوەكەی ئەو شارە، راپۆرتێكی ڤیدیۆیی لە تۆڕی كۆمەڵایەتی بڵاوكردوە، هۆكاری لافاوی بۆ پڕكردنەوەی رێڕەوەكانی ئاوی باران گەڕاندەوە، وریا، دوای بڵاوكردنەوەی راپۆرتەكەی، وەك ئەندامی بۆردی چاودێریی دابەشكردنی قەرەبووەكانی چەمچەماڵ دیاریكرا، كە لیژنەیەكی گرنگی كۆمسیۆنی فریاگوزاری و بوژاندنەوەی چەمچەماڵە".

ئاماژە بەوەکراوە، "ئەمڕۆ چوارشەممە لەلایەن دادگای دەستپاكی سلێمانی داواكراوە كە چووە بۆ ماوەی چوار كاتژمێر لەبنكەی پۆلیسی دادگای سلێمانی راگیراوە، دواتر بە كەفالەتی دوو ملیۆن دینار ئازادكرا، بەڵام مۆبایلەكانیان بۆ نەگەڕاندووەتەوە".

سەنتەری میترۆ لە كەیسەكانی نێوان رۆژنامەنووس و هاوڵاتیان، رۆژنامەنووس و حكومەت، یان رۆژنامەنووس و كۆمپانیاكان، هەر یاسا بە رێگا راستەكە دەزانێت، تا راست و ناڕاست لە یەك جیابكرێتەوە، بەڵام كام یاسا؟ لەكام دادگادا؟ 

لەمانگی ئازاری ئەمساڵ دادوەر (عومەر ئەحمەد) سەرۆكایەتی دادگای تێهەڵچوونەوەی ناوچەی سلێمانی بە نوسراوێك فەرمانێكی كارگێڕی لەبارەی كەیسەكانی رۆژنامەنووسانەوە لە دادگانی سلێمانی دەركرد، كە"دادگای لێكۆڵینەوەی سلێمانی/1 تایبەتمەند دەبێت بە بینینی ئەو سكاڵایانەی كە پەیوەندیدارن بە رۆژنامەنووسان لەناو شاری سلێمانی وە یاسای ژمارە 35ـی ساڵی 2007 یاسای رۆژنامەگەری لە كوردستان بەسەریدا پیادە دەبێت" 

سەنتەری میترۆ دەڵێت، پرسیار لە دادوەری دەستپاكی دادگای سلێمانی دەكەین: ئەمە كەیسە بۆ دادگای دەستپاكییە؟ مۆبایلی رۆژنامەنووس كە، دەیان تایبەتمەندی كەسی تێدایە، بۆ لە رۆژنامەنووسی وەردەگرن؟ كە وەرتانگرت بۆ نایگەڕێننەوە؟

ئاماژەبەوەشدەکات، ئەگەر وەرگرتنی مۆبایلەكە، وەك بەڵگەی تۆمار لە لێكۆڵینەوە بەكاربێت، ئەوە هەرپێچەوانەی یاسای رۆژنامەگەرییە، لە بەشی پێنجەم لە خاڵی سیهەمدا هاتووە: لە هەر لێكۆڵینەوەیەكی سزاییدا، نابێ دیكۆمێنت و زانیاری و بەیاننامەو پەڕاوگەكانی رۆژنامەنووس بە بەڵگەی تۆمەتباركردن لە دژی بەكاربهێنرێ، تەنیا مەگەر پەیوەندییان بە بابەتی سكاڵای تۆماركراو لە دژی رۆژنامەنووسەوە هەبێت.


ڕیکلام