ئەنوەر قەرەداغی: نەدەبوو لەژێر پەردەی چالاکی هونەریدا بمخەنە داوی چالاکییەکی حزبی

  2   کاتژمێر پێش ئێستا  | 
دۆسیە:  کوردستان
 تۆڕی هەواڵی ژیان
هونەرمەند ئەنوەر قەرەداغی روونکردنەوەیەکی لەبارەی بانگهێشتکردنی بۆ ئاهەنگێکی "سیاسی و حزبی" بڵاوکردەوە و دەڵێت، نەدەبوو بەو شێوازە مامەڵەم لەگەڵدا بکەن و لەژێر پەردەی چالاکییەکی هونەرییەوە بمخەنە ناو داوی چالاکییەکی حزبی و بابەتەکە بەسیاسی بکەن.

ئەو هونەرمەندە لە روونکردنەوەکەدا ئاماژەی بەوەکردووە، چەند رۆژێک لەمەوبەر، پەیوەندییان بە بەندەوە کرد کە تیپی میوزیکیی سنە لە راپەڕین، ئاهەنگێکی جەماوەری ئەنجامدەدات و پێمان خۆشە بەشداری لە ئاهەنگەکەدا بکەیت.

نووسیویشیەتی، "منیش وەک هەمیشە کە پەیوەندییەکی باشم لەگەڵ ئەو تیپەدا هەیە و لە هەموو چالاکییە هونەرییەکانیان لە باشووری کوردستان بەشدارییم کردووە و کە سەردانی رۆژهەڵاتی کوردستانیش دەکەم، ئەوان بەپیرمەوە دێن، بۆیە بە خۆشحاڵییەوە رۆیشتم بۆ بینینیان و بەشداریکردن لە ئاهەنگەکەدا".

ئەنوەر قەرەداغی راشیگەیاندووە، "کاتێک گەیشتمە شوێنی ئاهەنگەکە، حەپەسام کە بینیم ئاهەنگێکی سیاسی و حزبییە و بۆ تەمەن و پێگەم جوان نەبوو ئاهەنگەکە بەجێبهێڵم، بۆیە وتم بە منتان نەوتووە کە ئاهەنگەکە حزبییە. لەوەش ناخۆشتر، بڵاوکردنەوەی هەواڵەکەیان بووە. بۆیە سوپاسیان دەکەم بۆ ئەو پێشوازی و رێزەی لەلایەن رێکخەرانی ئاهەنگەکەوە لە منیان گرتووە، بەڵام بەڕاستی نەدەبوو بەو شێوازە مامەڵەم لەگەڵدا بکەن و لەژێر پەردەی چالاکییەکی هونەرییەوە، بمخەنە ناو داوی چالاکییەکی حزبی و بابەتەکە بەسیاسی بکەن".


ڕیکلام