بزوتنەوەی گۆڕان - ئاڕاستەی گردی زەرگەتە لە ڕوونکردنەوەیەکدا دەڵێت، بەبۆنەی هاتنی ساڵی نوێ سەرۆکی هەرێمی کوردستان پیرۆزبایی لە لایەنە سیاسییەکان کردووە، پێویست بوو بزانێت ئەو کەسانەی پیرۆزبایی لێکردوون هیچ سیفەتێکی قانونی و ڕێکخراوەییان لە بزووتنەوەی گۆڕاندا نییە.
دەقی رونكردنەوەكە
رونکردنەوەیەک بۆ رای گشتی
دەزگا و دامەزراوەکانی هەرێمی کوردستان
دوێنی بەرێز سەرۆکی هەرێمی کوردستان، وەک نەریتی ساڵانە بە بۆنەی هاتنی ساڵی نوێی زایینی پیرۆزبایی لەپارت و لایەنە سیاسییەکان کردوە.
جڤاتی نیشتیمانی بزوتنەوەی گۆڕان بەپێویستی دەزانێت، کە وێڕای پیرۆزبایی ساڵی نوێ، ئەم ڕونکردنەوەیە بۆ ڕای گشتی بڵاو بکاتەوە پەیوەست بەو مامەڵەیەی سەرۆکایەتی هەرێم لەگەڵ بزوتنەوەی گۆڕان دوبارەی کردوەتەوە.
پێویست بوو بەڕێز سەرۆکی هەرێمی کوردستان ئاگادار بێت، کە لە رێکەوتی 13ی 4ی 2025 لەسەر بنەمای یاسا و بڕیاری کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکان و فەرمانگەی پارت و رێکخراوە سیاسییەکان، ئەو کەسانە هیچ سیفەتێکی قانونی و رێکخراوەییان لە بزوتنەوەی گۆڕاندا نیە و نوێنەرایەتی گۆڕان ناکەن. تەنانەت خۆیان لە بەردەم هەموو کەناڵەکاندا بە ئاشکرا گوتیان تا ئەنجامدانی کۆنفرانسی نیشتیمانی رێکخەر نین.
ئەم کارە دەستێوەردانی راستەوخۆیە لە کاروباری ناوخۆیی گۆڕان و لایەنگرییە لە گروپێکی لادەر لەدەستوری ناوخۆیی بزوتنەوەی گۆڕان. پێویستە سەرۆکی هەرێم پێش هەر کەسێکی دیکە ڕێز لە قانون بگرێت و دەستێوەردان لە کاروباری گۆڕاندا نەکات و نەبێت بە فاکتەری ناکۆکی و پەرتەوازەیی زیاتر.
هەمووان دەزانن کە ساڵی رابردو بەهۆی خواستی دەستبەسەرداگرتن و دور لە بنەماکانی دیموکراسی و پێشێلکردنی زەقی دەستوری ناوخۆیی بزوتنەوەی گۆڕان بۆ شەش مانگ کەسێک بریکارنامەی بۆ کرایەوە. ئەو ماوەیە لە 13ی 4ی 2025 بە قانون کۆتایهاتووە. .
داوا دەکەین، دامەزراوە فەرمییەکانی هەرێمی کوردستان نەبنە بەشێک لەکێشەکان و وەک دامەزراوەی حزبی بەکارنەهێنرێن بۆ دەستێوەردان لە کاروباری پارتە سیاسییەکان.
جڤاتی نیشتیمانی بزوتنەوەی گۆڕان