ئەندامێكی مەكتەبی سیاسی پارتی دیموكراتی كوردستان ڕایدەگەیەنێت، پەیامەكەی ئەمڕۆی مسعود بارزانی بۆ گۆڕینی میكانیزمی هەڵبژاردنی سەرۆككۆماری عێراق؛ لەپێناو یەكڕیزییە، نەك داواكردنی پارتی بۆ ئەو پۆستە.
ئەمڕۆ دووشەممە، مسعود بارزانی پەیامێكی لەبارەی هەڵبژاردنی پۆستی سەرۆككۆماری عێراق بڵاوكردەوە و داوایكرد گۆڕانكاری لە شێوازی هەڵبژاردنی پۆستەكە بكرێت.
پشتیوان سادق، ئەندامی مەكتەبی سیاسی پارتی دیموكراتی كوردستان لەبارەی پەیامەكەی بارزانی، ڕایگەیاند: پەیامەکەی بارزانی، پەیامێکی ڕەوا و مەنتقی ونیشتمانپەروەرانەیە، هەنگاوێکی گرنگە بۆ یەکڕیزیی و یەکبوونی ماڵی کوردستانی.
ئەو مەكتەب سیاسییەی پارتی پێشیوایە؛ پەیامەكەی بارزانی حسابکردنە بۆ هەموو لایەنەکانی براوەی هەلبژاردنەکان بەبێ جیاوازی، کە لەم پرسە گرنگانەدا بۆچوونی خۆیان هەبێت،، دەشڵێت: "جەنابی سەرۆک داوا ناکات پۆستی سەرۆک کۆمار بۆ پارتی بێت کە زۆرینەی دەنگ و کورسیەکانی لە هەڵبژاردن بەدەستهێناوە، یان بۆ حزبێکی تر بێت، بەڵکو دەڵێت بۆ کورد بێت بە ڕەزامەندی لایەنەکان".