ئیدارەی خۆسەری باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریا هۆشداریدا لە پەرەسەندنی توندوتیژی لەلایەن حکومەتی کاتییەوە، و جەختیکردەوە کە بەردەوامیی گەمارۆ و پێشێلکارییەکان ڕێگر دەبێت لە هەر هەوڵێکی ڕاستەقینە بۆ چارەسەرکردنی ناکۆکی و کێشە هەڵپەسێردراوەکان و دەرئەنجامی خراپی دەبێت، هەروەها دەبێتە هۆکارێکی سەرەکی لە پەککەوتنی گەیشتن بە چارەسەرە سیاسییە گشتگیر بۆ تەنگژەی سوریا، و باری ناسەقامگیری و دابەشبونی وڵات قوڵتر دەکاتەوە.
ئیدارەی خۆسەری باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریا ئەمڕۆ ڕاگەیەندراوێكی سەبارەت بەو هێرشانە بڵاوکردەوە کە گروپە چەکدارەکانی سەر بە حکومەتی دیمەشق دەیکەنە سەر گەڕەکەکانی (شێخ مەقسود) و (ئەشرەفییە)، کە تێیدا هاتوە، "نیگەرانیی قوڵ و سەرکۆنەی توندی ئەو گەمارۆیەی خراوەتە سەر گەڕەکەکانی شێخ مەقسود و ئەشرەفییە لە شاری حەلەب دەكەن، لەگەڵ بەردەوامیی پێشێلکارییەکان دژ بە خەڵکی مەدەنی، كە بونە هۆی شەهیدبون و برینداربونی ژمارەیەک لە دانیشتوانی مەدەنی ئەو دوو گەڕەکە".
ئاماژەی بەوەشكرد، ئەم ڕەفتارە نابەرپرسانەیە تەنها دەبێتە هۆی پەرتەوازەکردنی هێزە نیشتمانییەکانی سوریا، و بە ڕوونی دەری دەخات کە حکومەتی سوریا جیدی نییە لەو هەوڵانەی کە بانگەشەی بۆ دەکات بۆ یەکخستنی گەلی سوریا و بنیاتنانی دەوڵەتێکی دیموکراتیک کە هەموو هاوڵاتیان تێیدا لە ماف و ئەرکەکاندا یەکسان بن بەبێ جیاکاری و پەراوێزخستن.
هەروەها جەخت دەکەنەوە کە بەردەوامیی گەمارۆ و پێشێلکارییەکان، لەگەڵ پەرەسەندنی توندوتیژیی بێ پاساو و نایاسایی، ڕێگر دەبێت لە هەر هەوڵێکی ڕاستەقینە بۆ چارەسەرکردنی ناکۆکییەکان و کێشە هەڵپەسێردراوەکانی نێوان سورییەکان، و هۆکارێکی سەرەکییە لە پەککەوتنی گەیشتن بە چارەسەری سیاسی گشتگیر بۆ قەیرانی سوریا و توندترکردنی ناسەقامگیری.