بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی كەشناسی و بوومەلەرزەزانی هەرێمی كوردستان، پێشبینیی خۆی بۆ كەشی چەند رۆژی داهاتوو راگەیاند و ئاماژە بۆ ئەوە دەكات، شەپۆلێكی تری بەفر و باران روو لە ناوچەكە دەكاتەوە.
كەشناسی ئاماژەی بۆ ئەوە كردووە كە لە رۆژی هەینی داهاتووەوە كاریگەریی شەپۆلێكی بەفر و باران و بارستە هەوایەكی سارد ناوچەكە دەگرێتەوە.
هەروەها پێشبینیی ئەوە كراوە، سەرەتا لە دهۆك و ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ و ناوچە شاخاوییەكان دەست پێ بكات، دواتر روو لە ئیدارەی سەربەخۆی سۆران دەكات و بۆ هەولێر درێژ دەبێتەوە.
كاریگەریی ئەو شەپۆلە وەك ئاماژەی بۆ كراوە، درێژ دەبێتەوە بەتایبەت بۆ ئەو ناوچە شاخاوییانەی كە بەرزییان لە 1200 مەتر زیاترە.
باس لەوەیش كراوە كە سلێمانی و هەڵەبجە و راپەڕین و گەرمیان بێبەش نابن لەو شەپۆلی بەفر و بارینە و هەفتەی داهاتوو ئەوێش دەگرێتەوە، بەڵام زۆرترین رێژەی بارانی ئەو شەپۆلە لە دهۆك دەبێت و بە پلەی دووەمیش لە هەولێر دەبێت و پێشبینی 25 سانیتم بەفربارین دەکرێت.