ئەنجوومەنی کۆلێجی زانستە ئیسلامییەکان لە زانکۆی سلێمانی لەسەر کەیسی د. عەبدولـلەتیف ئەحمەد ھاتە دەنگ و رایگەیاند، " داواکارین لە لایەنی کارگێڕی و یاسایی بەرپرس و لیژنەی لێکۆڵینەوە، بە زووترین کات کاری جیددی دەستپێبکەن لەسەر دۆسیەکە و هەوڵ بدەن بۆ گەیشتن بە ئەنجامی راست و دروست".
دەقی پەیامی ئەنجوومەنی کۆلێجی زانستە ئیسلامییەکانی زانکۆی سلێمانی:
بەناوی خوای بەخشندەی میهرەبان
پەیامێک لە ئەنجوومەنی کۆلێجی زانستە ئیسلامییەکانەوە بۆ جەماوەری موسڵمانی کوردستان.
جەماوەری موسڵمان و بەشەرەفی کوردستان، لە پاش بڵاوبوونەوەی هەندێک تۆماری دەنگی، کە دراوەتە پاڵ مامۆستایەکی کۆلێجمان لە راگەیاندن و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان، بە پێویستی دەزانین ئەم روونکردنەوەیە رابگەیێنین بە موسلمانانی خەمخۆری دین و زانست و بەها رەوشتییە باڵاکانی میلـلەتەکەمان:
١- بەر لەوەی لیژنەی لێکۆڵینەوە پێکبھێندرێت لەو دۆسیەیە و دەست بە کاری لێکۆڵینەوە بکرێت، ھەندێک خەڵک نابەرپرسانە لەبری لیژنە و دادگە و ھەموو لایەنە یاساییە پەیوەندیدارەکان، پێشوەختە بڕیاری کۆتاییان لەسەر بابەتەکە دەرکردووە و لەو رێگەیەوە مافیان بە خۆیان داوە دوور لە ھەموو بەھا و ئادابێکی ئایینی و کۆمەڵایەتی و یاسایی، بکەونە سوکایەتیکردن و تۆمەت بەخشینەوە بەسەر تێکڕای مامۆستا و خوێندکارانی کۆلێجمان - کە ھەمیشە لە خەمی پاراستنی رەوشتە بەرز و بەھا بڵندە ئایینی و کولتوورییە رەسەنەکانی کوردایەتیی خۆیان و میلـلەتەکەیانن، بێ بیرکردنەوە لە گەورەیی و قێزەونیی ئەو بانگەشانەیان پەنجەی تۆمەت رادەکێشن بۆ تێکڕای مامۆستایان و خوێندکاران بەبێ جیاوازی.
٢- مامۆستایانی زانکۆ بەگشتی و مامۆستایان و ئەندامانی دەستەی وانەبێژیی کۆلێجی زانستە ئیسلامییەکانی زانکۆی سلێمانی ھۆشیارن و زۆر بە باشی ئەرک و بەرپرسیارێتیی شەرعی و یاسایی و زانستی و پەروەردەیی خۆیان دەزانن و بە پەرۆشی و لە روانگەی ھەستکردنیان بەو بەرپرسیارێتییە گەورەیەی سەر شانیان، بە ھیچ شێوەیەک ناکەونە ژێر کاریگەریی سۆز و عاتیفە و ھەڵنان و ئاراستەکردنی ھیچ کەس و لایەنێک یان پەیج و ئەکاونتێکی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان، پێش کارەکانی لیژنەی لێکۆڵینەوە ناکەون و لەبری لایەنە یاساییە بەرپرس و پەیوەندیدارەکان بڕیار دەرناکەن لەسەر ئەو دۆسیەیە و ھیچ دۆسیەیەکی ھاوشێوەی دیکە نە لەناو زانکۆ و نە لە دەرەوەی حەرەمی زانکۆ.
٣- بەداخەوە لە ھەندێک کەناڵی راگەیاندن و پەیج و ئەکاونت، بەیاننامەیەک بەناوی بەشێک لە مامۆستایانی کۆلێجمانەوە بڵاوکراوەتەوە، رایدەگەیێنین کە لەدوای بەدواداچوون دەرکەوت تاوەکو ئێستا ھیچ مامۆستایەکی دیاریکراو خاوەندارێتیی خۆی بۆ ئەو بەیاننامەیە رانەگەیاندووە و گوزارشت لە را و بۆچوونی راستەقینەی تێکڕای مامۆستایان ناکات، کەواتە ئەگەر ھەر مامۆستایەکیش تاک لایەنە ئەو کارەی کردبێت وەکو را و بۆچوونی خۆی، ئەوە خودی ئەو کارە کە بەبێ گەڕانەوە بۆ مامۆستا و ھاوپیشەکانی ئەنجامی داوە، کارێکی ھەڵە و نابەرپرسانەیە و دوورە لە کاری پیشەیی و یاسایی مامۆستای زانکۆ.
٤- داواکارین لە لایەنی کارگێڕی و یاسایی بەرپرس و لیژنەی لێکۆڵینەوە، بە زووترین کات کاری جیددی دەستپێبکەن لەسەر دۆسیەکە و ھەوڵ بدەن بۆ گەیشتن بە ئەنجامی راست و دروست و یەکلاکردنەوەی کەس و لایەنی تاوانبار یان بێ تاوان و گەڕانەوەی ماف بۆ خاوەن ماف. ھەروەھا کار بکەن بۆ پاراستنی شکۆی زانکۆ و کۆلێجی زانستە ئیسلامییەکان بەگشتی و پێگە و رێزی مامۆستایان و خوێندکاران بەتایبەتی، ئەویش بە گرتنەبەری رێکاری یاسایی و دادوەری بەرامبەر ھەر کەس و لایەنێک کە سنوور دەبەزێنێت و تۆمەتی ناڕەوا ھەڵدەبەستێت.
والسلام علیکم ورحمە اللە
ئەنجوومەنی کۆلێجی زانستە ئیسلامییەکان
٢٢-٠٦-٢٠٢٦