قوباد تاڵەبانی، لێپرسراویی مەکتەبی سکرتارییەتی سەرۆک مام جەلال لەگەڵ لاڤە حیکمەت، سەرپەرشتیاری یەکێتیی ژنانی کوردستان و بەڕێوەبەرانی رێکخراوەکە کۆبووەوە.
لە کۆبوونەوەکەدا کە رۆژی دووشەمە(13/7/2026) بەڕێوەچوو، گفتوگۆکرا لەبارەی کاروچالاکییەکان و چۆنییەتی بەڕێوەچوونی هەنگاوەکانی رێکخستنەوەی یەکێتیی ژنانی کوردستان. قوباد تاڵەبانی دەستخۆشی لە هەوڵە بەردەوامەکانی لاڤە حیکمەت و بەڕێوەبەرانی رێکخراوەکە کرد کە لەماوەی چەند مانگی رابردوودا رێوشوێنی پێویست و گونجاویان گرتووەتەبەر بۆ نوێکردنەوە و رێکخستنەوەی یەکێتیی ژنان و گەشبینی خۆی دەربڕی کە لە ئەنجامی ئەم هەوڵانەدا یەکێتیی ژنان بتوانێت بە شێوەیەکی سەردەمیانە داکۆکی لە مافەکانی ژنان بکات و ببێتە ئەو رێکخراوەی کە ژنانی کوردستان پێویستییان پێیەتی.
لە بەشێکی دیکەی کۆبوونەوەکەدا، لێپرسراویی مەکتەبی سکرتارییەتی سەرۆک مام جەلال داوایکرد لەم قۆناغە نوێیەدا گرنگیی تایبەت بدەن بە پەرەپێدانی تواناکانی ژنان لە بوارە جیاوازەکاندا و هاوکار و یارمەتیدەریان بن بۆ ئەوەی بەسەر کۆسپ و گرفتەکاندا زاڵبن، تا ساڵ لە دوای ساڵ لە ئامانجی گەیشتن بە کۆمەڵگایەکی ئازاد و یەکسان و دادپەروەرتر نزیکتر ببینەوە.
هەر لەو چوارچێوەیەدا قوباد تاڵەبانی بە گرنگیشی زانی یەکێتیی ژنان هۆشیاری یاسایی لەناو ژناندا زیاتر پەرە پێ بدات و کار بکەن بۆ ئەوەی ژنان لەبەردەم یاسادا یەکسان بن