قوباد تاڵەبانی: تەواوبوونی پڕۆژەی ئاوی گۆپتەپە – چەمچەماڵ لە ئەولەوییەتی کارەکانماندایە.

  1     کاتژمێر پێش ئێستا  | 
دۆسیە:  کوردستان
 تۆڕی هەواڵی ژیان
قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکوەزیران لەگەڵ تیمی کۆمپانیای هابیکا کۆبووەوە و بە دواداچوونی بۆ چۆنییەتی بەرێوەچوونی کارەکانی هەر دوو پڕۆژەی گۆپتەپە – چەمچەماڵ و هێڵی ٣ی ئاوی دوکان – سلێمانی کرد.

لە کۆبوونەوەکەدا کە رۆژی یەکشەممە (5/7/2026) بەڕێوەچوو، قوباد تاڵەبانی دوای لێکۆڵینەوە لە کێشە و گرفتەکان و چۆنییەتی بەڕێوەچوونی کارەکان، دەستخۆشی لە کۆمپانیای جێبەجێکار کرد کە توانیوویانە بە شێوەیەکی سەرکەوتووانە کارەکانی پڕۆژەی گۆپتەپە - چەمچەماڵ جێبەجێ بکەن و پشتگیری خۆی بۆ تەواوکردنی پڕۆژەکەی دووپات کردەوە.
جێگری سەرۆکوەزیران لە کۆبوونەوەکەدا بڕیاریدا لەسەر دابینکردنی بەشێک لە بودجەی پڕۆژەکە بۆ کۆمپانیای جێبەجێکار و رایگەیاند بۆ ساڵی ٢٠٢٦ ئەم پرۆژەیە لە ئەولەوییەتی کارەکانماندایە و دەبێت لە وادەی دیاریکراوی خۆیدا جێبەجێ بکرێت.
پڕۆژەی ئاوی گۆپتەپە – چەمچەماڵ لە ساڵی ٢٠٢٤وە بە گوژمەی ١٣٩ ملیار دینار کەوتووەتە بواری جێبەجێکردنەوە و بڕیارە لە ماوەی ٧٣٠ رۆژدا تەواو بکرێت، بە تەواوبوونی پڕۆژەکە جگە لەوەی کێشەی ئاوی چەمچەماڵ بە یەکجاری چارەسەر دەبێت، کەرتی کشتوکاڵ لە قەزای چەمچەماڵ دەبووژێنێتەوە و نزیکەی ٣٢ گوند ناوچەکەش لە پڕۆژەکە سوودمەند دەبن.


ڕیکلام