نەوزاد غەفور رەباتی، سەرۆکی ژووری بازرگانی و پیشەسازی سلێمانی، لەگەڵ محەمەد رەسوڵ سەفرەی و شێنێ ئیختیار، جێگرانی سەرۆکی ژوور، پێشوازییان لە دارەوان حاجی حامید، نوێنەری حکومەتی هەرێمی کوردستان لە ئیسپانیا کرد.
لە کۆبوونەوەکەدا، گرنگی بە هەماهەنگی و بەهێزکردنی پەیوەندییە بازرگانی و ئابوورییەکان لەنێوان ئیسپانیا و سلێمانی درا، بە تایبەتی لە بوارەکانی بازرگانی، وەبەرهێنان و پیشەسازی و کشتوکاڵ و گەشتوگوزار.
گفتوگۆ لەسەر ڕێگاکانی راکێشانی وەبەرهێنەرانی ئیسپانی بۆ سلێمانی و دروستکردنی پرۆژە و هاوبەشییە بازرگانییەکان لە سێکتەرە جیاوازەکان کرا.
نەوزاد غەفور رەباتی، سەرۆکی ژووری بازرگانی و پیشەسازی سلێمانی، جەختی لەوە کردەوە کە سلێمانی دەرفەت و تواناکانی زۆری بۆ وەبەرهێنانی بیانی هەیە و ژووری بازرگانی و پیشەسازی سلێمانی ئامادەیە هاوکاری و پشتیوانیی پێویست بۆ وەبەرهێنەرانی بیانی دابین بکات، بۆ ئەوەی بتوانن لە بوارە جیاوازەکاندا پرۆژە و چالاکییە ئابوورییەکان دەست پێ بکەن.