لە ساڵڕۆژی شەهید بوونیدا وەفدێکی یەکێتی سەردانی ماڵی شەهیدی سەرکردە کاک ئازاد هەورامی دەکات

  4   کاتژمێر پێش ئێستا  | 
دۆسیە:  کوردستان
 تۆڕی هەواڵی ژیان

بەمەبەستی گەیاندنی وەفاو،  یادکردنەوەو  بیرهێنانەوەی، وەفدێکی ناوەندی دەرەوەی یەکێتی نیشتمانی کوردستان سەردانی ماڵی خاتوو شەونم، خوشکی شەهیدی سەرکردە ئازاد هەورامی کرد.

سالار مەحمود لێپرسراوی ناوەندی دەرەوە رایگەیاند، کاک ئازاد هەورامی نمونەی سەرکردەی خوێندەوارو خاکی و خاوەن بیری سیاسی بەرز بوو. هونەرمەندو هاوڕێی هەژاران بوو. یادەکەی مایەی پەند لێ وەرگرتنەو هەوڵدەدەین یادی کاک ئازاد هەورامی بەکارو وەفاداری بەرز رابگرین و، ئەرکی هەمووانە بەتایبەتی بەرپرسانی یەکێتی ئاکارو سیفەتە بەرزە نمونەییەکانی ئەو سەرکردەیە لە راپەڕاندنی کاروباردا چاو لێ بکەین.

لێپرسراوی ناوەندی دەرەوە وتی، لە سەردانیکردنی ماڵی خانەوادەی شەهیدان و تێکۆشەران دا  لەدەرەوەی وڵات، وێنە هەڵواسراوەکان، وێنەی شەهیدو قوربانیەکان سەرنجت پڕ ئەکەن لە یاد و پرسیار.
کورد بۆ هەر کوێ ئەڕوات جوانی و وەفاش توێشوویەتی و لەبەرچاوانیەتی. لەهەر کوێ بێ، خەم و خەونی کوردبون و کوردستان هەر لەگەڵیەتی و بەشێکی دانەبڕاوە لە ژیانی.
حەسرەتێک گوزارشت ناکرێ لە سوچی شوقەی باڵەخانەیەکی شاری یۆتۆبۆری وڵاتی سوید، وێنەیەکی دەم بەخەندەی سەرکردەی رەنجدەرانی بیرو بازوو، گیتارژەن و سرودبێژەکەی شۆڕشی نوێ و کۆمەڵە کاک ئازاد بەڕووتدا دەوەستێ.
لە سەردان و بەسەرکردنەوەی ماڵی شەهیدان و تێکۆشەراندا ئەوە بەدی ئەکەیت چەندان جوامێرو مێرخاسی رۆژگاری خۆیان لە ناو دڵ و ماڵاندا هەڵواسراون.
کاک ئازاد هەورامی لە ١٩٨٨/٨/٣١ لە دوایین قۆناغی شاڵاوی ئەنفالدا بە بۆمبارانی فڕۆکەکانی رژێمی سەدام حسێن شەهید دەبێت و دەگاتە کاروانی نەمریی.


ڕیکلام