لە پەراوێزی دیداری لوتکەی سلێمانی 2026دا، قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکوەزیران لەگەڵ مستەفا سەنەد، وەزیری پەیوەندییەکانی عێراق کۆبووەوە.
لە کۆبوونەوەکەدا قوباد تاڵەبانی جەختی کردەوە لەسەر زیاترکردنی ئاستی هەماهەنگییەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدڕاڵ بۆ پێشخستنی زیاتری بواری پەیوەندییەکان و پێشکەشکردنی خزمەتگوزاریی باشتر بە هاووڵاتییان.
وەزیری پەیوەندییەکانی عێراقیش ستایشی قوباد تاڵەبانی کرد کە بە چاودێریی بەڕێزیان دیداری لوتکەی سلێمانی بەڕێوەدەچێت و خۆشحاڵیی خۆشی دەربڕی بەوەی پارێزگای سلێمانی لە هەموو بوارەکاندا و بە تایبەتیش لە بواری پەیوەندییەکاندا گەشەسەندنی بەرچاوی بەخۆیەوە بینیوە.
مستەفا سەنەد ئاماژەی بەوەشدا کۆمپانیاکانی بواری پەیوەندییەکانی پارێزگای سلێمانی هاوبەشێکی گرنگی وەزارەتی پەیوەندییەکانی حکومەتی فیدڕاڵن و رۆڵێکی گرنگیان هەیە لە پێشخستنی کەرتی پەیوەندییەکانی عێراق.