دەزگای ئاسایشی هەرێم، گرووپێکی چەکداری داعشی سەر بە 'ویلایەتی کوردستان'ـی هەڵوەشاندەوە و 22 ئەندامی گرووپەکە دەستگیردەکات.
دەزگای ئاسایشی هەرێم رایگەیاند، بەڕێوەبەرایەتی گشتی ئۆپراسیۆنەکانی ئاسایش، لەسەر بنەمای زانیاری هەواڵگری و ئەنجامدانی لێکۆڵینەوە لەڕۆژانی ٨ -٢٠٢٦/٩/١٢ لەماوەی(٩٦)کاتژمێر، بەبڕیاری دادوەری لێکۆڵینەوەی ئاسایش توانیان، لەچەند ئۆپراسیۆنێکدا بەهەماهەنگی بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی پارێزگای هەڵەبجە ٢٢ تۆمەتبار لەسنووری (سلێمانی، هەڵەبجە، پێنجوێن، خورماڵ، سیروان) دەستگیربکەن.
پیلانی چەکدارانی داعش-کەتیبەی ( ٥ )ی سەربە ویلایەتی کوردستان:
-خۆڕێکخستن و وەرگرتنی بەیعەت لەئەندامانی گرووپەکە.
-دانانی بۆمب و تەقینەوە لەناو پارێزگای هەڵەبجە.
-چاودێریکردن و تەقەکردن لەهێزەئەمنییەکان لەکاتی مەشق و ڕاهێنان بەچەکی قورس و مامناوەند.
-دروستکردنی ئەماڕەتێک لەناوچەکانی( هەورامان یان شارەزوور )
-بەستنەوەی پەیوەندی شانە نووستووەکانی داعش لەکوردستان و عێراق لەگەڵ تیرۆریستانی دەرەوە.
-کۆکردنەوەی پارە بەمەبەستی کڕینی چەک.
لەم ئۆپراسیۆنەدا دەستگیرا بەسەر ژمارەیەکی زۆر چەک و کەلوپەلی و سەربازی:
یەک چەکی جۆری ئاربیجی و سێ گوللە و پێنج حەشوە.
شەش چەکی جۆری کڵاشینکۆف و ١٣ مەخزەن و ٣٠٠ فیشەک.
جلوبەرگ و کەلوپەلی سەربازی.
تۆمەتباران بەماددەی(٢)ی تیرۆر ڕاگیراون و لێکۆڵینەوە لەدۆسییەكەدا بەردەوامە.