شارەوانی سلێمانی بۆ هاوڵاتیان: لە ئامادەباشی تەواوداین

  2   کاتژمێر پێش ئێستا  | 
دۆسیە:  سلێمانى
 تۆڕی هەواڵی ژیان
شارەوانی سلێمانی هاووڵاتیان ئاگاداردەکاتەوە کە سەرجەم تیمەکانیان لە ئامادەیی تەواودان و گەر هاووڵاتییەک پێویستی بە یارمەتیی بەپەلە بوو با پەیوەندی بە هێڵی گەرمی فریاکەوتن بە ژمارە (١٠٠)ـەوە بکات.

سەرۆکایەتی شارەوانیی سلێمانی لە روونکردنەوەیەکدا رایگەیاندووە: بە پشتبەستن بە پێشبینییەکانی کەشوهەوا و راپۆرتەکانی کەشناسی، سەبارەت بە هاتنی شەپۆلێکی بارانبارینی بەهێز بۆ ناوچە جیاوازەکانی هەرێمی کوردستان، سەرجەم تیمە خزمەتگوزاری و فریاگوزارییەکانی سەرۆکایەتیی شارەوانیی سلێمانی خراونەتە حاڵەتی ئامادەباشیی تەواو بۆ رووبەڕووبوونەوەی ھەر حاڵەتێکی نەخوازراو.
ئاماژەی بەوەشداوە: لە پێناوی کەمکردنەوەی مەترسیی کۆبوونەوەی ئاو و دروستبوونی لافاو، تیمەکانی سەرۆکایەتیی شارەوانیی سلێمانی، بە ھاوکاریی بۆردی کۆکردنەوەی خۆڵ و خاشاک و کۆمپانیاکانی کۆکردنەوەی خۆڵ و خاشاک، پێشوەختە ھەڵمەتێکی فراوانی پاککردنەوەی مەنھۆل، ئاوەڕۆ و کەناڵەکانی رێڕەوی ئاو لە شەقامە سەرەکییەکان، کۆڵانەکان و شوێنە گشتییەکاندا ئەنجامداوە و ھەموو ئامادەکارییە پێویستەکانیش گیراونەتەبەر.

شارەوانیی سلێمانی داوا لە ھاووڵاتیان دەکات: پابەندی رێنماییەکانی پاراستن بن و لە کاتی ھەر حاڵەتێکی نەخوازراو، دروستبوونی لافاو یان پێویستبوون بە یارمەتیی بەپەلە، راستەوخۆ پەیوەندی بە ھێڵی گەرمی فریاکەوتن (JCC) بە ژمارە ١٠٠ بکەن، تیمەکانمان بە شێوەی ٢٤ سەعاتی لە خزمەت و ئامادەباشیدان، بۆ پاراستنی سەلامەتی و ئارامیی ھاووڵاتییانی بەڕێز.


ڕیکلام