قوباد تاڵەبانی لەگەڵ کونسوڵی نوێی فەڕەنسا کۆبووەوە

  41   خولەک پێش ئێستا  | 
دۆسیە:  کوردستان
 تۆڕی هەواڵی ژیان
قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکوەزیران پێشوازیکرد لە ئیمانوێل مینیۆ، کونسوڵی گشتیی نوێی فەڕەنسا لە هەرێمی کوردستان و پێکەوە لەبارەی دۆخی سیاسیی هەرێم و پەیوەندییەکانی نێوان هەردوولا ئاڵوگۆڕی بیروڕایان کرد.

لە کۆبوونەوەکەدا کە رۆژی دووشەممە (21/9/2026) بەڕێوەچوو، جێگری سەرۆکوەزیران بەخێرهاتنی کونسوڵی نوێی فەڕەنسای کرد بۆ کوردستان و هیوای سەرکەوتنی بۆ خواست لە ئەرکەکەیدا.
لە تەوەرێکی کۆبوونەوەکەدا باس لە پەیوەندیی مێژوویی کوردستان و فەڕەنسا کرا. قوباد تاڵەبانی سوپاسی حکومەت و گەلی فەڕەنسای کرد کە بە تایبەت لە ساڵی ١٩٩١بەدواوە بەردەوام پشتیوان و هاوسۆزی گەلی کورد و هەرێمی کوردستان بوون. هەردوولاش هاوڕابوون کە پێویستە لەم قۆناغەدا ئاستی پەیوەندییەکان لە بوارە جیاوازەکاندا بەهێزتر بکرێت و بۆ ئەم مەبەستەش جەختیان کردەوە لەسەر کاری هاوبەش بۆ بەرەوپێشبردنی زیاتری پەیوەندییەکان.
لە بەشێکی دیکەی کۆبوونەوەکەدا باس لە یەکخستنەوە و رێکخستنەوەی هێزەکانی پێشمەرگە کرا. کونسوڵی گشتیی فەڕەنسا پیرۆزبایی یەکخستنەوەی هێزی پێشمەرگەی لە خەڵکی کوردستان کرد و هەردوولاش هاوڕابوون ئەم رووداوە دەتوانێت کاریگەری هەبێت لەسەر لێکنزیکبوونەوەی زیاتری لایەنەکان بۆ پێکهێنانی کابینەی نوێی حکومەتی هەرێم. هەر لەم چوارچێوەیەدا قوباد تاڵەبانی سوپاسی فەڕەنسای کرد کە بە درێژایی ساڵانی رابردوو هاوکار و هاندەر بووە بۆ یەکخستنەوەی هێزەکانی پێشمەرگە.
لە تەوەرێکی دیکەی کۆبوونەوەکەدا باس لە سەردانەکەی جێگری سەرۆکوەزیران بۆ وڵاتی فەڕەنسا و بەشداری لە فێستیڤاڵی فیلمی کان کرا. لەمبارەیەشەوە قوباد تاڵەبانی ئاماژەی بەوەدا لە کان لە رێگەی کۆمیسیۆنی فیلمی کوردستانەوە گەورەترین فەندی فیلمی کوردی بۆ پێشخستنی زیاتری سینەمای کوردستان و پەرەپێدانی زیاتری توانای سینەماکارانی کورد راگەیاندووە.


ڕیکلام