قەرزی پێشووی کارەبا بەبێ داشکاندن دەکرێتە قیست

  55   خولەک پێش ئێستا  | 
دۆسیە:  کوردستان
 تۆڕی هەواڵی ژیان
وەزارەتی کارەبای حکومەتی هەرێمی کوردستان بڕیارێکی نوێی سەبارەت بە چارەنووسی قەرزەکانی پێش جێبەجێکردنی پڕۆژەی "رووناکی" دەرکرد بەپێی بڕیارەکە سەرجەم ئەو قەرزانەی ماونەتەوە، بەبێ هیچ جۆرە داشکاندنێک دەکرێنە قیستی مانگانە و ماوەی دانەوەکەشیان تاوەکو 24 مانگ دەخایەنێت.

بەپێی راگەیەندراوی وەزارەتەکە، ئەم هەنگاوە وەک دەرفەتێکە بۆ ئەو هاوبەشانەی نەیانتوانیوە سوود لە کەمپەینی پێشووی لێخۆشبوونی 50% وەربگرن، تاوەکو بتوانن لە ماوەیەکی درێژخایەندا قەرزەکانیان پاکتاو بکەن.

بڕیاریشە یەکەمین قیست بخرێتە سەر پسوولەی خولی مانگی 9 کە پێشبینی دەکرێت لە مانگی 10 دەربچێت، هەروەها پێویستە ئەم قیستانە لەگەڵ پسوولەی مانگانەی پڕۆژەی رووناکی لە ماوەی 50 رۆژی دیاریکراوی پسوولەکەدا بدرێنەوە.

سیستەمی دانەوەی قیستەکان بەپێی جۆری پۆلێنکردنی هاوبەشان بەمشێوەیە دیاریکراوە:

هاوبەشانی ماڵان و کەرتی کشتوکاڵ: ماوەی دانەوە تاوەکو 24 مانگە، و کەمترین بڕی قیستی مانگانە 20,000 دینارە.

هاوبەشانی بازرگانیی بچووک: ماوەی دانەوە تاوەکو 12 مانگە، و کەمترین بڕی قیستی مانگانە 20,000 دینارە.

هاوبەشانی بازرگانیی گەورە و پیشەسازیی گەورە: ماوەی دانەوە تاوەکو 6 مانگە، و کەمترین بڕی قیستی مانگانە 200,000 دینارە.

لە بەشێکی دیکەی ئامارەکاندا هاتووە، لە نێوان 3ی ئاب تاوەکو 10ی ئەیلوول، نزیکەی 800 هەزار هاوبەش لە چوارچێوەی بڕیاری لێخۆشبوونی 50% قەرزەکانیان داوەتەوە. بەمەش لە کۆی 2 ملیۆن هاوبەشی کارەبا لە سەرانسەری هەرێمی کوردستان، زیاتر لە 1.2 ملیۆن هاوبەش (کە 1 ملیۆنیان هاوبەشی ماڵانن) هیچ قەرزێکی کۆنیان لەسەر نەماوە، هاوکات زیاتر لە نیوەی ئەو هاوبەشانەشی هێشتا قەرزیان ماوە، بڕی قەرزەکەیان لە خوار 300 هەزار دینارەوەیە.

وەزارەتی کارەبا ئاشکراشی کردووە کە لە چوارچێوەی پڕۆژەی رووناکیدا، تاوەکو ئێستا حکومەتی هەرێمی کوردستان بە بڕی 360 ملیار دینار لێخۆشبوونی کردووە، کە 300 ملیار دیناریان تایبەت بووە بە لێخۆشبوون لە قەرزە کۆنەکان و 800 هەزار هاوبەش لێی سوودمەند بوون.

سەبارەت بە فراوانبوونی خزمەتگوزارییەکە، راگەیەندراوە کە تاوەکو ئێستا زیاتر لە 90%ی هاووڵاتییانی کوردستان لە رێگەی پڕۆژەی رووناکییەوە کارەبای 24 کاتژمێرییان بۆ دابینکراوە. هەروەها بەپێی نرخە نوێیەکان، 80%ی هاووڵاتییان، بەتایبەتی چینی کەمدەرامەت، پارەیەکی کەمتر دەدەن بەراورد بەو خەرجییەی پێشتر بۆ کارەبای مۆلیدە و کارەبای نیشتمانی دەیاندا.

جێی وەبیرهێنانەوەیە کە پڕۆژەی رووناکی لە مانگی تشرینی دووەمی ساڵی 2024 لەلایەن مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان راگەیەندرا، دواتر لە مانگی ئایاری ئەمساڵدا، ئەنجوومەنی وەزیران نرخە نوێیەکانی پەسەند کرد، بە ئامانجی دابینکردنی کارەبای 24 کاتژمێری و بەردەوام بۆ سەرتاسەری هەرێمی کوردستان تاوەکو کۆتایی ساڵی 2026.


ڕیکلام