سەرۆکوەزیرانی عێراق و سەرۆکی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق دوایین ئامادەکارییەکانی ئامادەکردنی خشتەی بودجەی ساڵی 2025 تاوتوێدەکەن.
ئەمڕۆ دووشەممە محەمەد شیاع سودانی سەرۆکوەزیرانی عێراق، پێشوازیی کرد لە عەتوان عەتوانی، سەرۆکی لیژنەی دارایی پەرلەمان، بەپێی راگەیەندراوی نوسینگەی سەرۆکوەزیرانی عێراق، لە دیدارەکەدا تاوتوێی دوایین ئامادەکارییەکانی ئامادەکردنی خشتەی بودجەی ساڵی 2025 و رێکار و پلانەکانی مسۆگەرکردنی دابینکردنی مووچە و خەرجییەکان کرا، بەپێی کەرت و چالاکییەکان لە ماوەی ئەمساڵدا.
سودانی جەختی لەوەکردەوە، حکومەت بە پەرۆشە بودجەکە کارە لەپێشینەکانی خۆی لە جێبەجێکردنی خشتەکانیدا لەخۆ بگرێت بۆ تەواوکردنی بڕگەکانی بەرنامەی حکومەت، بەتایبەتی ئەوانەی پەیوەستن بە دابینکردنی خزمەتگوزارییەکان و تەواوکردنی پڕۆژەکان، بۆ بەدیهێنانی خواستی هاووڵاتییان لە هەموو پارێزگاکانی عێراق.