وەزارەتی دارایی هەرێم لەسەر ئەو شایستە دارایانەی بۆ حکومەتی هەرێمی کوردستان هاتوە هاتە دەنگ و دەڵێت، "ئەوەی بە کردەیی بۆ هەرێم نێردراوە لە ٢٤.٣ ترلیۆن دینار تێپەڕی نەکردووە"
وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان لە روونکردنەوەیەکدا ئاماژەی بەوەداوە: لە ماوە سێ ساڵی ڕابردوودا، لەدوای پەسەندکردنی یاسای بودجەی گشتیی فیدڕاڵیی عێراق، لە ٢١ـی حوزەیرانی ساڵی ٢٠٢٣، کە بۆ هەر سێ ساڵی دارایی (٢٠٢٣ – ٢٠٢٤ – ٢٠٢٥) بوو، تیایدا پشکی هەرێمی کوردستان، دوای چەندین گفتوگۆ و لێکتێگەیشتن، لەنێوان شاندی حکومەتی هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدڕاڵ، دیاری کرا.
ئەوەشی راگەیاندوە: جیاوازیی نێوان شایستە دەستوورییەکانی هەرێمی کوردستان و ئەوەی بە کردەیی لەلایەن حکومەتی فیدراڵەوە، لە ماوەی سێ ساڵی ڕابردوودا خەرج کراوە، بە قەبارەیەکی گەورە خەمڵێندراوە و هەرێم ڕووبەڕووی "گەمارۆی وەبەرهێنان" و "کەلێنی گەورەی دارایی" کراوەتەوە.
دارایی هەرێم ئەوەشی ئاشکراکردوە: بەپێی داتاکان، کۆی شایستەی دارایی هەرێم گەیشتووەتە ٥٨.٣ ترلیۆن دینار، بەڵام ئەوەی بە کردەیی بۆ هەرێم نێردراوە لە ٢٤.٣ ترلیۆن دینار تێپەڕی نەکردووە، کە دەکاتە %٤١ی مافە داراییەکان و ئەمەش تەنھا %٣.٩ی کۆی بودجەی عێراقە.