بەهۆی مردنی باڵندەکانەوە سکاڵا لەسەر کۆمپانیای کارەبای ئیسپانیا تۆمارکرا

  2021-04-08  | 
 تۆڕی هەواڵی ژیان
چەند هاوڵاتییەک لە شاری بەرشەلۆنەی ئیسپانیا، داوایەکی یاساییان لە دژی کۆمپانیای (ئیندیسا)ی تایبەت بە وزەی کارەبا بەرزکردەوە، دوای ئەوەی بەهۆی شۆرتی کارەباوە سەدان چۆلەکە لەسەر تەلی تاوەرەکانی مرداربوونەتەوە.

ئاژانسی فڕانس پرێس بڵاویکردەەوە، بەگوێرەی داواکە کۆمپانیا ئیسپانییەکە دەبێت قەرەبوو بدات بە تۆمەتی ئەنجامدانی تاوانە لە دژی ژینگە و ژیانی کێوی، ئەویش بەهۆی ئەوەی شکستیخواردووە لە ڕووپۆشکردنی تەلی تاوەری کارەباکانی وەک پێویست و لە ئێستادا بووەتە تەڵەیەک بۆ مردنی باڵندەکان.

لە کاتی بەریەککەوتنی باڵندەکان بەر دوو وایەر لە یەک کاتدا ، یاخود لەسەر عەمودیک دەنیشێتەوە و دەنوکی بەر تەلێک لە تەلەکان دەکەوێت، کارەبا دەیانگرێت و دەستبەجێ گیانلەدەستدەدەن.

بە گوێرەی نوێنەرانی داواکاری گشتی بەرشەلۆنە، نزیکەی ٢٥٥ باڵندە لە ناوچەی (ئوسونا)ی باکوری شاری بەرشەلۆنە مرداربوونەتەوە.

باڵندەکانیش بە تەنها چۆلەکە نین، بەڵکو لەقلەقی سپی و هەڵۆ و باز و چەندین باڵندەی دیکە.

هەرچەندە تا ئیستا کۆمپانیاکە هیچ لێدوانێکی لەسەر داواکە نەداوە، بەڵام بە گوێرەی پسپۆڕانی ژینگەپارێزی، تەلی کارەبای تاوەری کارەباکان بوونەتە هەڕەشەیەکی ڕاستەقینە لەسەر باڵندە کێوییەکان، بە تایبەت بۆ هەندێک باڵندەی دەگمەن، کە بەزۆری لەسەر عەموود و وایەری تاوەرەکان دەنیشنەوە.



ڕیکلام