ڕێکخراوی فاو: نرخی خۆراک بەرزبووەتەوە لە جیهاندا

  2021-04-08  | 
 تۆڕی هەواڵی ژیان
ڕێکخراوی خۆراک و کشتوکاڵی سەربە نەتەوە یەکگرتووەکان ناسراو بە "فاو" ڕایگەیاند، بۆ ماوەی ١٠ مانگە لەسەر یەک، نرخی کەلوپەلە خۆراکییەکان بەرز دەکاتەوە، بەشێوەیەک لە ساڵی ٢٠١٤ وە بەرزبوونەوەی وای بەخۆیەوە نەدیوە.

ڕێکخراوەکە ئاشکرایکردووە، خۆراکەکانی وەک ڕۆنی ڕووەکی و گۆشت و بەرهەمە شیرەمەنییەکان، نرخەکانیان بەرزبوونەوەیان تۆمار کردووە.

ڕێکخراوی فاو ئاماژەی بەوەشکردووە، ڕێژەی بەرهەمهێنانی بەرهەمەکانی دانەوێڵە لە جیهاندا، تا ئێستاش بەرەو بەرزبوونەوەی زیاتر دەچێت لە چاو ساڵی ٢٠٢٠دا.

بەگوێرەی پێشبینییەکانی ڕێکخراوەکە بەرهەمی دانەوێڵە لە ساڵی ٢٠١٩دا ٢ ملیار و ٧٦١ ملیۆن تۆن بووە، بەڵام بۆ ساڵی ٢٠٢٠دا بڕەکەی زیاتر بووە و گەیشتووەتە ٢ ملیار و ٧٦٥ تۆن.

ڕێکخراوەکە ئاماژەی بەوەکردووە، نرخی بەرهەمەکانی ڕۆنی ڕووەکی بەڕێژەی لە ٨% بەرزبوونەوەی تۆمار کردووە، کە لە ساڵی ٢٠١١وە  بەرزبوونەوەی وای بەخۆیەوە نەدیووە.

سەبارەت بە نرخی بەرهەمە شیرەمەنییەکان ڕێکخراوی فاو ئاماژەی بەوەکردووە، ڕێژەی زیادبوونەکەی گەیشتووەتە ٣.٩%، هۆکارەکەیشی گێڕاوەتەوە بۆ بەرزبوونەوەی نرخی شیری وشک، کە لە وڵاتەکانی ئاسیا و بە تایبەت چین بەرزبوونەوەی تۆمار کردووە.

دەربارەی نرخی گۆشت، فاو ئاشکرایکردووە، نرخەکەی بەڕێژەی ٢.٣% بەرزبووەتەوە، لە بەرامبەریشدا نرخی شەکر بەڕێژەی لە ٤% نزمبوونەوەی تۆمار کردووە.

 



ڕیکلام