سۆرانی  |  بادینی  |  English      

کەی عێراق پشکی هەرێم رەوانە دەکات؟

  2021-04-17  | 
 تۆڕی هەواڵی ژیان
بریکاری پێشووی وەزارەتی دارایی عێراق رایگەیاندووە، حەفتەی داهاتوو دەست بە خەرجکردنی بودجە دەکرێت و دەشڵێت، هەر دوای ئەوەش پشكی هەرێم رەوانە دەکرێت.

فازڵ نەبی بریکاری پێشووی وەزارەتی دارایی عێراق بە میدیای پارتی راگەیاندووە، "وەزیری دارایی عێراق نووسراوێكی بۆ ئەنجومەنی وەزیران ناردووە، كە باج لەسەر مووچەی فەرمانبەران دابنرێت، تەنھا ئەوانە نەبێت كە موچەیان كەمە، بەڵام ئەمە پێچەوانەی یاسایە و ھیچ سەنەدێكی یاسایی نییە، بۆیە بڕیارەكە سەرناگرێت، چونكە پەرلەمانیش وەڵامیان داوەتەوە و ئەو داواكارییەیان ڕەتكردووەتەوە، بۆیە ئەگەر حكومەت جێبەجێی بكات، كێشە دروست دەبێت و پەرلەمان بەڵگەی یاسایی لە بەردەستە، چونكە لە یاسای بودجەدا باسی باجدانان لەسەر موچە نەكراوە."

ئەوەشی خستەڕوو، وەزارەتی دارایی باسی لەوەکردووە ئەم حەفتەیە پێداچوونەوە بە یاسای بودجە و دەرکردنی رێنمایی تەواو دەبێت و حەفتەی داهاتوو دەست بە خەرجکردنی دەکرێت.

لەبارەی پشکی هەرێمیشەوە وتوویەتی، "هەر لە حەفتەی داهاتووشدا پشكی هەرێم خەرجدەکرێت، چونكە پشكی ھەرێمی كوردستان ناردنی ئاسانە و تەنھا ٢٥٠ ھەزار بەرمیل نەوتی ھەرێم و نیوەی داھات، كە پارەكەی بۆ ئەم مانگە چەندە، حیساب دەكرێت و پشكی ھەرێم دیاریدەكرێت و پارەكە رەوانە دەكرێت."

فازڵ نەبی راشیگەیاندووە، "رەوانەکردنی پشكی هەرێم كاتی زۆری وەكو پێشوو ناوێت و لە ماوەیەكی كەمدا خەرج دەكرێت، چونكە مانگانە بەپێی نرخی نەوت و داھاتی ھەرێمی كوردستان چەندە، ئەوەندە رەوانە دەكەن ".

ئەوەشی خستووەتەڕوو، گرنگە لیژنەیەكی ھاوبەش لە نێوان ھەرێم و بەغدا ھەبێت بۆ ناردنی پشكی ھەرێم لە بودجەدا، چونكە مانگانە گۆڕانكاری بەسەردا دێت و ئەگەر ئەو لیژنە ھەبێت، رێگە نادات ناردنی پشكی ھەرێمی كوردستان دوابكەوێت.

لە ٣١ی مانگی ٣ی ئەمساڵدا، پەرلەمانی عێراق پرۆژەیاسای بودجەی ساڵی ٢٠٢١ی پەسەندکرد و لە پرۆژەکەشدا ماددەی ١١ کە تایبەتە بە پشكی کورد جێگیرکرا.