لە کاردانەوەى کوشتنی ژنێکی گەنج لە شارى هەولێر لەلایەن پیاوەکەیەوە، مەسرور بارزانی، سەرۆک وەزیرانى هەرێم ڕایگەیاند، هیچ شەرەفێک لە ژن کوشتندا نییە، ئهمه دەبێت کۆتایی پێبێت، دەشڵێت: کۆمەڵگەی ئێمە، هەرگیز پێشناکەوێت ئەگەر نیوەی کۆمەڵگە نهتوانێت به ئازادی و بەبێ ترس لە توندوتیژی بژی.
مەسرور بارزانی، سەرۆکى حکومەتى هەرێمى کوردستان لە تویتیکدا ڕایگەیاند، نیگهران بووم بە ههواڵی کوشتنی دڕندانەی ژنێکی گەنج دوێنێ لە هەولێر. هیچ شەرەفێک لە ژن کوشتندا نییە، ئهمه دەبێت کۆتایی پێبێت. وهزیری ناوخۆم ڕاسپاردووه بۆ دڵنیابوون لهوهی تۆمهتبار بە سزای خۆی بگات.
دەشڵێت: کۆمەڵگەی ئێمە، هەرگیز پێشناکەوێت ئەگەر نیوەی کۆمەڵگە نهتوانێت به ئازادی و بەبێ ترس لە توندوتیژی بژی. لەم کابینەیەدا ئێمە هاوكاریمان بۆ شێڵتهرهكان زیاد کردووە و پابهندین بە ئەنجامدانی کاری زیاتر بۆ پاراستن و پشتگیریی كچان و ژنان له كوردستان.
ئەوەش دواى ئەوەدێت، دوێنێ لە گەڕەکى باداوەى شارى هەولێر، پیاوێک هاوژینەکەی خۆی بە گولـلە کوشت و هەڵاتووە و تائێستا دەستگیرنەکراوە، وتەبێژی پۆلیسی هەولێریش دەڵێت، لێکۆڵینەوەکان لە رووداوەکە بەردەوامن.