ئیدارەی بایدن: بە هیچ شێوەیەک سازش بۆ ئێران ناکەین

  2021-04-18  | 
دۆسیە:  ئەمریکا
 تۆڕی هەواڵی ژیان
ئیدارەی جۆ بایدن سەرۆکی ئەمریکا ڕایگەیاند، تا ئێران وەڵامی داخوازییەکانیان نەداتەوە، بە هیچ شێوەیەک ساز بۆ ئێران ناکەن سەبارەت بە پرۆگرامە ئەتۆمییەکەی ئەو وڵاتە.

جیک سالیڤان ڕاوێژکاری کۆشکی سپی بۆ ئاسایشی نەتەوەیی لە لێدوانێکدا بۆ تۆڕی هەواڵی فۆکس نیوزی ئەمریکا ڕایگەیاند، ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا بە هیچ شێوەیەک سزاکانی سەر ئێران هەڵناگرێت، بەر لەوەی دڵنیا نەبێت لەوەی کە تاران بە تەواوەتی گەڕاوەتەوە بۆ پابەندبوونەکانی ڕێککەوتنامەی ئەتۆمی و جێبەجێکردنی ئەو داخوازیانەی کە لایەنی ئەمریکی داوای دەکات.

سالیڤان ئاماژەی بەوەشکرد، ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا بە هیچ شیوەیەک سازش ناگات تا دڵنیا نەبێت لەوەی کە ئیران پابەندبوونی خۆی دووپاتدەکاتەوە.

ئەو وتانەی ئیدارەی بایدن لە کاتێکدایە، لە ئیستادا لە ڤییەنا گفتوگۆیەک بە چاودێری ڕێکخراوی یەکێتی ئەوروپا بەڕێوە دەچێت، بە مەبەستی ڕزگارکردنی رێککەوتنی ئەتۆمی ئیران لەو چەقبەستوویەتی تێیکەوتووە، بە تایبەت دوای ئەوەی لە ساڵی ٢٠١٨دا، بە بڕیاری دۆناڵد ترەمپی سەرۆکی پێشووی ئەمریکا، کشانەوەی واشنتۆنی لە ڕێککەوتنەکە ڕاگەیاند و چەند سزایەکی قورسی بەسەر تاراندا سەپاند.

لە ئێستادا گفتوگۆکان بەشێوەیەکی فەرمی لە نێوان ئێران لەلایەک و ڕوسیا و چین و بەریتانیا و فەرەنسا و ئەڵمانیا لە لایەکی ترەوە بەڕیوە دەچێت.

پێشتر یەکێتی ئەوروپا جەختیکردبۆوە لە بەشداری ویلایەتە یەکگرتوەکانی ئەمریکا لە گفتوگۆکاندا، بەڵام شاندی ئەمریکا لە ئوتێلێکی نزیک لە گفتوگۆکان بەشدارن، بێئەوەی هیچ گفتوگۆیەکی ڕاستەوخۆ لەگەڵ شاندی وتوێژکاری ئێراندا ئەنجام بدەن، بە تایبەت کە لایەنی ئێرانی رەتیدەکاتەوە بەر لە هەڵگرتنی سزاکان هیچ گفتوگۆیەکی ڕاستەوخۆ لەگەڵ ئەمریکادا ئەنجام بدات.



ڕیکلام