پیاوێک لە بەغدا هاوسەرەکەی لە نهۆمی هەشتەمی شوقەیەکەوە بەردایە و گیانی لەدەستدا

  2021-04-23  | 
 تۆڕی هەواڵی ژیان
بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی ڕووبەڕبوونەوەی تاوان لە بەغدا ڕایگەیاند، ئەمڕۆ هەینی تاوانێکی کوشتنیان ئاشکراکردووە، دوای ئەوەی پیاوێک هاوسەرەکەی لە نهۆمی هەشتەمی شوقەیەکی نیشتەجێبوونی خۆرهەڵاتی بەغداوە خستووەتە خوارەوە گیانی لە دەستداوە.

بەڕێوەبەرایەتییەکە لە بەیاننامەیەکدا بڵاویکردەوە، دوای رودوای تاوانێکی کوشتن لە خۆرهەڵاتی بەغدا و هەواڵەکردنی دۆسیەی تاوانەکە بەوەی گوایە خۆکوشتن بووە، بەڵام هێشتا گومان لەسەر هەبووە.

ئاماژەی بەوەشکردووە، تۆمەتباری ڕوداوەکە هاوسەری ژنەکە بووە، بۆ ئەوەی گومانەکان لەسەر خۆی دووربخاتەوە، دوای بەردانەوەی هەستاوە بە گواستنەوەی خێزانەکەی بۆ نەخۆشخانە و یاریکردن بە شوێنی ئەنجامدانی تاوانەکە و شاردنەوەی بەڵگەکان لە شوێنی تاوانەکە، بۆ ئەوەی وای دەربخات کە تاوانەکە خۆکوشتن بووە.

لە بەیاننامەکەدا ئاماژە بەوەشکراوە، دوای هەوڵێکی زۆری بەڕێوەبەرایەتی رووبەڕووبوونەوەی تاوانی بەغدا و بە هاوکاری نوسینگەی تاوانی شوێنی روداوەکە لە ڕۆژهەڵاتی بەغدا، دەستکراوە بە پشکین و لێکۆڵینەوەی چڕو پڕ لەسەر روداوەکە و لێکۆڵینەوە لەگەڵ هاوسەری ژنەکە، چونکە زۆربەی گومانەکە لەوەوە نزیک بووە.

دوای ڕووبەڕووکردنەوەی بەڵگەکانی تاوان، تۆمەتبار لەبەردەم لێکۆڵەرەوەکاندا هەرەسی هێناوە و دانی بە ئەنجامدانی تاوانەکەیدا ناوە و بە ڕاشکاوی ڕایگەیاندووە، لەسەر ناکۆکییەکی خێزانی هەستاوە بە بەردانەوەی خێزانەکەی لە نهۆمی هەشتەمی ئەو شوقەی کە تیا نیشتەجێبوون.

دوای تۆمارکردنی وتەکانی تۆمەتبار و پەسەندکردنی لە لایەن دادگای لیکۆڵینەوەوە، لە ئیستادا تۆمەتبار بەگوێرەی حوکمەکانی مادەی ٤٠٦ یاسای سزادانی عێراقی ڕاگیراوە.



ڕیکلام