نرخی ئەمڕۆی نەوت لە بازاڕەکانی جیهاندا

  2021-05-12  | 
 تۆڕی هەواڵی ژیان
بەراورد بە دوێنێ سێشەممە، نرخی ئەمڕۆی نەوت لە بازاڕەکانی جیهان زیاتر لە دۆلارێک بەرزبووەتەوە .

بەپێی داتای بۆرسەکانی جیهان، ئەمڕۆ چوارشەممە ١٢ی ٥ی ٢٠٢١، هەر بەرمیلێک نەوتی خاوی برنت بە ٦٨ دۆلار و ٥٩ سەنت مامەڵەی پێوەدەکرێت .

هاوکات نرخی هەر بەرمیلێک نەوتی خاوی ئەمریکاش بە ٦٥ دۆلار و ٣٥ سەنت دیاریکراوە .

لە چەند رۆژی رابردوودا نرخی نەوت لە بازاڕەکانی جیهاندا بەشێوەیەکی بەرچاو بەرزبووەوە و نرخی هەر بەرمیلێک نەوتی خاوی برنت بۆ نزیکەی ٧٠ دۆلار بەرزبووەوە .

شیکەرەوانی دۆخی ئابوری ئاماژە بەوە دەکەن، چاوەڕوان دەکرێت نرخی نەوت لە بازاڕەکانی وزەدا زیاتریش بەرزبێتەوە، بە تایبەت دوای ئەوەی خواست لەسەر سوتەمەنی بۆ ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و ئەوروپا زیاتر بووە .

لەو چوارچێوەیەشدا چەند ویلایەتێکی ئەمریکا لە ئامادەکاریدان بۆ کەمکردنەوە و سوککردنی کۆتوبەندەکان، کە بەهۆی پەتای کۆرۆناوە سەپێنراون، یەکێتی ئەوروپاش لە ئامادەکاریدایە بۆ پێشوازیکردن لەو گەشتیارە بیانیانەی کە ڤاکسینیان وەرگرتووە .

بەرزبوونەوەی نرخی نەوت کاریگەری گەورەی لەسەر ئابوری عێراق و هەرێمی کوردستان دەبێت بەوپێیەی زۆرینەی داهاتیان پشت بە فرۆشتنی نەوت دەبەستێت.



ڕیکلام