راگەیاندراوێک لە وەزارەتی پێشمەرگەوە لەسەر هێرشەکەی شەوی رابردووی داعش

  2021-05-12  | 
 تۆڕی هەواڵی ژیان
وەزارەتی پێشمەرگەی هەرێم رایگەیاند، لەئەنجامی بوونی بۆشایی ئەمنی لەنێوان سەنگەرەکانی هێزی پێشمەرگەی کوردستان و سوپای عێراقی، داعش توانیویانە خۆیان ڕێکبخەنەوە و لەئێستادا لەشێوەی گروپ و مەفرەزەی جۆراوجۆر دەرکەوتوونەتەوە.

وەزارەتی پێشمەرگەی هەرێم راگەیاندراوێکی لەبارەی هێرشەکانی شەوی رابردووی داعشەوە بڵاوکردەوە و تیایدا هاتووە، "لەماوەی رابردوودا، چەندین جار هۆشداریمان دابوو لەئەنجامی بوونی بۆشایی ئەمنی لەنێوان سەنگەرەکانی هێزی پێشمەرگەی کوردستان و سوپای عێراقی، تیرۆریستانی داعش توانیویانە خۆیان ڕێکبخەنەوە و لەئێستادا لەشێوەی گروپ و مەفرەزەی جۆراوجۆر دەرکەوتونەتەوە، بۆ سەلماندنی ئەو ڕاستیەش، ماوە ماوە کردەوەیەکی دڕندانەی تیرۆریستی ئەنجام دەدەن . "

وەزارەتی پێشمەرگە ئەوەشی خستووەتەڕوو، "کاتژمێر ١٠ و ٣٠ خولەکی شەوی ١١ی ئایاری ٢٠٢١ تیرۆریستان پەلاماری سەنگەرێکی لیوای ١١٦ی هێزی پێشمەرگەی کوردستانیان دا، لەسنوری قەزای کفری و لەئەنجامی ئەو پەلامارە ترسنۆکانەیە، پێشمەرگەیەک بەناوی (محسن حسێن گەرەوەیی) شەهیدبوو."

ئەوەش هاتووە، "پەلامارەکە لەلایەن هێزەکانی پێشمەرگەوە، بەرپەرچ  دراوەتەوە و تیرۆریستان راونران."

دەشڵێن، "جارێکی تر دوپاتی دەکەینەوە، تیرۆرستان جوڵە و بزاوتەکانیان زیادبووە و لەئێستادا شێوازی شەڕو پەلاماردانیان گۆڕیوە و بەردەوام مەترسی دروست دەکەن."

لە راگەیاندراوەکەدا جەخت دەکەنەوە، بۆ رێگریکردن لەو رووداوانە و تێکشکاندنی تەواوەتی چەکداران پێویستیان بە رێککەوتنێکی گشتگیر و هەمەلایەن، لەگەڵ سوپای  عێراقدا هەیە .

باس لەوەشکراوە، کە هێزی پێشمەرگە لەئاست ئەو کردەوانە بێدەنگ نابێت و لەکاتی خۆیدا وەڵامی توندی دەبێت.

 کاتژمێر ١٠ی شەوی رابردوو چەکدارانی داعش لە سنوری ناحیەی زینانە هێرشیانکردە سەر هێزەکانی پێشمەرگە و لە ئەنجامدا پێشمەرگەیەک شەهید بوو و پێشمەرگەیەکی دیکەش بریندار بوو.


ڕیکلام