ئەرمینیا منداڵ و نەوجەوانانی هەرێمی کوردستان فێری ئای تی دەکات

  2021-05-14  | 
 تۆڕی هەواڵی ژیان
بڕیارە ئەرمینیا ئەزموونی خۆی بە ئەلکترۆنیکردنی حکومەت و پەرەپێدانی تەکنەلۆژیای زانیاری بۆ حکومەتی هەرێم بگوازێتەوە و نەوجەوانانی هەرێمی کوردستانیش فێری ئای تی و تەكنەلۆژیای زانیاری بکات.

شاندی حکومەتی هەرێم بەسەرۆکایەتی قوباد تاڵەبانی لە میانەی سەردانەکەیدا بۆ کۆماری ئەرمینیا،  بە جیا لەگەڵ مهر گریگۆریان، جێگری سەرۆک وەزیران و هایک چۆپانیان، وەزیری پیشەسازیی تەکنەلۆژیای زانیارییەکانی ئەو وڵاتە کۆبووەوە و لەگەڵ هەردوولا گەیشتنە كۆمەڵێك رێككەوتنی سەرەتایی .

لە هەردوو کۆبوونەوەکەدا بڕیاردرا تیمی هاوبەش لەنێوان هەرێمی کوردستان و وڵاتی ئەرمینیا دروست بکرێت بە مەبەستی گواستنەوەی ئەزمونی ئەرمینیا لەڕووی بە ئەلکترۆنیکردنی حکومەت و پەرەپێدانی تەکنەلۆژیای زانیاری .

لەتەوەرێکی تردا، باسی پێکەوەبەستنی زانکۆ پۆلی تەکنیکییەکانی کوردستان و ئەرمینیا كرا بەمەبەستی ئەنجامدانی کاری هاوبەشی زانستی .

هەر درێژەی سەردانەکەیدا بۆ ئەرمینیا، هەر ئەمڕۆ شاندەکەی هەرێم لەگەڵ شاندێکی یەکێتی کۆمپانیا پێشكەوتووەکانی بواری تەکنەلۆژیای زانیارییەکانی ئەرمینیا کۆبووەوە و رێککەوتنێکی سەرەتایی کرا بۆ ئەوەی کۆمپانیاکانی ئەرمینیا بێنە هەرێمی کوردستان و لە چوارچێوەی پڕۆژەیەکی بەرفراواندا منداڵ و نەوجەوانانی تەمەن 10_18 ساڵان فێری ئای تی و تەكنەلۆژیای زانیاری بكەن کە ئەمە پرۆگرامێکی تایبەتی کۆماری ئەرمینیایە .

سەردانەکەی قوباد تاڵەبانی بۆ کۆماری ئەرمینیا لەسەر بانگهێشتی فەرمی حکومەتی ئەرمینیایە و سێ رۆژ دەخایەنێت. لەم سەردانەدا هەر یەکە لە دارا رەشید وەزیری پلاندان و ئومێد سەباح سەرۆکی دیوانی ئەنجومەنی وەزیران یاوەری جێگری سەرۆک وەزیرانن .



ڕیکلام