ئەمریکا گەمارۆی لەسەر 5 بەرپرس و کۆمپانیای ئێرانی هەڵوەشاندەوە

  2021-06-11  | 
 تۆڕی هەواڵی ژیان
وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا ڕایگەیاندووە، گەمارۆی لەسەر 5 بەرپرس و کۆمپانیای ئێرانی هەڵوەشاندووەتەوە.

 وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا لە بەیاننامەیەکدا  ڕایگەیاندووە، هەڵوەشاندنەوەی گەمارۆکان لەسەر بەرپرسانی پێشوو، پابەندی بە کەم کردنەوەی گەمارۆکان لەسەر تارانە و لە ئەنجامی گۆڕانی دۆخ یان هەڵسوکەوتی لایەنەکان ئەنجام دەدرێت.

هاوکات ، وەزارەتی خەزێنەی ئەمریکا جگە لە ئەوە ڕایگەیاند کە ناوی سێ بەرپرسی پێشووی دەولەتی ئێرانی لە لیستی گەمارۆکان دەرهێناوە. ئەو کەسانە بریتین لە ئەحمەد قەلعەبانی کارگێڕی پێشووی کۆمپانیای نەتەوەیی نەوتی ئێران، فەرزاد بازرگان لە بەرپرسانی پێشووی کۆمپانیای هۆنگ کۆنگ ئینترترید لقێکی کۆمپانیای بازرگانی نەوتی ئێران و محەمەد موعینی لە بەرپرسانی پێشووی کۆمپانیای بازرگانی نەوتی ئێران.

ئەمەش لە دوای ئەوە دێت پێشتر وەزارەتی خەزێنەی ئەمریکا لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاند، سزای ئابوری بەسەر چەند  کۆمپانیا و سەرمایەدارێک سەپاند کە یارمەتیداری دارایی فەیلەقی سوپای قودس و ئەنساروڵڵای یەمەنیان دابوو.

 وەزارەتەکە ڕاشیگەیاندبوو، ئەو گرووپە دەیان ملیۆن دۆلاری لە فرۆشی کاڵای وەکوو نەوتی ئێران داهاتی هەیە کە بەشێکی گەورەی لە ڕێگای سەڕافییەکانەوە لە چەندین وڵات دەگاتە دەستی حوسییەکان لە یەمەن.

ئەو کەسانەی کە گەمارۆ دراون، بریتین لە دوو هاووڵاتی یەمەن و دوو هاووڵاتی سووریا و هەروەها لە وڵاتانی ئیمارات، سومالیا و هیندستان هەر کامەیان یەک کەس و هەروەها چوار کۆمپانیا لە شارەکانی دۆبەی، ئەستەنبۆڵ و سەنعا و پاپۆڕێک.



ڕیکلام