ئیدارەی بایدن لە هەوڵی هەڵوەشاندنەوەی مۆڵەتی بەکارهێنانی هێزی سەربازییە لە عێراق

  2021-06-15  | 
دۆسیە:  عێراق
 تۆڕی هەواڵی ژیان
ئیدارەی جۆ بایدن سەرۆکی ئەمریکا ڕایگەیاند، پشتیوانی ئەو هەوڵانەی ناو گۆنگرێسی وڵاتەکەی دەکات، بۆ هەڵوەشاندنەوەی ڕێگەپێدانی بەکارهێنانی هێزی سەربازیی لە عێرا ق، کە لە ساڵی ٢٠٠٢ ڕێگەی دا بە جەنگی سەر عێراق.

لە بەیاننامەیەکدا کۆشکی سپی ڕایگەیاند، ئیدارەی ئەمریکا پشتیوانی هەڵوەشاندنەوەی مۆڵەتی ساڵی ٢٠٠٢ بە تەنها  پشت نابەستێت بە چالاکییە سەربازییەکانی ئێستای ئەمریکا، وەک بنەمایەکی یاسایی ناوخۆیی، بە هەمان شێوە هەڵوەشاندنەوەی مۆڵەتەکە کاریگەریی نابێت لەسەر ئۆپراسیۆنە سەربازییەکانی ئێستا.

بە گوێرەی دەستوری ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، دەسەڵاتی داوەتە کۆنگرێس بۆ ڕاگەیاندنی جەنگ، بەڵام کۆنگرێس مۆڵەت و دەسەڵاتەکانی داوەتە دەستی سەرۆک بۆ ئەوەی بەکاریان بهێنێت، کە تا ئیستاش هەندێک لەو مۆڵەتپێدانانە کاریان پێدەکرێت، وەک مۆڵەتی هێرشکردنە سەر عێراق لە ساڵی ٢٠٠٢، هەروەها ڕێوشوێنەکانی شەڕی دژی ڕێکخراوی قاعیدە دوای هێرشەکانی ١١ی سێپتەمبەر لە ساڵی ٢٠٠١.

بەیاننامەکەی کۆشکی سپی ئاماژەی بەوەشکردووە، ئیدارەی بایدن پشیتوانی تەواو دەکات لەو بڕیارە و دڵنیاشە کۆنگرێس تێگەیشتنێکی ئاشکرا و هەمە لایەنەی هەیە، سەبارەت بەو مەترسیانەی کە روبەڕووی هێزەکانی ئەمریکا و بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا دەبنەوە لە جیهاندا.

هاوکات کۆشکی سپی ئاماژەی بەوەشکردووە، لە میانی کارکردنی نێوان ئیدارەی بایدن و کۆنگرێس بۆ هەموارکردنی ئەو ڕێگەپێدانانەی ئێستا، گرنگە پارێزگاری بکرێت لە دەسەڵاتێکی ئاشکرا، بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی مەترسییەکانی بەردەم ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و پاراستنی بەرژەوەندییە نیشتیمانییەکان، ئەویش لەڕێگەی بەکارهێنانی هێزی سەربازیی یەکلاکەرەوە و کاریگەر لە کات و ساتی گونجاودا.

چاوەڕوانیش دەکرێت لەم هەفتەیەدا ئەنجومەنی نوێنەران دەنگبدات لەسەر ئەو پڕۆژە یاسایەی کە (باربارا لی) ئەندامی دیموکراتەکان پێشکەشیکردووە، بۆ هەڵوەشاندنەوەی ڕێگەپێدانی جەنگی عێراق، بەڵام هیچ وادەیەک دیاری نەکراوە بۆ سەیرکردنی یاساکە لە لایەن ئەنجومەنی پیرانەوە.

ئەنجومەنی نوێنەران لە ساڵانی ٢٠١٩ و ٢٠٢٠ دەنگیدا لەسەر هەڵوەشاندنەوەی ڕێگەپێدانی جەنگی عێراق، بەڵام ئەنجومەنی پیران رەزامەند نەبوو لەسەری، لە ئێستاشدا ئەنجومەنی پیران لە لایەن کۆمارییەکانەوە کۆنترۆڵکراوە و زاڵن بەسەریدا.



ڕیکلام