رێكخراوی 17ی شوبات: لە شەش مانگی رابردوو 38 پێشێلكاری جۆراوجۆری مافی مرۆڤ لە هەرێم تۆماركراوە

  2020-07-04  | 
 تۆڕی هەواڵی ژیان
رێكخراوی 17ی شوبات ئامارەكانی پێشێلكردنی مافی مرۆڤی لە هەرێمی كوردستان لە شەش مانگی سەرەتای ئەمساڵ بڵاوكردەوە و رایگەیاند پارتی و یەكێتی بۆ پێشێلكردنی مافەكانی مرۆڤ بە ئەنجامدەری سەرەكییان دەزانین.

رێكخراوی 17ی شوبات كە رێكخراوێكی مافی مرۆڤە و لەسەر ئاستی ناوخۆ و دەرەوەی وڵات كار لەسەر مافەكانی مرۆڤ دەكات راشیگەیاند لەو ماوەیەدا 38 پێشێلكاری جیاواز ئەنجامدراون.

لە سەرەتای راپۆرتەكەدا ئەو رێكخراوە دەڵێت راپۆرتەكە "تەواوی پێشێلكارییەكانی مافی مرۆڤ لەهەرێمی كوردستان پۆڵێن دەكات بۆ دووجۆر: راستەوخۆ و ناراستەوخۆ. جۆری یەكەم ئەو پێشێلكارییانە دەگرێتەوە كە ڕاستەوخۆ دەسەڵات لێی بەرپرسە و ئەنجامی دەدات نمونەی تیرۆری سیاسی و تەقەكردن لەخۆپێشاندەران. جۆری دووەم ئەو پێشێلكارییانە دەگرێتەوە كە ناراستەوخۆ بەرپرسیار دەبێت وەكو خۆكوشتن بەهۆی هەژاری و كوشتنی ژنان و گیانلەدەستدانی هاونیشتیمانیان لەڕێگەی هەندەران."

رێكخراوەكە لە ئامارەكانی مانگی یەكی ئەمساڵدا ئاماژە بە شەش پێشێلكاری دەكات كە لە ناوچە جیاوازەكانی هەرێمی كوردستان تۆمار كراوە و لە مانگی دوویشدا تەنها دوو پێشێلكاری تۆماركراوە.

لەبارەی پێشێلكاریەمكانی مانگی ئازار ئەو رێكخراوە رایگەیاندووە ئامارەكان لەو مانگەدا بەرزبوونەتەوە و نۆ پێشێلكاری تۆماركراوە، لە مانگی نیشانیش حەوت پێشێلكاری تۆماركراوە كە یەكیان گیان لەدەستدانی مستەفا سەلیمی بووە.

لە مانگی ئایار پێشێلكاری زۆر بەرامبەر خۆپیشاندەرانی دهۆك كراوە ئاماژەی بەوە كردووە لەو مانگەدا سیچ پێشێلكاری تۆمار كراوە بەڵام یەكێان دەستگیر كردنی 60 چالاكوانی دهۆك بووە، لە كۆتا مانگیشدا 11 پێشێلكاری هەبووە كە زۆرترین پێشێلكاری لەو مانگەدا بووە.

رێكخراوەكە بەبیریشی هێناوەتەوە "عێراق و هەرێمی كوردستان لەناویدا لە لیستی ڕەشدایە بۆ ساڵی 2020 بەگوێرەی ڕێكخراوی پەیامنێرانی بێسنوری نێودەوڵەتی و ڕیزبەندی 162مین وڵاتی گرتووە لەكۆی 180 وڵاتی جیهان لە خراپی رەوشی كاری رۆژنامەگەریی و پێشێلكارییەكانی مافی مرۆڤ. هەروەها، بەپێی ڕیزبەندی فریدەم هاوس ئازادی سیاسی و ئازادی رادەربڕین لە هەرێمی كوردستان و عێراق نیە".

وەك هەڵوێستی رێكخراوەكە لە كۆتاییدا دەڵێت "هەر دوو حزبی دەسەڵاتی یەكێتی نیشتیمانی كوردستان و پارتی دیموكراتی كوردستان لە هەردوو زۆنی سەوز و زەرد بە بەرپرس و ئەنجامدەری سەرەكییان دەزانین لەم تیرۆرو ترس و تۆقاندن و پێشێلكارییانەی كە ئەنجامدەدرێن دژ بە هاونیشتیمانیان بەگشتی و رۆژنامەنوسان و چالاكوانان بەتایبەتی".


ڕیکلام