باڵیۆزی ئەمریكا لە بەغداد: ئەمریكا نرخی دۆلار و دینار دیاری ناكات‌

  2023-01-24  | 
دۆسیە:  نرخی دۆلار
 تۆڕی هەواڵی ژیان
باڵیۆزی ئەمریكا لە بەغداد رایگەیاند، "ئەمریكا نرخی دۆلارو دینار دیاری ناكات‌و سزای بەسەر بانكی ناوەندی لە عێراق نەسەپاندووە".

 ئەلینا رۆمانوسکی باڵیۆزی ئەمریكا لە بەغداد لە دیدارێکدا رایگەیاند، ئەمریكا نرخی دۆلارو دینار دیاری ناكات‌و سزای بەسەر بانكی ناوەندی لە عێراق نەسەپاندووە، بەڵكو گەیشتووە بە میكانیزمێك بۆ بەهێزكردنی كەرتی بانكیی عێراق، ئەمە چەند ساڵێكی خایاندووە‌و بۆ ئەوەیە یارمەتی عێراق بدات لە پابەندبوون بە سیستمی بانكیی جیهانی‌و گەرەنتی رێگریكردن لە بەكارهێنانی سیستمی بانكیی بۆ شتنەوەی پارەی گەلی عێراق‌و ئاودیوكردنی بۆ دەرەوە.

 ئاماژەی بۆ ئەوەش كرد، "ئەم رێوشوێنانە بەر لە دوو ساڵ دەستیپێكردووە‌و بەشێوەیەكی پلە بەپلە لەلایەن بانكەكانی عێراقەوە جێبەجێ كراوە، ئەمەش بەگوێرەی رێككەوتن لەنێوان بانكی فیدراڵی ئەمریكا‌و بانكی ناوەندیی عێراق".

وتیشی، "ئەمریكا لەگەڵ لایەنی عێراقیدا هەوڵی رێگریكردن لە شتنەوەی ئەو پارانە دەدات كە بۆ گەلی عێراقی دەگەڕێنەوە، هەروەها رێگریكردن لە ئاودیوكردنی، سەرەنجمان خستوەتە سەر دۆسیەی گەندەڵی لە عێراق‌و ئەوەی رویدا رێكەوت بوو لەگەڵ دەستبەكاربوونی محەمەد شیاع سودانی لە پۆستی سەرۆك وەزیراندا".