مەسعود بارزانی: دادگای فیدراڵی هەڵوێستێکی دوژمنکارانەی دژی هەرێم ئەنجامدا

  2023-01-25  | 
 تۆڕی هەواڵی ژیان
سەرۆکی پارتی نیگەرانی قوڵ دەردەبڕێت و بەتوندی هێرش دەکاتە سەر دادگای باڵای فیدراڵی عێراق و دەڵێت، جێگەی داخە جارێکی تر دادگەی فیدڕاڵیی عێراق هەڵوێستێکی تری دوژمنکارانەی بەرانبەر هەرێمی کوردستان نیشان دا


 دەقی راگەیندراوەکەی مەسعود بارزانی سەرۆکی پارتی : 
 
بەناوی خودای بەخشندە و میهرەبان

جێگەی داخە جارێکی تر دادگەی فیدڕاڵیی عێراق هەڵوێستێکی تری دوژمنکارانەی بەرانبەر هەرێمی کوردستان نیشان دا و، ڕێگری لەوە کرد ئەو بڕە پارەیە بۆ هەرێم بێت کە بڕیار بوو لە لایەن حکوومەتی فیدڕاڵەوە بۆ هەرێمی کوردستان بنێردرێت.

لێرەدا مەبەست بڕە پارە نیە بەڵکو، کێشە سەرەکییەکە پێشێلکردنی ماف و پڕەنسیبە. هەموو لایەک ئاگادارن کە بەشداریی ئێمە لە هاوپەیمانێتیی ئیدارەی دەوڵەت و پێکهێنانی حکوومەتی نوێی عێراق، لەسەر بنەمای بەرنامەیەکی ڕوون و تێروتەسەل بووە کە هەموو لایەنەکان ڕێککەوتنیان لەسەر کردووە. دابینکردنی بەشێک لە شایستە دارییەکانی هەرێمی کوردستانیش کە مافێکی ڕەوای خەڵکی کوردستانە، بەشێک بووە لەو بەرنامەیە و ڕێککەوتنی لەسەر کراوە. بۆیە بڕیارەکەی ئەمڕۆی دادگەی فیدڕاڵ، بەر لەوەی دژی هەرێمی کوردستان بێت، دژی پڕۆسەی سیاسی و دژی حکوومەتی عێراقی و دژی بەرنامەی خودی هاوپەیمانێتیی ئیدارەی دەوڵەتیشە.

جێگەی سەرسوڕمانە هەر کات کەشێکی ئیجابی لەنێوان هەرێم و بەغدا دروست بووبێت و دەرفەتێک بۆ چارەسەریی گرفتەکان هاتبێتە ئارا، دەستبەجێ دادگەی فیدڕاڵی کاری بۆ تێکدانی ئەو دەرفەتە کردووە و بە بڕیارێکی دوژمنکارانە دەرفەتەکەی لەبار بردووە و بووەتە هۆی ئاڵۆزتربوونی کێشەکان. دیارە ئەجیندایەکی گوماناوی جێبەجێ دەکات و جێگەی دادگەی شۆڕش (محکمە الپورە)ـی ڕژێمی پێشووی گرتووەتەوە.

لێرەدا داوا لە حکوومەتی عێراقی و لایەنە پێکهێنەرەکانی هاوپەیمانێتیی ئیدارەی دەوڵەت دەکەم هەڵوێستی خۆیان لەمەڕ ئەو پێشێلکاری و دژایەتیکردنە نیشان بدەن کە لەلایەن دادگەی فیدڕاڵی لە دژی بەرژەوەندییەکانی عێراق و هەرێمی کوردستان ئەنجام دەدرێت.

مسعود بارزانی
٢٥ی کانوونی دووەمی ٢٠٢٣



ڕیکلام