لۆبی بۆ هەڵەبجە دەكرێت

  2023-04-01  | 
دۆسیە:  کوردستان
 تۆڕی هەواڵی ژیان
بڕیارە سبەی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق كۆببێتەوە و خوێندنەوە بۆ پرۆژەیاسای بە پارێزگاكردنی هەڵەبجە بكات و بە پەسندكردنی عیراق دەبێتە 19 پارێزگا

ئامانج رەحیم سكرتێری ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێم لە پەڕەی تایبەتی خۆی لە تۆڕی كۆمەڵایەتی فەیسبووك دەڵێت: "رۆژی یەكشەممە 2-4-2023 ئامادە دەبین لە بەغدا لە كۆبونەوەی ژمارە 17ی ئەنجومەنی نوێنەران لەگەڵ دڵسۆزانی هەڵەبجە وهەڵەبجەییەكان لە خزمەت فراكسیۆن وكوتلە جیاوازەكانی ئەنجومەنی نوێنەران، كە بڕیارە خوێندنەوەی یەكەم بۆ پڕۆژە یاساكە بكرێت".

دەشڵێت، "كار دەكەین لە پێناو لۆبیكردن بۆ زوو تێپەڕاندنی پڕۆژە یاسای هێنانە كایەی پارێزگای هەڵەبجە لە كۆماری عیراق وپێدانی سیفەتی استعجال بە پڕۆژە یاساكە و بە زمانی عەرەبیش راپۆرتێكی تێروتەسەلمان ئامادە وچاپ كردوە و دابەشی دەكەین بەسەر سەرۆك كوتلە وئەندام پەرلەمانەكاندا كە تیایدا چوارچێوەی دەستووریی و یاسایی وئیداریی و قۆناغەكانی بابەتەكەمان خستۆتەڕوو بە خستنەڕووی ئەو ماددە دەستوریانەی پشتیوانی پڕۆژەكە دەكات و هەموو ئەو بڕیار و دۆكیۆمێنتانەی كە پێشتر بۆ ئەم بابەتە دەرچوون لەسەر ئاستی عیراق وهەرێم، لەگەڵ خستنەڕووی ژێرخانی ئیداری پارێزگاكە وكورتەیەك لە مێژووی هەڵەبجە و قوربانیەكانی وپڕۆژە وپێداویستیەكانی هەڵەبجە لە رووی ئاوەدانكردنەوە و بنیاتنانەوە و وەبەرهێنان و رەخساندنی هەلی كار بۆ رۆڵەكانی ئەو شارە بریندارە تا لە پڕۆژە یاسای بوودجەی عیراق بۆ ساڵی 2023 جێیان بكەینەوە".


ڕیکلام